|
|
شه‌قام
رێبوار که به ته‌واوی تووڕه بووه و خه‌م و خه‌فه‌ت له نا‌و چاوی
ده‌بارێ، زرم ده‌رکه‌ی حه‌وشه‌که‌یان ئه‌دابه‌یه‌کا و هه‌ر که دوو هه‌نگاو
له ده‌رکه‌که دوور ده‌که‌وێته‌وه جگه‌ره‌یه‌ک دائه‌گرسێنێ و زه‌ڕه‌یه‌ک
چاوی ئه‌قونجێنێ، ئاخر تیشکی دوانیوه‌ڕۆی به‌هاران که له‌سه‌ر بانی
ماڵه‌کان هه‌ڵده‌خزێ و خۆ ئه‌دا به گلێنه‌ی مرۆڤدا زۆر تیژه.
له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌ڵێ: قوڕ به‌سه‌ر من بۆ خۆم و ژنم، ناله‌باری لووت
قه‌یسی لێو قرتاو. ناکاو گه‌رده‌لولێک له سارای مێشکی ساز ده‌بێ و بۆنی
بیره‌وه‌ری کۆن بڵاو ده‌کاته‌وه و وای لێ ده‌کا که ته‌نانه‌ت وا هه‌ست
بکا که بای دێ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه جگه‌ره‌که‌ی له نا‌و مشتی حه‌شار
ئه‌دا که به باکه گڕی جگه‌ره‌که‌ی لاواز نه‌بێ.
-
رۆڵه گیان به‌فریش جوانه سه‌گ پیسی ده‌کا.
-
نازانم، ئه‌ترسم وانه‌بێ.
هه‌ر وت‌ووێژه کۆنه‌کان و بیره‌وه‌ریه‌کان دێن و ده‌ڕۆن تا له‌سه‌ر شه‌قام
به ده‌نگێک دێته‌وه به خۆ‌یا:
-
ئه‌م کاته‌ت باش کاک رێبوار
-
سڵاو کاک حه‌مه ماندوو نه‌بی، هه‌موو کاتێکت باش
رێبوار له دڵه‌وه زۆر شاد ده‌بێ که حه‌مه‌ی دیوه و ده‌توانێ چه‌ن
کاتژمێر کاته‌کان بکوژێ و بیر له خه‌فه‌ته‌کانی نه‌کاته‌وه، به‌ڵام
هه‌رچیێک ده‌کا ناتوانێ ئه‌م شاد بوونه له ئاکاریشدا نیشان بدا.
دوو هاوڕێ ده‌که‌ونه یه‌ک و دووری شه‌قامه‌کان به قسه خۆشه‌کان کورت
ده‌که‌نه‌وه و تاو تاو پێ‌ده‌که‌نن و تاوتاویش بێ‌ده‌نگ بیری
به‌وبه‌ختیه‌کانی خۆیان ده‌که‌ونه‌وه.
-
به‌و خوا کاک رێبوار پێم وابی بڕێک ماتی، کاکه ئه‌گه‌ر ماتی بۆ هاتی؟!
-
وه‌ڵا چی عه‌رز که‌م، نا مات نیم!
-
کوڕه برا چی مات نیت! ئه‌ونده ماتی له‌وانه‌یه ئه‌م سه‌رخۆشیه‌ش له‌سه‌ر
من په‌ڕێنی.
-
ئێ ئێ که واته خواردووته‌ته‌وه!
حه‌مه به ئه‌سپایی چاو هه‌ڵێنێ و ده‌ڵێ: ئا ئا بێ تۆ ناخۆش.
-
کاکه خۆشت بێ ، هه‌ر له ئه‌وه‌ڵه‌وه بۆنی ده‌هات به‌ڵام رووم نه‌بوو
ده‌نگ بکه‌م.
ماوه‌یه‌کی‌تر دیسان قسه ده‌که‌ن و حه‌مه هه‌ر قسه‌ی خۆش ده‌کا و قاقا پێ
ده‌که‌نێ و رێبوار هه‌رچی ده‌کا به‌و قسانه زه‌رده‌خه‌نه‌یش نایگرێ چ بگا
به قاقا کێشان، به‌ڵام له زۆر کۆمه‌ڵگادا هه‌ندێ جار مرۆڤ مه‌جبووره
له‌به‌ر جه‌ماوه‌ر پێ‌که‌نێ یان خۆی خه‌مۆک نیسان بدا و رێبواریش هه‌ر به
پێ‌ی ئه‌م دیسیپلینه سه‌ره‌کیه‌وه به زۆر به شێوه‌یه‌ک که دیاره
زه‌رده‌خه‌نه‌که‌ی له‌به‌ر دڵی حه‌مه‌یه خۆی شاد نیشان ئه‌دا.
یه‌ک دوو شه‌قامی‌تر و دیسان حه‌مه به شێوه‌یه‌ک که وانیشان ئه‌دا به
وه‌ڕه‌س هاتووه ده‌ڵێ: به‌خوا کاکه ئیتر ئه‌بێ پێم بڵێی چ بووه، ئه‌رێ
برا به‌وا ئه‌که‌ی؟!
-
کوڕه کاکه چ بڵێم، بۆ کونێک هه‌زار کونم کرده خۆم.
-
ئه‌ی خوا هاوار هه‌ی ، جا باشه بۆ؟
-
کوڕه کاکه گیان خۆ تۆ هاوڕێمی غریبه نیت، وه‌ڵاهی سپێ هه‌مووکات له
گیرفانم‌دا پیاسه ده‌کا و هه‌ندێ جاریش محه‌له‌ق لێ ئه‌ده‌ن و ئه‌و ژنه‌یش
ئیتر به ته‌واوی شێتی کردووم.
-
حائێ، جا ئه‌وانه خه‌م خواردنی بۆ چییه؟ بیان کوژه؟!
ئه‌م جار ئیتر هه‌ردووکیان به‌یه‌که‌وه قاقا پێ‌ئه‌که‌نن.
ئێستا ئیتر نزیکه‌و شه‌قامه سه‌ره‌کیه‌کانی شار بوونه‌ته‌وه و خه‌ڵک وه‌ک
مێلوره دێن و ده‌ڕۆن و گه‌ر مرۆڤ له‌سه‌ره‌وه تماشایان بکا وا تێ‌ده‌گا
هیچیان ئارامشی هزریان نییه و شێواون و ئه‌مانیش خۆ ده‌خه‌نه نا‌و رێچکه
شێواو و شه‌پۆله لار و گێڕی مرۆڤه‌کانه‌وه.
ئێستا ئیتر زۆر که‌متر به‌یه‌که‌وه قسه ده‌که‌ن، ئاخر هه‌م کجی جوان و
ژنی به لار و له‌نجه سه‌ر له قسه‌کانیان ده‌شه‌وێنێ و هه‌م تاوێ حه‌مه
ده‌که‌وێته به‌ره‌وه و تاوێ رێبوار و ناتوانن به‌یه‌که‌وه پیاسه بکه‌ن.
رێبوار که ده‌سی له پشتی ناوه و زۆر هێواش و ماقوڵانه یاری به
ته‌سبێحه‌که‌ی ده‌کا له پڕێکدا ته‌سبێحه‌که‌ی توندتر ده‌خولێنێته‌وه و
ده‌س له پشتی به‌رئه‌دا و هه‌نگاوی گه‌وره‌تر دائه‌نێ، له‌وه ده‌چێ شتێکی
سه‌یر یان خۆشی دیتبێ.
له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌ڵێ: گیان ئه‌شا ئه‌و نا‌و قه‌و باریکه هه‌ر له شمشاڵ
ئه‌چێ!
بۆ چه‌ن خوله‌ک هه‌ر به دوای دوو ژنه‌وه ده‌ڕوا و باش سه‌یریان ده‌کا و
هه‌ر له بیریشی نه‌مابوو که حه‌مه‌یشی له‌گه‌ڵ بوو تا حه‌مه پێ‌ی
ده‌گاته‌وه و
-
ئه‌رێ کاکه بۆ ئه‌ونده به په‌له‌یی؟
-
ئا ببووره کاکه، هه‌ر ئاگایشم لێ‌نه‌بوو ، تۆ ته‌ماشای ئه‌و جووته که،
هه‌ر له شێعری مه‌س ئه‌چن که هاتوونه‌ته سه‌ما!
-
ئه‌ی گیان ، به خوا هه‌ستیان جوڵانده‌ته‌وه.
ماوه‌یه‌کی باش رۆیشتن و خۆیشیان نه‌یانده‌زانی که ده‌بێ بۆ کوێوه بڕۆن،
ئاخر رێ و شوێن ئه‌و جووته سه‌ماکه‌ره هه‌ڵیان ئه‌بژارد و له ته‌واوی
ئه‌و ماوه‌دا رێبوار له‌وه بیری ده‌کرده‌وه که ئه‌گه‌ر ئه‌وه ژنی ئه‌م
بوایێ چ ده‌بوو؟ خۆ دیواری که‌عبه لار نه‌ده‌بوو و مانگ نه‌ده‌که‌وته
خواره‌وه؟! تازه ئه‌گه‌ر وابوایێ هیچ خه‌م و خه‌فه‌تێکیش نه‌یده‌وێرا
قه‌ره‌ی که‌وێ و هه‌موو کێشه‌کانی بنه‌بڕ ده‌کران.
به‌ناوه‌قه‌ی سلوقیه‌که گه‌یشتن و هه‌ر ملی رێبوار و ده‌یان رێبوار بوو
که ئه‌م لاولای ده‌کرد و کت‌وپڕ چاوی به ده‌نکێ له ژنه‌کان که‌وت
له‌وبه‌ر شه‌قامه‌که‌دا، له‌وه ده‌چوو له‌یه‌ک جیا بووبێتنه‌وه و ئه‌م
ده‌نکه‌یه‌ک که مابووه‌وه هه‌ر ئه‌و په‌ڕه‌سێلکه نه‌رم و نۆڵ و باڵ
ره‌نگینه بوو که دڵی رێبواری بردبوو.
حه‌مه‌یش له‌م ماوه‌دا بێکار نه‌بوو و زوو زوو سه‌رخۆشیه‌که‌ی به دیتنی
لار و له‌نجه ، نه‌رم و نۆڵی، قووت و گه‌ردن به‌رزی و چاوه جوانه‌کان
ده‌ته‌قانده‌وه!
رێبوار چووه ته‌نیشت حه‌مه و به گوێیدا چرپاندی:
-
ئێستا ئه‌ڕۆم و داوای بوون به رفێق له‌و ژنه ده‌که‌م
-
کوڕه مه‌حزی ره‌زای خوا، ئه‌مه چ ده‌ڵێ‌ی؟! من مه‌سم و تۆ سه‌رت
لێ‌شێواوه؟!
-
جا بۆ رۆژی ده‌یان شتی وا ده‌بێ
-
جا باشه ئه‌و ژنه و تۆیش خۆت ژنت هه‌یه!
رێبوار پێکه‌نی و به‌ده‌م پێکه‌نینه‌وه به ده‌نگێکی به‌رزتر وتی:
-
خۆشیه‌که‌ی هه‌ر له‌وه‌دایه.
-
حائێ...حائێ ... به خوا جوانه!
پاش چه‌ن خه‌له‌ک گه‌یشتبوونه شه‌قامێکی بێ ده‌نگ که سه‌یر ده‌بوا
سه‌ره‌و ژوور بڕۆن و جار به جارێک ماشینێک ده‌ینه‌ڕاندوو وه‌ک فیشه‌ک
ده‌رئه‌چوو، و جه‌ماوه‌ر ئیتر له‌م شه‌قامه‌دا زۆر که‌متر بوون. له‌وه
ده‌چوو ده‌رفه‌تێکی چاک بێ.
رێبوار به خۆشیێکه‌وه به حه‌مه‌ی گوت :
-
ئێستا پی ده‌ڵێم
حه‌مه وه‌ک مامۆستایه‌ک که تێ‌ده‌گا قسه‌کانی ئیتر هیچ بایه‌خێکیان
نییه، ده‌ڵێ:
-
خۆت ئه‌زانی به‌ڵام من له‌گه‌ڵت نایێم
ژنه‌که سه‌ری داخست بوو و له قه‌راخ شه‌قامه‌که‌دا خه‌ریک بوو ده‌چووه
ئه‌و به‌رۆ که رێبوار دوو سێ هه‌نگاو هه‌ڵات و بێ ئه‌وه‌ی ئاگای لێ بێ که
خه‌ریکه چ ده‌کا، هاواری کرد:
-
خانم ببووره!
ژنه‌که‌یش که ناز و لار و له‌نجه‌که‌ی وه‌های کردبوو که زه‌ویش شانازی
به‌وه ده‌کرد که هه‌نگاوی به‌سه‌ر ئه‌وا ده‌نا، به ئه‌سپایی سه‌ری
هه‌ڵچه‌ڕخان و له‌به‌ر خۆیه‌وه له‌و چرکه‌دا له‌وه بیری کرده‌وه که
ئه‌وه ده‌نگی رێبواری شووم بوو یان نا؟!
کت‌وپڕ به جیاتی وڵام، ئاوس بوونی زه‌وی به پێڵاوه‌کانی رێبوار و
په‌ڕه‌سێلکه باڵ ره‌نگینه‌که و نرکه‌ی بۆقی ماشینێکی قورس و زریکه‌ی
تورمز و زرم!!!
ته‌واو – گوڵانی 2709- سه‌قز
|