
|
|
رووبه‌ڕوو بوونه‌وه
خۆرخه لۆئیس بۆرخس
وه‌رگێڕ : خالیدخاکی
ئه‌وانه‌ی که
رۆژنامه‌کانی به‌ربه‌یانیان ده‌خوێننه‌وه له ده‌وروبه‌ری خۆ هه‌ڵدێن. یان
بۆ ئه‌و رۆژه‌ی که به‌رانبه‌ریان رواوه تۆشه‌یه‌ک له قسه‌ی ئاسایی
هه‌ڵده‌گرن، له‌م سونگه‌وه جێی سوڕمان نییه که ئیتر که‌سێ رووداوه به
ناوبانگه‌که‌ی "مانه‌کۆ ئوریارته"1 و"دونکان"2 ،
که سه‌رده‌مێ هه‌راوهوریایه‌کی زۆری رێخست، له بیر نه‌مابێ، یان هه‌گه
له بیریشی مابێ ئاوێته‌ی خه‌یاڵی نه‌کردبێ. جگه له‌وه‌یش ئه‌م رووداوه
ده‌وروبه‌ری ساڵی1910 رووی دا، ساڵێ که ساڵی هه‌ستێره‌ی به کلکه و
سه‌ده‌مین ساڵڕۆژی شه‌ڕه‌کانی سه‌ر به‌خۆیی بوو،و له‌و ده‌مه‌وه هه‌تا
ئێستا چه‌نا چتمان بووه و
له کیسمان چووه. هه‌ردوو لایه‌نی رووداو ئێستا فه‌وتاون و بینه‌رانی
رووداو قورس و قاییم سوێندیان خواردووه که باسی نه‌که‌ن.منیش ده‌ستم به
نیشانه‌ی سوێند خواردن هه‌ڵهێنا و گرینگایه‌تی ئه‌م نه‌ریته‌م به گشت
پته‌وایه‌تی خه‌یاڵیانه‌ی نۆ یان ده ساڵه‌ییم هه‌ست کرد.نازانم ئه‌وانی دی
ئاگایان لێ بوو که من بڕیارێکی وه‌هام داوه یان نا و نایشزانم که ئه‌وان له
سه‌ر بڕیاری خۆ مانه‌وه یان نه. هه‌رچۆنێ بێ ،چیرۆک به گشت ئاڵ و گۆڕێکی
داسه‌پێنراو که وه‌ختان و نووسراوه باش و خراپه‌کان هیناویانه‌ته
ئاراوه، ئاوایه:
کوڕی مامم "لافینور"3
ئه‌و شه‌وه منی بۆ میوانییه‌کی که‌باب و شه‌راب له ماڵێکی زۆزانی
به ناوی لۆڕێل که هینی یه‌کێ له هاڤه‌ڵانی بوو برد. شوێنه‌که‌ی دروست
نایه‌ته‌وه بیرم، ده‌کرێ هه‌رکام له شارۆچکه کانی باکوور دابنێین ، که
بێده‌نگ و پڕ له سێبه‌رن و له داوێنی ته‌پۆڵکه‌کانی قه‌راغ چۆما
هه‌ڵکه‌وتوون و هیچ چتێکیان له بۆئینۆس ئایرێسی گه‌وره و چیمه‌نه‌کانی
ده‌ورو به‌ری ناچێ. سه‌فه‌ری قه‌تار ئه‌وه‌نده‌ی خایاند که به لای
منه‌وه بێ کۆتایی ده‌ینواند،به‌ڵام سات و کات بۆ منداڵان - به‌و جۆره‌ی
که گشت ده‌زانن- هێدی تێده‌په‌ڕێ . کاتێ که له ده‌رکه‌ی گه‌وره‌ی خانوو
به ژوور که‌وتین ئیتر شه‌و بوو. هه‌ستم کرد که هه‌موو هێمانه سه‌ره‌تایی
و که‌ونینه‌کان له‌وێ کۆ بوونه‌ته‌وه. بۆنی گۆشتێ که ده‌برژا و ره‌نگی
قاوه‌یی به خۆوه ده‌گرت، داره‌کان ، سه‌گه‌کان ،تۆڵاش وسکڵ و ئاگرێ که
پیاوه‌کانی له ده‌وری یه‌ک کۆ ده‌کرده‌وه.
ژماری میوانان ده
دوازده که‌س بوون؛ هه‌موویان گه‌وره بوون. پاشتر تێگه‌ییشتم که
پیرترینه‌که‌یان سی ساڵی ته‌واو نه‌کردووه.زوو ده‌رکه‌وت که ئه‌وان
سه‌باره‌ت به چاره‌واکانی کێ‌به‌رکێ، به‌رگ‌دروه‌کانی به‌رۆژ، ترومبیل و
ژنانی ناوداری گران بایی ئاگادارییه‌کی تێروته‌سه‌لانه‌یان هه‌یه. ئه‌و
چتانه‌ی که هێشتا تا راده‌یه‌ک بۆ من نامۆ بوون. هیچکه‌س هه‌وڵی نه‌دا
که‌م‌ڕوویی من بتارێنێ، هیچکه‌س لای له من نه‌کرده‌وه. به‌رخێ که به
ئه‌سپایی و لێهاتوویی به ده‌ستی یه‌کێ له خزمه‌تکاران قه‌ڵخ کرا‌بوو
،تاوێکی زۆر ئێمه‌ی له هۆڵی نانخواردن راگرت. ساڵی خستنی شه‌راب له‌م
لاوله‌ولا قسه‌ی لێده‌کرا.گیتارێکیش هه‌بوو،و هه‌گه هه‌ڵه‌م نه‌کردبێ،
کوڕی مامم دوو سێ دانه له گۆرانیه‌کانی "ئێلیاس ره‌گوله‌س"4 ی
خوێند که سه‌باره‌ت به گاوانه‌کانی شوێنه دووره‌ده‌سه‌کانی ئۆرۆگۆیه
بوو و وێڕای ئه‌وانه چه‌ن شێعرێکی به زاراوه‌ی خۆماڵی و به شێوه‌ی
ره‌سه‌نی لاتانه‌ی ئه‌و ده‌مانه خۆێنده‌وه که سه‌باره‌ت به چه‌قۆکێشان
له قه‌حبه‌خانه‌یه‌کی شه‌قامی"خونین"5 بوو. قاوه و سیگاری
گه‌ڵاپێچیان هێنا. که‌س باسی رۆییشتنی نه‌کرد. هه‌ستم کرد که(به واته‌ی
"لوگۆنه‌س"6ی هۆنه‌ر)ناکاو ئێجگار دره‌نگه. نه‌مئه‌وێرا
بڕوانمه کاتژمێر. بۆ په‌رده دادانه‌وه له ته‌نیاییه منداڵانه‌که‌م له
ناو گه‌وره‌کانا، بێ ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی پێم خۆش بێ یه‌ک دوو پێکم‌هه‌ڵدا. ئوریارته به ده‌نگی به‌رز، پێشنیاری یارییه‌کی پۆکێری دوو که‌سی
به دونکان کرد. که‌سێ هه‌ڵیدایێ که با یارییه‌که چوارکه‌سی بێ. دونکان
گووتی باشه به‌ڵام ئوریارته، به پێ داگرتنێکی سه‌یر که نه تێیگه‌ییشتم
ونه ویستم که تێیبگه‌م بۆچی، ئه‌یویست یاریه‌که دوو قۆڵی بێت. جگه
له‌یاری درۆ کردن،یارییه‌ک که مه‌به‌ستی کات بردنه سه‌ر به فڕو فیشاڵه-
هه‌ر وه‌ها فاڵ گرتنه‌وه‌ی کاتی ته‌نیایی- هیچ کاتێ خۆشم له یاری به
وه‌ره‌ق نه‌هاتووه. بێ ئه‌وه‌ی که‌سێ ئاگادار بێ چوومه ده‌ره‌وه.
خانووێکی کۆن و دارماڵی کون و شوێن،نه‌ناسراو و تاریک (هه‌رهۆڵی چێشت
خواردن رووناک بوو) بۆ کوڕێکی میر منداڵ گه‌لێ سه‌رنج راکێشتره له
وڵاتێکی نوێ بۆ گه‌ڕیده‌یه‌ک. هه‌نگاو به هه‌نگاو، ژووره‌کانم پێوا،
ژوورێکی بیلیاڕد، داڵانێکی درێژ به شیشه‌ی چوار سوچی ئه‌ڵماس نوێنه‌وه،
دوو سێ که‌تی لانکۆڵه‌یی وده‌لاقه‌یه‌ک که ده‌کرا له‌وێوه که‌پرێک ببینیت
له یادما ماوه. له تاریکاییا رێم هه‌ڵه کرد، خاوه‌ن ماڵ، که ناوی ،به‌و
شێوه‌ی که پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه له یادما ماوه، ره‌نگه " ئاسه‌ڤه‌دۆ"7
یان "ئاسه‌باڵ"8 بووبێ، ئه‌نجام به له‌ونێک هاته به‌ر
ده‌مم. به پێی دلۆڤانی بێ یان به‌هۆی خۆنواندنی تایبه‌تی خاوه‌ن کۆگا
که‌ونینه‌کان منی برده به‌ر وه‌نه‌دییه‌ک. به داگرسانی چرا، بریسه‌ی پۆڵا
له چاوم درا. دیتم له‌و کۆگایه هه‌ندێ چه‌قۆی تایبه‌تی هه‌بوو که
ده‌مانێ پاڵه‌وانه به ناوبانگه‌کان که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتبوو. به‌منی گووت
که زه‌وییه‌کی له شوێنێکی باکووری نزیک "پێرگامینۆ"9 هه‌یه و
ئه‌م چه‌قۆیانه‌ی له هاتوچووه په‌یتاپه‌یتاکانی بۆ ئه‌وێ له شاره‌کانی
سه‌ر رێ ده‌ست خستووه. درگای وه‌نه‌دی کرده‌وه و بێ ئه‌وه‌ی بڕوانێته
ئه‌و نووسراوانه‌ی که له چه‌قۆکان درابوون، سه‌باره‌ت به هه‌ر کام
له‌وان هه‌ندێ ئاگاداری به من دا؛ جیا له برواره‌کان و ناوی شوێنه‌کان،
هه‌موو به زیاد و که‌مه‌وه لێک ده‌چوون. پرسیارم لێ کرد ئاخۆ له ناو
ئه‌م هه‌موو چه‌قۆدا ، چه‌قۆی "خوان مۆره‌یرا"10 یش هه‌یه؟
خوان مۆره‌یرا له‌و سه‌رده‌مه‌دا نمونه‌ی هه‌ندێ گاوان بوو.هه‌ر وه‌ها که
پاشتر "مارتین فیه‌ررۆ"11 و "دۆن سێگۆندۆسۆمبرا"12
وه‌ها بوون. ناچار بوو ددان به‌وه‌دا بنێ که ئه‌و چه‌قۆیه‌ی نییه و گووتی
که چه‌قۆیه‌کی مینا هه‌و به ده‌سکێکی
U شکڵه‌وه به‌من نیشان
ئه‌دات. ده‌نگه‌لێکی توڕه قسه‌که‌ی پێ قرتان، به په‌له درگای وه‌نه‌دی
به‌ست ورۆیی و منیش که‌وتمه دوای.
ئوریارته ده‌یقیژاند که
به‌رانبه‌ره‌که‌ی ویستوویه‌تی گزه بدات. گشت له ده‌ور ئه‌و دووه کۆ
ببوونه‌وه. له یادمه که دونکان له گشت جه‌ماوه‌ر درێژتر بوو و له شان
و مله گرده‌که‌ی که تێپه‌ڕین جوان خاس بوو؛ سه‌روچاوێکی سڕوساردی هه‌بوو،
قژی ئه‌وه‌نده کاڵ بوو که وه‌ک سپی ده‌چوو.مانه‌کۆ ئوریارته سه‌وزه و
ده‌مارگرژ بوو، خاوه‌ن سمێڵێکی ته‌سک و ناشیرین بوو. دیار بوو که گشت
مه‌ستن، نازانم دوو سێ بتڵی خاڵی له سه‌ر عه‌رز که‌وتبوو یان دیتنی زۆری
فیلمه سینه‌ماییه‌کان ئه‌م بۆچوونه هه‌ڵه‌ی بۆم ئاڤراندووه. ئوریارته
کۆتایی به جنێودان نه‌هێنا و جنێوه‌کانی به‌ره‌به‌ره پیستر و پیستر
ئه‌بوو. دونکان واده‌ینواند که نایبیسێ، به‌ڵام ئه‌نجام ته‌نگی پێ
هه‌ڵچنرا؛ هه‌ستا و مشتێکی لێدا. ئوریارته‌ی به عه‌رزا که‌وتوو به
ده‌نگێکی دوڕه‌گانه‌وه گووتی که ناتووانێ وه‌ڵامی ئه‌م بێ ئه‌ده‌بییه
نه‌داته‌وه و دونکانی بۆ شه‌ڕێکی ته‌واو بانگ هێشتن کرد.
دونکان داوه‌ته‌که‌ی
قوبووڵ نه‌کرد وپاشان وه‌ک ئه‌وه‌ی بیه‌وێ راڤه‌ی بکات گووتی: " خۆت
ئه‌زانی من له تۆ ده‌ترسم."ده‌نگی قاقای پێکه‌نینی هه‌مووان به‌رز
بووه‌وه.
ئوریارته له سه‌ر عه‌رز
هه‌ستا و گووتی: " ئه‌مه‌وێ هه‌ر ئێستا خه‌شی دڵی خۆ بڕژێنم."
که‌سێک – خوا له‌م
تاوانه‌ی خۆش بێت – گووتی که له‌م شوێنه به ئه‌ندازه‌ی پێویست چه‌ک
هه‌یه .
نازانم کێ چوو و درگای
وه‌نه‌دی کرده‌وه. مانه‌کۆ ئوریارته درێژترین و بریسه‌دارترین کێردی
هه‌ڵبژارد و ئه‌مه هه‌ر ئه‌وه بوو که مشتووه‌که‌ی به شکڵیU بوو؛ دونکان تاراده‌یه‌ک
ناده‌ربه‌ستانه کێردێکی مشتوو چێوینی هه‌ڵگرت که له سه‌ر تێغه‌که‌ی
وێنه‌ی دارێکی بچووک هه‌ڵکه‌ندرابوو. که‌سێکی تر گووتی که مانه‌کۆ
به‌هه‌ڵبژاردنی کێردێکی وه‌کا شیر درێژ، سڵ کردنی گیانی خۆی نواندووه.
کاتێ ده‌ستی ئه‌و که‌وته
له‌رزین، که‌س لای سه‌یر نه‌بوو.ئه‌وه‌ی که لای هه‌مووان سه‌یر بوو
له‌رزینی ده‌ستی دونکان بوو.
داب و نه‌ریت ده‌ڵێ:
ئاوانه‌ی به شه‌ڕ دێن ده‌بێ رێزی خانه‌خوێ و ماڵێ که له‌وێ میوانن بگرن و
بۆ شه‌ڕکردن بچنه ده‌ره‌وه. به هه‌ستێکی دوولایه‌نه‌ی گاڵته‌جاڕانه و
رێزه‌وه، گشت هاتینه ده‌ر.من مه‌ست نه‌بووم – لانی که‌م مه‌ستی شه‌راب
نه‌بووم- به‌ڵام کون به کون له دووی رووداو ده‌گه‌ڕام. ئێجگارخۆزیام
ئه‌خواست که که‌سێ بکوژرێت. هه‌تا پاشان بتووانم سه‌باره‌ت به‌وه قسه
بکه‌م و هه‌میشه ئه‌وه‌م له بیر بمێنێ. ره‌نگه له‌و ساته‌دا ئه‌وانی دیش
له من عاقڵتر نه‌بووبێتن. هه‌روه‌ها هه‌ستم ده‌کرد که شه‌پۆلێکی پڕ وزه
ئێمه بۆ ناو خۆ په‌لکێش ده‌کا و ده‌مانخنکێنێ. هیچکه‌س ته‌نانه‌ت سه‌ره
درزییه‌ک بڕوای به ووته‌کانی مانه‌کۆ نه‌بوو؛ گشت ئه‌وه‌یان به به‌ره‌ی
قین و رکه‌به‌رییه‌کی کۆن ده‌زانی که شه‌راب خه‌ستی کردووه‌ته‌وه.
له به‌ین داره
چڕوپڕه‌کانه‌وه تێپه‌ڕاین و له که‌پره‌که دوور که‌وتینه‌وه. ئوریارته‌و
دونکان له به‌ره‌وه ده‌ڕۆییشتن وسڵیان له یه‌ک ده‌کرد.گشت له ده‌ور
چیمه‌نێکی مه‌یدان نوێندا راوه‌ستاین. دونکان له ژێر تریفه‌ی مانگه شه‌وا
راوه‌ستا و گووتی :" وێده‌چێ ئێره شوێنێکی باش بێ."
هه‌ردوو پیاو له چه‌قی
بازنه‌ی ئێمه‌ی سه‌یرکه‌را راوه‌ستابوون ،وه‌کو چتێ نه‌یانده‌زانی ئه‌بێ
چبکه‌ن. ده‌نگێک هات: " چه‌ک دانێن و به مشت به شه‌ڕ بێن!"به‌ڵام ئه‌و
دووانه شه‌ڕیان ده‌ست پێ‌کردبوو. هه‌وه‌ڵ ساویلکانه شه‌ڕیان ده‌کرد وه‌کا
ئه‌وه‌ی نه‌یانه‌وێ یه‌کتر بریندار بکه‌ن؛ هه‌وه‌ڵ ده‌یانڕوانییه
کێرده‌کان به‌ڵام پاشان چاویان بڕییه ناوچاوی یه‌ک. نه ئوریارته قینی
له دڵا مابوو نه دونکان رق و
بێزارییه‌که‌ی، مه‌ترسی،به له‌ونێ ئه‌وانی گۆڕی بوو، ئیدی دوو کوڕی لاو
نه‌بوون، دوو پیاو بوون که به شه‌ڕهاتبوون، هه‌میشه وامده‌زانی که شه‌ڕ
لافاوی ئاسن و پۆڵایه،که‌چی هه‌نووکه ده‌مدی که ده‌تووانم که‌م و زۆر
دووی که‌وم هه‌روه‌کا یارییه‌کی دامه. هه‌ڵبه‌ت، ئه‌و ساڵانه‌ی که
تێپه‌ڕییون دیتنیه‌کانی منیان که‌م ره‌نگ یاخۆ تۆختر کردووه. نازانم چ
ماوه‌یه‌ک درێژه‌ی خایاند؛رووداوگه‌لێ هه‌ن که به ئایه‌ره‌ی ئاسایی
ده‌مان ناپێویێن .
بۆ به‌رگری له تێغی تیژ
قۆڵیان ده‌کرده مه‌تاڵ. زۆر زوو قۆڵیان نوقی خوێن و ریشاڵ ریشاڵ بوو. بیرم
کرده‌وه به هه‌ڵه‌دا چووم و ئه‌وان پتر له‌وه‌ی من بزانم،
ده‌زانن چلۆن له چه‌که‌کانیان که‌ڵک وه‌رگرن.له هه‌وه‌ڵی رووداوه‌وه
تێگه‌ییشتبووم که به شێوه‌ی جۆراوجۆر شه‌ڕ ده‌که‌ن. چه‌که‌کانیان وه‌ک
یه‌ک نه‌بوو. دونکان چه‌قۆکه‌ی کوڵ بوو و ئه‌یویست زیاتر نزیک ببێته‌وه
به پێچه‌وانه ئوریارته ئه‌یویست دوور که‌وێته‌وه با باشتر بتووانێ
شیره‌که‌ی دابهێنێته‌وه. هه‌ر ئه‌و ده‌نگه‌ی که وه‌نه‌دیه‌که‌ی به من
نیشان دابوو هاواری کرد:" به‌ریان بگرن! خه‌ریکن یه‌ک ده‌کوژن."
به‌ڵام هیچ که‌س
نه‌یده‌وێرا خۆی تێ هه‌ڵقورتێنێ .ئوریارته به‌ره‌و دوا ده‌کشا و دونکان
هێرشی ده‌کرد. که‌م و زور به‌رۆکی یه‌کیان گرتبوو. شیره‌که‌ی ئوریارته له
دوی سه‌روچاوی دونکان ده‌گه‌ڕا. ناکاو کوڵ هاته به‌ر چاو چما چبوو به زگی
دونکانا. دونکان له سه‌ر چیمه‌ن که‌وت. له‌م کاته‌دا بوو که به ده‌نگێکی
زۆر هێدی گووتی: " سه‌یره. ئه‌ڵێی خه‌ون ده‌بینم."
چاوه‌کانی نه‌قونجان.
ته‌کانی نه‌خوارد ومن کوژیانی پیاوێکم به ده‌ستی پیاوێکی دی دیت.
مانه‌کۆ ئوریارته
به‌سه‌ر مه‌یتا دانه‌ویبووه‌وه و به ده‌نگی به‌رز ده‌گریا و داوای
لێبوردنی ده‌کرد. کارێ که هه‌ر ئێستا کردبووی له خه‌یاڵیشیا نه‌ده‌گونجا.
ئێستا ده‌زانم که زۆرتر له تاوانه‌که‌ی له‌وه زویر بوو که کارێکی بێ
مانای کردووه.
ئیتر نه‌مئه‌ویست لێیان
بڕوانم. ئه‌وه‌ی ئه‌وگشته ئاره‌زووم کردبوو رووی دابوو و منی خستبووه
له‌رزین. لافینور پاشتر به منی گووت که ده‌رهێنانی شیر زۆر گران بووه.
بۆ رێ چاره دیتنه‌وه که‌وتنه دووان. رایان هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌تا
ده‌کرێ که‌متر درۆ بکه‌ن و ئه‌م رووداوه به رووبه‌رووبوونه‌وه بنوێنن.
چوارکه‌سیان گرتیانه ئه‌ستۆ که خۆیان به شاهێد بناسێنن. یه‌کێ له‌م
چوارکه‌سه ئاسه‌باڵ بوو.له بۆئینۆس ئایرێس ده‌کرێ هه‌رنه‌گونجاوێ
بگونجرێ؛ هه‌میشه مرۆڤ دوست و برادری هه‌یه.
له‌سه‌ر
مێزه‌که،له‌وشوێنه‌ی که ئه‌و دووانه یارییان کردبوو ده‌سته‌یه‌ک
وه‌ره‌قی ئینگلیزی و کۆڵێ پاره‌ی چرچ و لۆچ رژابوو که هیچکه‌س
نه‌یویست لێی بڕوانێ یان ده‌ستیان بۆ به‌رێ.
له ماوه‌ی ئه‌وساڵانه‌ی
که له‌م رووداوه تێپه‌ڕییوه، زۆرجار ویستوومه بۆ دۆستێکی بگێڕمه‌وه،
به‌ڵام هه‌میشه هه‌ستم کردووه که زیره‌ڤانی رازێک بوون خۆشتر له بڵاو
کردنه‌وه‌یه‌تی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش، رۆژێکیان ،ده‌وروبه‌ری ساڵی1929 ،
هه‌ڤپه‌یڤینێکی به رێکه‌وت رووداو ناکاو منی هان دا که ده‌م بکه‌مه‌وه.
"دۆن خۆزێ ڤلاڤۆ"13 ، سه‌روانی لێکه‌وتووی پۆلیس خه‌ریکی
گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک‌گه‌لێ بوو سه‌باره‌ت به پیاوانی رقه‌سووی
ناوچه‌ی"ره‌تیرۆ"14 هه‌ڵکه‌وتوو له قه‌راغ چۆم که له
چه‌قۆکێشانا لێهاتوو بوون. له قسه‌کانیا ئیشاره‌ی به‌وه کرد که کاتێ
ئه‌م داروده‌سه ده‌چوون بۆ پیاوکوشتن گوێیان به یاسا نه‌ده‌دا و به
پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که له سه‌ر شانۆ یا فیلم‌دا دیتووته، رووبه‌روو
بوونه‌وه‌ی پیاوانه به ده‌گمه‌ن رووی ده‌دا. گووتم که من یه‌کێ
له‌وانه‌م به چاوی خۆ دیتووه و کورته‌یه‌ک له‌وه‌ی که نزیک به بیست ساڵ
له‌وه پێش رووی دابوو، بۆ گێڕایه‌وه.
به وردی گوێی
له ووته‌کانم گرت و پاشان گووتی" دڵنیان که ئوریارته و ئه‌وی دی قه‌ت
کاردبازییان نه‌کردبوو؟ ره‌نگه له مه‌زراکانی باوکانیانا رێ و شوێنی
کایه‌که فێر بووبێتن."
گووتم: " لام وا نییه
وابێ، گشت یه‌کیان باش ده‌ناسی و ده‌تووانم دڵنیاتان بکه‌م که گشت له
لێهاتوویی ئه‌وان سه‌ریان سووڕ مابوو."
ڤلاڤۆ، وه‌ها که لات
وابوو به ده‌نگی به‌رز بیر ده‌کاته‌وه هێدی گووتی: " یه‌کێ له کێرده‌کان
ده‌سکه‌که‌ی به شکڵی
U بووه. دوودانه له‌م جۆره چه‌قۆیانه زۆر ناوبانگیان
ده‌رکرد – یه‌که‌میان چه‌قۆکه‌ی "مۆره‌یرا" و ئه‌وی دی چه‌قۆکه‌ی "خوان
ئاڵمادا"15 بوو. ئاڵمادا خه‌ڵکی باشوور بوو. له "تاپاڵکوه‌ن"16
ده‌ژیا."
هه‌ستم کرد چتێک له ناو
بیره‌وه‌ریه‌کانما بریسه ده‌دا. ڤلاڤۆ درێژه‌ی دا: " ئێوه باسی
چه‌قۆیه‌کتان کرد که ده‌سکێکی چێوینی بوو و وێنه‌ی دارێکی بچووک له سه‌ر
ده‌مه‌که‌ی هه‌ڵکه‌نرا بوو.له‌م جۆره به هه‌زاران هه‌یه ، به‌ڵام
یه‌کێکیان ..."
بۆ ماوه‌یه‌ک بێده‌نگ
بوو، پاشان گووتی: " سێنیۆر ئاسێۆدۆ خاوه‌نی مڵک و ماڵێکی گه‌وره له نزیک
پێرگامینۆ بوو. یه‌کێ له به‌ڕه‌ڵا به ناو بانگه‌کان خه‌ڵکی ئه‌وێ بوو-
ناوی " خوان ئاڵمانزا"17 بوو. ئه‌م چیروکه هینی سه‌ره‌تای ئه‌م
سه‌ده‌یه. کاتێ که چوارده ساڵی بوو هه‌وه‌ڵین که‌سی به‌م چه‌قۆ کوشت.
له‌ورۆژه به دواوه بۆ مواره‌کی ئه‌و چه‌قۆیه‌ی هه‌ڵگرت. خوان ئاڵمانزا و
خوان ئاڵمادا ده‌مێ ساڵ رقیان له یه‌کتر بوو‌و له‌وه‌ی که خه‌ڵک له‌گه‌ڵ
یه‌ک هه‌ڵه‌یان ده‌کردن گه‌لێ زویر بوون. ماوه‌یه‌کی زۆر له دوی یه‌ک
گه‌ڕان به‌ڵام به یه‌ک نه‌ده‌گه‌ییشتن. خوان ئاڵمانزابه گوللـه‌یه‌کی
وێڵه‌کی له یه‌کێ له ئاژاوه‌کانی هه‌ڵبژاردن یان چتێکی وا مرد. لام وایه
ئه‌وی دی له نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له "لاس فلۆره‌س"18 مرد.
ئیتر هیچ نه‌گووترا.
هه‌رکام له ئێمه به بۆچوون و ده‌سکه‌وتی خۆیه‌وه ته‌نیا که‌وت. نۆ یان
ده پیاو، که هه‌نووکه هیچیان نه‌ماون، ئه‌وه‌ی که چاوی من دیتی دیتیان-
داهێنانه‌وه‌یه‌کی ناکاو و مه‌یتی ژێر تریفه‌ی مانگه شه‌و- به‌ڵام ره‌نگه
ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌ماندیت کۆتایی چیرۆکێکی دی و کۆنه‌تر بووبێ . لای من ئه‌م
بۆچوونه روا که ئاخۆ مانه‌کۆ ئوریارته بووکه دونکانی کوشت یان به
شێوه‌یه‌کی ناسروشتی چه‌قۆکان بوون که له گه‌ڵ یه‌ک رووبه‌روو بوونه‌وه
و به شه‌ڕ هاتن. هێشتا له بیرمه که کاتێ ئوریارته چه‌قۆکه‌ی هه‌ڵگرت
چلۆن ده‌ستی که‌وته له‌رزین،هر وه‌ها له‌رزینی دونکان هه‌ر له پێش
چاومایه، وابزا چه‌قۆکان پاش خه‌وێکی درێژ خایه‌نی ناو وه‌نه‌دی و پاڵ
یه‌ک له خه‌و راپسکان. ته‌نانه‌ت پاش ئه‌وه‌ی گاوانه‌کانی خاوه‌نیان له
خاکا رزابوون، چه‌قۆکان – چه‌قۆکان نه‌ک پیاوان که ئامرازی ده‌ستی ئه‌وان
بوون – ئه‌یانزانی ئه‌بێ چلۆن به‌شه‌ڕ بێن و ئه‌و شه‌وه باش شه‌ڕیان کرد.
چته‌کان زیاتر له
مرۆڤه‌کان ده‌وامیان هه‌یه؛ کێ چوزانێ ؟ ره‌نگه ئه‌م چه‌قۆانه دیسانیش
به‌یه‌ک بگه‌ن و، کێ چوزانێ؟ ره‌نگه چیرۆک هه‌ر لێره‌دا کۆتایی پێ بێت.
1 –
Maneco Uriarte
2 –
Duncan
3 –
Lafinur
4 –
Elias Regules
5 –
Junin
6 –
Lugones
7 –
Acevedo
8 –
Acebal
9 –
Pergamino
10 –
Juan Moreira
11 –
Martin Fierro
12 –
Don Segundo Sombra پاڵه‌وانی کتێبێ
هه‌ر به‌و ناوه له نووسینی ریکاردۆ گوئیراڵدێس
13 –
Don Jose Olavo
14 –
Retiro
15 –
Juan Almada
16 –
Tapaquen
17 –
Juan Almanza 18 - Las Flores
|