
|
|
زانایانی ئایینی
خۆرخه لۆئیس بۆرخس
وه‌رگێڕ : خالید خاکی
باخه‌کانیان ژێراوژير کرد.پیرۆزایه‌تی جام و مێحراویان له ژێر پێ نا،
"هونه‌کان"1 به سواری ئه‌سپه‌وه خۆیان به کتێبخانه‌کانی
کلیسه‌کانا کرد و ئه‌و کتێبانه‌ی که تێ‌یان نه‌ده‌گه‌ییشتن ونجڕونجڕکرد و
ئاگریان تێ به‌ردا، نه‌کاو لاپه‌ڕه‌کانیان سه‌باره‌ت به خواکه‌یان
که‌گوێزانێ سه‌رلاری ئاسنین بوو، بێ حورمه‌تی وکفری تێدا بێ. پێسته
له‌سه‌ر نووسراوه‌کان و ده‌ستنووسه که‌ونینه‌کان سوتێنران. به‌ڵام له ناو
جه‌رگه‌ی سکڵی گه‌شاوه‌د، له‌ناو خۆڵه‌مێشی سکڵدا، دوانزه‌هه‌مین نامه‌ی "
مافی خواکان"2 تا راده‌یه‌کی ئێجگارساخ و بێ وه‌ی مایه‌وه که
له‌ودا هاتووه چلۆن ئه‌فلاتوون له ئاتێنا به خه‌ڵکی ده‌گووت که له
کۆتایی سه‌ده‌کانا گشت چتێ به‌ره‌و سه‌ره‌تا ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌و ، له
ئاتێنا ، رووباری هه‌ر ئه‌م جه‌ماوه‌ره، ئه‌م وانانه سه‌ر له نوێ پاته
ده‌کاته‌وه. ده‌قی ئاگر لێبوردو، مه‌زنایه‌تیه‌کی تایبه‌تی پێدراو
ئه‌وانه‌ی له‌و دیاره دووره ده‌سته کتێبه‌که‌یان خوێنده‌وه و
چه‌ناجاریان خوێنده‌وه بیریان له‌وه نه‌کرده‌وه که نووسه‌ر ئه‌م
فێرکاریه‌ی داهێناوه با باشتر بتووانی ئه‌رک له ئه‌ستۆ نه‌گرێ.سه‌ده‌یه‌ک
پاشتر "ئائوره لیانۆ"3 جێگری "ئاکوئی له‌ئا"4
، ئاگاداربووه‌وه که له قه‌راغه‌ی چۆمی دانۆب،تاقمی تازه یه‌کگرتووی
تاقخواز5( هه‌روه‌ها ناسراوو به بازنه‌ییه‌کان) پێمل به‌وه‌ن
که مێژوو جه‌غزه و هیچ چتێ نییه که پێشترنه‌بووبێ، یاخۆ له داهاتوودا
نه‌بێ.له‌کوێستانه‌کان بازنه و مارجێگری خاچ بوون. هه‌مووان ترسیان لێ
نیشت. به‌ڵام ووته‌یه‌کی سه‌رزاره‌کی دڵنیای ده‌کردن که
"خوان"ی "پانۆنیا"6
یی که به نوسراووه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به حه‌وته‌مین
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خوا، تووانی خۆی سه‌لماندبوو،به‌رانبه‌ر به کفرێکی
وه‌ها ناشیرین بێده‌نگ نابێ.
"ئائۆره‌لیانۆ" زۆر به تووندی نوێخوازانی تاوانبار کرد. پێش له
هه‌مووشیان ،ئاخرینه‌که‌یانی کوتایه‌وه چما ده‌یزانی که له هه‌رێمی
زانستی ئایینی‌دا هیچ گریمان و سه‌رهه‌ڵدراوێکی نوێ بێ مه‌ترسی نییه.
پاشان بیری له‌وه کرده‌وه که گریمانی بازنه‌یی بوونی ده‌مان ئێجگار
زیاتر له زیاد دووڕووانه و ئاژاوه‌گێڕانه‌یه. چون مه‌ترسیه‌کانی فره‌یه
( ئه‌و لادانانه‌ی که ده‌بێ لێیان سڵ بکه‌ین هه‌ر ئه‌و لادانانه‌ن که
رواڵه‌تیان رێ و رێبازی راسته‌قینه‌یه.) پێش له هه‌موو چتێ، خۆ
تێهه‌ڵقورتان – ناوبژی کردنی- خوان پانۆنیایی ئازاری دا. دوو ساڵ
له‌مه‌وپێش به نوسراوه دوور‌و درێژه‌که‌یه‌وه حه‌وته‌مین حه‌زی
خوایانی دانیشووی هه‌رێمی نه‌مری ،باسێکی داگیر کردبووکه
له ناوچه‌ی زانست و کارامه‌یی ئائۆرلیانۆ دا بوو،هه‌نووکه،وابزا که
گرێ‌ی ده‌مان مڵکی تایبه‌ت و هه‌تاهه‌تایی ئه‌و بێ، که‌وتبووه پێش هه‌تا
بازنه‌ییه‌کان، چما به به‌ڵگه‌کانی "پڕۆکوستۆ"7 بهێنێته سه‌ر
رێ، به دژه‌ژاری ئێجگار
پڕمه‌ترسی تر له مارپه‌رسته‌کان...ئه‌و شه‌وه، ئائۆره‌لیانۆبه خنه‌کردن
له هه‌ڤپه‌یڤینه کۆنه‌کانی "پلوتارکۆ"8 دا سه‌باره‌ت به
به‌ربه‌ستی وه‌جه‌ره‌کانی نه‌بین دیتووان،سه‌ری خۆی قاڵ کرد.له بڕگه‌ی
بیست و نۆهه‌مدا، زه‌م نامه‌یه‌کی خوێنده‌وه سه‌باره‌ت به هه‌یوانیان که
لایه‌نگری سوڕی بێ کۆتایی دنیاکانن، به خۆره‌کان،به مانگه‌کان
وئاپۆلۆنه‌کان و دیاناکان و پۆزییدۆنه بێ کۆتاییه‌کانیه‌وه. ئه‌م
ده‌سکه‌وته‌ی به فاڵی خێر له قه‌ڵه‌مدا. ده‌س پێشخه‌ری له خوان
پانۆنیایی به مافی خۆ زانی و لاده‌رانی بازنه‌یی به تاوانبار ناساند.
که‌سانێ هه‌ن که کون به کون له دووی ئه‌ڤینی ژنێ ده‌گه‌ڕن هه‌تاکوو
فه‌رامۆشی بکه‌ن، تاکوو ئیتر بیر له‌و نه‌که‌نه‌وه. ئائۆره‌لیانۆیش به‌م
شێوه نیازی وا بوو خوان پانۆنیایی جێ بهێڵێ، تاکوو دڵی زامداری خۆی که
ئه‌م پیاوه ببووه هۆی زامدار بوونی به خۆسه‌رقاڵ کردن به ئیش و کۆشش
ساڕ‌ێژ بکات. قین و رکی به
دامه‌زرانی بنچینه‌ی به‌راوردکاریه‌کان و داهێنه‌ری تانووت و ته‌شه‌ر له
بۆ سه‌ر به‌جێ هێڵه‌ران
و فشه‌که‌ران وخۆسه‌رچاوه زانان فه‌رامۆش کرد. دۆخێکی
به‌ربڵاو و تا راده‌یه‌ک بێ چاره‌سه‌ری،بێ پشوو، بووه هۆی ئه‌وه‌ی که
له‌ودا، ناده‌ربه‌ستی و بێ به‌رپرسایه‌تی ببێته چتێک وه‌کا جوێن و تانه.
قرم و قاڵی کرده ئامرازێک. کاڤشکی کرد که خوان به جه‌زبه‌ی
پێغه‌مبه‌رانه، بازنه‌ییه‌کان تیا ده‌بات. بۆ تێکڵاو نه‌بوون له گه‌ڵ
ئه‌و، چه‌کی گاڵته‌ی هه‌ڵبژارد. ئاگوستین نووسیبووی که عیسا رێگه‌ی راستی
بێ هه‌ڵه‌یه و ئێمه له تۆی هه‌زار لۆی بازنه‌یه‌ک که رێ ون کردووان
تێیدا سه‌رگه‌ردانن رزگار ده‌کات. ئائوره‌لیانۆ ئه‌وانی به پێ‌ی
لێکچوونه‌کانیان له‌گه‌ڵ "ئیکسیۆن"9 ، له‌گه‌ڵ جه‌رگی
"پڕۆمه‌ته"10 ، له‌گه‌ڵ"سیزیف"11 ، له گه‌ڵ
شای"تێ‌ب"12 که دوو هه‌تاوی دیتبوو، له‌گه‌ڵ گه‌ی، له‌گه‌ڵ
تووتی، له‌گه‌ڵ ئاوێنه، له‌گه‌ڵ ده‌نگ دانه‌وه، له‌گه‌ڵ
هێسره‌کانی ئاوکێش،هه‌ڵسه‌نگاند.هه‌ڵبه‌ت وه‌کا گشت ئه‌وکه‌سانه‌ی که
کتێبخانه‌یه‌ک له به‌رده‌ستیاندایه، ئائوره‌لیانۆ ئاگاداری که‌مایه‌تی خۆ
بوو و ده‌یزانی که هه‌موویان ناناسێ. ئه‌م ده‌مه‌قاڵه ده‌رفه‌تی بۆ
ره‌خسان که ئه‌رکی خۆ سه‌باره‌ت به‌و کتێبه بێ ژمارانه‌ی که وادیاربوو
به هۆی که‌مته‌ر خه‌مییه‌وه سه‌رزه‌نشتیان ده‌کرد به جێ بهێنێ . به‌م
شێوه تووانی بریسه‌یێ له بناخه کانی دنیای ئاڤراندن بهێنێته ناو
نووسراوه‌که‌ی که له‌ودا گه‌ڕانه‌وه‌ی "یه‌هودا ئێسکاریوتی"13
بۆ فرۆشتنی ئاغه‌ی مه‌سیح به‌رپه‌رچ ئه‌رێته‌وه و"پابلۆ"14 ی
پیرۆز جارێکی دی شاهێدی شه‌هید بوونی " ئێسته‌بان"15 ی پیرۆز
له ئورشه‌لیمدایه و بریسه‌یێ دی له پێشڕه‌وانی کۆزمانی "سیسه‌ڕۆنه"16
که له‌ودا نووسه‌ر گاڵته به خاوه‌نی ئه‌م بیروبۆچوون و خه‌یاڵ
پڵاوانه ده‌کات.وێڕای ئه‌وه‌ی کاتی په‌یڤین له گه‌ڵ "لوکوللۆ"17
، لوکوللۆکانی دی و سیسه‌ڕۆنه‌کانی دی، به ئه‌ژمارێکی بێ کۆتایی،
رێک هه‌ر ئه‌و چتانه له دنیاگه‌لێکی به ئه‌ژمار بێ کۆتایی
ده‌ڵێنه‌وه.له ئه‌نجامدا، ئه‌و به باشی ده‌قه‌که‌ی پلوتارکۆی به دژی
تاقخوازان وه‌رگه‌ڕاند و ئه‌وه‌ی هۆی بێ شه‌رمی زانی که بت په‌رستێ
بایه‌خێکی زیاتر به رووناکایی سروشت ئه‌دات هه‌تا ئه‌مانه به که‌لامی
خواوه‌ند. ئه‌م ئیشه نۆ رۆژی ئه‌وی داگیرکرد. له رۆژی ده‌هه‌مدا،به‌رگێ
له به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی خوان پانۆنیایی دا به ده‌سته‌وه.
به‌شێوه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕانه شی که‌ر بوو.ئائوره‌لیانۆ هه‌وه‌ڵ به
سووکایه‌تی و پاشان به مه‌ترسییه‌وه لێی روانی. به‌شی هه‌وه‌ڵی بن
په‌راوێخێ بوو بۆ ئایه‌ته‌کانی کۆتایی به‌شی نۆهه‌می نووسراوه بۆ
عیبریه‌کان که له‌ودا گووتراوه: عیسا له سه‌ره‌تای دنیاوه نه چه‌ناجار
له کۆتایی سه‌ده‌کانا،به‌ڵکوو هه‌نووکه، ته‌نیا جارێ، شه‌هید بووه.
به‌شی دووهه‌می رای ئینجیل سه‌باره‌ت به درێژدادڕیه‌کانی ناوزڕی
لاده‌ره‌کان( "مه‌تێۆ"18
، 6 : 7)و
به‌شێ له حه‌وته‌مین کتێبی "پلینیۆ"19 ی به به‌ڵگه
ده‌هێنایه‌وه که له‌ودا به ئاشکرا گووتبووی له دنیای به‌رینا دوو
سه‌روچاو وه‌ک یه‌ک ناچن. خوان پانۆنیایی خۆی بڕوای وابوو که ته‌نانه‌ت
دوو گیانی وه‌کا یه‌ک بوونیان نییه و بێ بایه‌خترین تاوانبار ئه‌وه‌نده
بایه‌خداره که خوێنی عیسا مه‌سیحی له بۆ رژاوه. کرده‌وه‌ی تاقه که‌سێ
(له سه‌ر ئه‌مه پێ‌ی داده‌گرت) ئێجگار قورس‌تر له نۆ فه‌له‌کی
هاوناڤه‌نده و خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی که ئه‌م کرده له ده‌ست چووه ده‌کرێ
بگه‌ڕێته‌وه شوێنی خۆی، خه‌یاڵێکی خاوه. ده‌مان نائاڤرێنێته‌وه ئه‌وه‌ی
تیاچووه؛ هه‌تاهه‌تایه‌تی ئه‌وه بۆ به‌هه‌شت یان بۆ جه‌هه‌نه‌م
پاشه‌که‌وت ده‌خات.نووسراوه روون و بێ گرێ بوو،کۆگر بوو؛له‌وه نه‌ده‌چوو
که به ده‌س که‌سێکی دیارده کراو یاخۆ هه‌ر که‌سێکی دی یاخۆ، وێده‌چوو
به ده‌س کۆی مرۆڤ نووسرابێت.
ئائوره‌لیانۆ که‌م تاکورت هه‌ستی به داوه‌شانێکی له‌ش کرد، بیری لێ
کرده‌وه که بیفه‌وتێنێ یاخۆ سه‌ر له نوێ بینووسێته‌وه. ئه‌وسا،به
نابه‌دڵیه‌کی ته‌واوه، بێ ئه‌وه‌ی ووشه‌یه‌کی لێ بسڕێ یان پێ‌ی زیاد بکات
نووسراوه‌که‌ی نارد بۆ رۆم. چه‌ند مانگ دواتر، کاتێ کۆبوونه‌وه‌ی
"په‌رگامۆ"20 پێکهات. هه‌ر به‌و جۆره که بیری ده‌کرده‌وه،
زانیارێ که بۆ په‌رچ دانه‌وه‌ی تاقخوازه‌کان هه‌ڵبژێردرا، خوان پانۆنیایی
بوو. رای زانستیانه و به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی یاساییانه‌ی سه‌باره‌ت به "
ئوفۆربۆ"21 سه‌رپه‌لی به‌جێ‌هێڵه‌رانی به‌ئاگر سپارد.
ئوفۆربۆ گووتی: ئه‌م رووداوه دیسانیش روو ئه‌داته‌وه. ئێوه نه یه‌ک
ئاگر به‌ڵکوو هه‌زاران ئاگر ده‌که‌نه‌وه. هه‌گه گشت ئه‌و ئاگرانه‌ی که
منی پێ سوتێنراوه لێره کۆ بکه‌نه‌وه عه‌رز نایگرێ ودووکه‌ڵه‌که‌ی
فڕیشته‌کان کوێر ده‌کات. ئه‌م ووته‌م چه‌نا را پێتان گووتووه. پاشان
نه‌ڕانی، چما ئاگری تێ به‌رببوو.
بازنه به‌رانبه‌ربه خاچ دۆڕاندی. به‌ڵام ئائوره‌لیانۆ و خوان به شه‌ڕی
نهێنی خۆ درێژه‌یان دا. هه‌ر دووکیان له قۆشه‌نێکدا بوون، لۆ پله‌یه‌ک
خۆیان ده‌خوارده‌وه. به‌رانبه‌ر به دوژمنێک راوه‌ستابوون. به‌ڵام
ته‌نانه‌ت تاقه ووشه‌یه‌کیش نه‌بوو که ئائوره‌لیانۆ بینووسێ و له بۆ خۆ
وه‌پێش خستن نه‌بێ (هه‌رچه‌ن به شێوه‌یه‌کی نهێنی). شه‌ڕی دووقۆڵیی ئه‌وان
شاراوه بوو؛ هه‌گه لیسته دوور‌و درێژه‌کان به هه‌ڵه‌م نه‌به‌ن،
ته‌نانه‌ت جارێکیش نییه که ناوی " ئه‌وی دی" له نووسراوه بێ
ئه‌ژماره‌کانی ئائوره‌لیانۆ که له ره‌سه‌ن ناسی‌ی کلێسه‌ی "میگنه"22
هه‌ڵگیراوه و ماوه، ببێ. (له به‌رهه‌مه‌کانی خوان نزیک بیست
ووشه‌یه‌ک ماوه و ئیتر هیچ.) هه‌ر دووکیان تاوانبارکردنه‌کانی کۆڕی
دووهه‌می قوسته‌نته‌نیه‌یان به بێ هورم زانی؛ هه‌ر دووکیان رایان له سه‌ر
گرتنی ئاڕیه‌نه‌کان بووکه عیسایان به کوڕی خوا نه‌ده‌زانی؛هه‌ر دووکیان
دروستیی رێبازیانه‌ی زه‌وی ناسینی مه‌سێحی "کۆسماس"23
یان سه‌لماند که ده‌یگووت زه‌وی مینا په‌رستگه‌کانی جووله‌کاکان چوار
سوچه. بۆ چاره ره‌شی، له‌چوار سوچی زه‌وییه‌وه دژه ئایینێکی‌تری وه‌کا
کڕێوه په‌ره‌ی سه‌ند. له سه‌ر بنه‌مایه‌کی میسری یان ئاسیایی (چما که
به‌ڵگه‌کان جۆراوجۆرن و "بۆوسسه‌ت"24 نایه‌وێ به‌ڵگه‌کانی
"هارناک"25 بسه‌لمێنێ.) هه‌رێمه‌کانی رۆژهه‌ڵات تووشی ئاژاوه
بوون و له مه‌کدوونییه، له کارتاژ و "ترێڤه‌ریس"26
چه‌نا قوربانگه دامه‌زرا. به رواڵه‌ت له گشت شوێنێ وه‌ها
بوو. ئه‌ڵێن له هه‌رێمی ئۆسقۆف نشینی بریتانیا خاچه‌کانیان سه‌ره‌وخوار
کرد و له " سه‌زاره‌ئا"27 وێنه‌ی کوڕی خوایان لابرد و
ئاوێنه‌یه‌کیان له جێگه‌ی دانا. ئاوێنه ودراونیشانه‌ی لاده‌رانی نوێ
بوو.
مێژووئه‌وان به ناوی جۆراوجۆر ده‌ناسێ(ئه‌ستێره ناسان،
ئاژاوه‌گێڕان،قابیلیه‌کان)به‌ڵام ئاسایی ترینیان "پێشمار"28
ه‌کان بوون. ناوێ که ئائوره‌لیانۆ له‌وانی نابوو و ئه‌وانیش به بێ
شه‌رمیه‌وه ئه‌م ناوه‌یان بۆ خۆ هه‌ڵبژاردبوو. له "فریگیه"29
به‌وانیان ده‌گووت "دیتن خوازان"30 و هه‌ر وه‌ها له داردانێل،
خوانی دمێشقی ناوی نابوون "مه‌وژ"31ه‌کان. پیویسته به بیر
بهێنینه‌وه که ئه‌م ناو گۆڕکی له لایه‌ن "ئیرفیۆرد"32 وه
به نه‌تێو ناسرا. نییه کفرناسێ که به سه‌رسووڕمانه‌وه ئیشاره به داب
و نه‌ریته بێ شه‌رمانه‌کانیان نه‌کات. زۆرکه‌س له‌وان ددانیان به له‌ش
ئازاری خۆدا ناوه، هه‌ندێ، وه‌کا "ئو‌ریجه‌نه‌س" 33 خۆیان
عه‌یبدار کرد. هه‌ندێکیان سه‌یزانانیان کرده شوێنی ژیانیان. له
زیرابه‌کانا هه‌ندێکیان چاوی خۆیان هه‌ڵکۆڵا، هه‌ندێ دی
("نابوکۆدۆنۆسۆره‌س"34 خه‌ڵکی "نیتریا"35 )" وه‌ک گا
چوون بۆ له‌وه‌ڕین و له‌شیان په‌ل و پۆی داڵی لێ روا." له خۆ ئازاردان و
گوێ‌رایه‌ڵیه‌وه گه‌ییشتن به پیاوکوشتن. هه‌ندێ له کۆمه‌ڵگه‌کان
سه‌باره‌ت به دزی لێبوردوییان نواند، هه‌ندێ سه‌باره‌ت به پیاوکوشتن
لێبوردوییان نواند، هه‌ندێ سه‌باره‌ت به نێربازی، هه‌ندێ سه‌باره‌ت به
تێکه‌ڵبوون له گه‌ڵ خزمان و نزییکان و...هه‌موویان کفرکه‌ربوون.نه ته‌نیا
جنێویان به خوای مه‌سێحیت ئه‌دا به‌ڵکووخوا جۆراوجۆره که‌ونینه‌کانی
خۆیشیان دایه به‌ر.چه‌نا کتێبی پیرۆزیان ئاڤراند که تیاچوونیان له
لایه‌ن لێکۆڵێنه‌رانه‌وه مخابنی پێ براوه . "سێڕتوماس برۆون"36
له ساڵی 1658 دا نووسی: " زه‌مان ئینجیل گه‌لی پێشماره‌کانی له
ناوبرده، نه‌ئه‌و بێ رێزیانه‌ی که به هۆی رێبازی دژه رێبازیانه‌وه
دراوه‌ته به‌ر قه‌مچی." ئیرفیۆرد بیرمان ده‌خاته‌وه که " ئه‌م بێ
رێزایه‌تیه (تۆمارکراو له فرمانێکی یۆنانیا) هه‌ر ئه‌و ئینجیل گه‌له تیا
چووه‌یه .ئه‌مه نافامێنرێ هه‌گه دنیا ناسی‌ی پێشماره‌کان نه‌ناسین.
له‌کتێبه راڤه‌ییه‌کانا نووسراوه که ئه‌وه‌ی له خواره‌وه‌یه هه‌ر
ئه‌وه‌یه که له سه‌ره‌وه‌یه و ئه‌وه‌ی که له سه‌ره‌وه‌یه هه‌ر
ئه‌وه‌یه که له خواره‌وه‌یه؛ له "زۆهه‌ر"37 ،دا دنیای
خواره‌وه ئاوێنه‌ی دنیای سه‌ره‌وه‌یه. پێشماره‌کان بیروبۆچوونی خۆیان به
گۆڕانکارییه‌ک له سه‌ر بناخه‌ی ئه‌م بیر‌ورا دامه‌زراند. یارمه‌تیان له
ئینجیلی مه‌تێۆ12:6 خوازت.("داهاتی ئێمه به ئێمه ببخشه هه‌روا که
ئێمه به نانخۆرانی خۆمانی ده‌به‌خشین.") و12:11 ("هه‌رێمی ئاسمانه‌کان
له رق و قین زویره") هه‌تا نیشان بده‌ن که زه‌وی کاریگه‌ری له سه‌ر
ئاسمان هه‌یه ونووسراوه‌ی هه‌وه‌ڵی پۆلسی پیرۆز بۆ قرنتیان 12:13 ("
هه‌نووکه له‌ودیو ئاوێنه‌ئه‌که‌وه ده‌بینین، چمامه نوێن") هه‌تا
بیسه‌لمێنن که ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین هه‌ر ته‌نیا خه‌یاڵه و له
راسته‌قینه‌دا بوونی نییه. ره‌نگه رێ ون کردنیان به هۆی
تاقخوازه‌کانه‌وه بوو. پێیان وابوو که هه‌ر مرۆڤێ دوو مرۆڤه و که‌سی
راسته‌قینه،هاولف، هه‌ر ئه‌وه‌یه که له ئاسماندایه. هه‌ر وه‌ها پێیان
وابوو که کرده‌ی ئێمه ره‌نگدانه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی هه‌یه. به شێوه‌یه‌ک
که هه‌گه ئێمه خه‌وه‌ر بین، ئه‌وی دی ده‌نوێ. هه‌گه ئێمه شه‌ڕواڵ پیس
بین، ئه‌وه‌که‌ی دی پاکه، هه‌گه دزی بکه‌ین ،ئه‌وی دی به‌خشنده‌یه. پاش
مردن به‌ئه‌و ده‌گه‌ین، له‌گه‌ڵیا تێکه‌ڵ ده‌بین و ده‌بین به ئه‌و.(
ره‌نگدانه‌وه گه‌لێکی وه‌ها له‌م شێوه فێرکارییانه له " بلۆی"38
درێژه‌ی ده‌بێ.) پێشماره‌کانی دی بڕوایان وابوو که دنیا کاتێ کۆتایی
پێ دێ که ژماری لوانی کۆتایی پێ بێت؛ چونکا هیچ چتێ پات نابێته‌وه،
هه‌قانیه‌ت ده‌بێ ناشیرین‌ترین کرده‌وه‌کان تیا ببات.( باڵی لێ هه‌ڵماڵێ)
تاکوو ئه‌م کردانه داهاتوو نه‌گه‌نخێنن و هاتنی دۆخی ده‌سه‌ڵاتی عیسا
وه‌پێش بخه‌ن. ئه‌م باسه له لایه‌ن ئه‌و تاقمانه‌ی که به بڕوایان
مێژووی دنیا ئه‌بێ به یه‌که یه‌که‌ی مرۆڤه‌کان بگرسێ، به‌رپه‌رچ
دراوه‌ته‌وه.زۆربه، وه‌کا "پیتاگۆراس"39 ، ناچارن به نیشته
جێ بوون و ماڵئاوایی کردن له له‌شه جۆراوجۆره‌کان به رزگاری بگه‌ن؛
هه‌ندێک، بنه‌ماخوازان، "له دۆبێکی ژیانا شێرن، هه‌ژدیهان، به‌رازن، ئاون
و دارن." "دێمۆستۆنه‌س"40
باس ده‌کات که چلۆن گه‌ییشتن به رازه‌کانی"ئورفه"په‌ره‌ستی هاوڕی
بوو له گه‌ڵ له‌ش سپاردن به خۆ شۆردن له ناو لیتاوا؛ بنه‌ماخوازان،
هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌وان، له دوی خێر له‌ناو شه‌ڕا ده‌گه‌ڕن. وه‌ک
"کارپۆکڕاته‌کان"41 . ئه‌وان ده‌یانزانی که هیچ که‌س هه‌تا دوا
دیناری که‌فاره‌تی نه‌دات له زیندانی له‌ش رزگار نابێت.(لوقا59:12 ) و
تۆبه‌کردوانیان به‌م ئایه‌ته فرییو ده‌دا که ده‌ڵێ: " هاتووم هه‌تا
مرۆڤه‌کان بژین و زۆریش بژین."(یوحه‌ننا10:10 ) هه‌روه‌ها ده‌یانگووت که :
خراپ نه‌بوون له لووت به‌رزییه‌کی شه‌یتانیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ...
رازه‌گه‌لێکی زۆر و جۆراوجۆر له لایه‌ن پێشمارانه‌وه ئاڤرا؛ هه‌ندێکیان
بانگ هێشتن بۆ خۆ ئازاردان بوون و هه‌ندێکیان بۆ بێشه‌رمی کردن، گشت بانگ
هێشتن بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه بوون و به‌س. "ته‌ۆپۆمپۆ "42 ،
پێشمارێکی خه‌ڵکی "به‌ره‌نیسه"43 ،گشت رازه کانی به درۆ
ده‌زانی و ده‌یگووت: هه‌رمرۆڤێ ئامرازێکه که خواوه‌ند بۆ فامی دنیا
ده‌یئاڤرێنێ.
لاده‌رانی ناوچه‌ی ئۆسقۆفیه‌ی ئائوره‌لیانۆ ئه‌و که‌سانه بوون که سوور
بوون له سه‌ر ئه‌وه‌ی هیچ چتێ پات نابێته‌وه، نه ئه‌و که‌سانه‌ی که
ده‌یانگووت هه‌ر کرده‌یه‌ک له ئاسمانا ره‌نگ ده‌داته‌وه. ئه‌م بارودۆخه
نائاسایی بوو؛ له راپۆرتێ بۆ کاربه‌ده‌ستانی رۆم، ئائوره‌لیانۆ ئه‌مه‌ی
راگه‌یاند. زانایه‌کی ئایینی که ئه‌شیا راپۆرته‌که‌ی وه‌رگرتایه، بیسه‌ری
نهێنیه‌کانی شاژن بوو. له هیچ که‌س شاراوه نه‌بوو که ئه‌م ئیشه باشه
له تایبه‌تی ترین حه‌زی خواناسانه‌ی توێژینه‌وه‌یی دوورده‌خسته‌وه.
به‌رده‌سه‌که‌ی – هاوکاری پێشووی خوان پانۆنیایی و‌ئێستا دوژمنی ئه‌و- به
بێ به‌زه‌ییه‌تی له پشکنینی بیرورای داهێنه‌رانا ناوبانگی ده‌رکرد بوو.
ئائوره‌لیانۆ باسێکی سه‌باره‌ت به داهێنه‌ریی داهێنه‌ران، رێک هه‌ر وه‌ها
که له کۆبوونه‌وه نهێنیه‌که‌ی "جه‌نۆڤا"44 و ئاکۆئی‌له‌ئا،
رووی دابوو پێ زیاد کرد.چه‌ند دێڕی نووسی، کاتێ ویستی سه‌باره‌ت به‌م
گریمانه شه‌ڕخوازانه بنووسێ که دووسات و کاتی وه‌کا یه‌ک نییه، قه‌ڵه‌م
یاریه‌ی نه‌دا.نه‌یتووانی ده‌سپێکێکی پێویست ده‌ست بخات؛ ئامۆژگاریه‌کانی
فێرکاری نوێ ( "ئه‌ته‌وێ ببینی ئه‌وه‌ی که چاوی مرۆڤ هیچ کاتێ
نه‌یدیتووه؟ بڕوانه مانگ، ئه‌ته‌وێ ببیستی ئه‌وه‌ی که گوێ‌ی مرۆڤ
نه‌یبیستووه؟ گوێ له مه‌ل بگره، ئه‌ته‌وێ ده‌ست بسووی له‌وه‌ی که
ده‌ستی مرۆڤی لێ نه‌که‌وتووه؟ ده‌ست به زه‌ویدا بهێنه، هه‌موو کات من
ده‌ڵێم که خوا خه‌ریکی ئاڤراندنی جیهانه.") زیاتر له‌و راده شاعیرانه
بوو که شیاوی باس بێت . ناکاو،رسته‌یه‌کی بیست ووشه‌یی هاته‌وه مێشکی،
به شادییه‌وه نووسی و هه‌ر پاش نووسینی، گومان به‌رۆکی گرت که ره‌نگه
ئه‌م رسته‌ی له شوێنێ دیتبێ یان بیستبێتی. بۆ رۆژی دوایی بیری که‌وته‌وه
که ده‌مێ ساڵ پێشتر ئه‌وه‌ی له نووسراوه‌ی به‌رانبه‌رکێ له گه‌ڵ
بازنه‌ییه‌کان خوێندووه‌ته‌وه، به‌رسی پێنووسی خوان پانۆنیایی، پێیدا
چووه‌وه، هه‌ر ئه‌وه بوو، شک و گومان گیانی گینگڵ ئه‌دا.گۆڕان یان تێک
گوشانی ئه‌و ووشانه، نووسراوه‌که‌یان کز وسست ده‌کرد. هه‌گه ده‌ستی
لێنه‌دات وه‌کا دزی له پیاوێ بوو که ده‌یبوغزاند؛ هه‌گه ده‌ست نیشانی
سه‌رچاوه‌که‌ی بکردایه‌ت وه‌کا تۆمه‌ت لێدان له خوان بوو. له‌خوا
پاڕایه‌وه یارمه‌تی بدات. له کازێوه‌ی دووهه‌م رۆژدا فریشته
چاودێره‌که‌ی رێگه‌یه‌کی ناوه‌نجی نایه به‌ر پای. ئائوره‌لیانۆ ووشه‌کانی
راگرت، به‌ڵام له ده‌سپێکیدا ئه‌م ئاگادارییه‌ی نووسی: " هه‌نووکه
داهێنه‌ران به نیازی شێواندنی بڕواکان ده‌وه‌ڕن، له سه‌رده‌می ئێمه‌دا
زاناترین پیاوان گووتویانه،ره‌نگه زۆرتر له رووی هه‌ڵه‌وه نه‌ک تاوان."
ئه‌وسا، هه‌روه‌ها که چاوه‌ڕوانی ده‌کرا، به‌ترومه هاته پێش ، نائومێدی،
ناچاری. ئائوره لیانۆ ناچاربوو ده‌ریببڕێ که ئه‌و پیاوه کێ بووه، خوان
پانۆنیایی خاوه‌نی بیرورای داهێنه‌رانه بوون وه‌پاڵی درا.
جوار مانگ دواتر، ئاسنگه‌رێکی خه‌ڵکی" ئاڤه‌نتینۆ"45 فییوی
داهێنه‌ران خواردوو، شیشێکی ئاسنینی گه‌وره‌ی کردبوو به شان کوڕه‌که‌یدا
با هاولفه‌که‌ی هه‌ڵفڕێ. کوڕه مرد. ترسی په‌ره‌گرتووی به‌ره‌ی ئه‌م
تاوانه، راده‌ربڕانی دادگای "خوان"یان پێمل کرد که رایه‌کی تووند
ده‌رببڕن. ئه‌ویش نه‌یویست کۆڵ بدات. پاتی کرده‌وه که به‌رپه‌رچ
دانه‌وه‌ی بیروبۆچوونی خۆی وه‌کا هه‌ڵخزیان له چاوه‌قووڵه‌ی تاقخوازان
ده‌ناسێ. نه‌یفاماند( نه‌یویست بفامێنێ) که له تاقخوازان دووان
وێژه‌یه‌کی کۆنی له بیره‌وه چووه.به پێ داگرتنێکی به‌ره‌ی خره‌فیان،
ده‌ست بڵاوانه گه‌شه‌دارترین په‌یڤه کۆنه‌کانی خه‌رج کرد. راده‌ربڕان
ته‌نانه‌ت لووتیشیان نه‌هێنا به‌و چتانه‌ی که له کۆندا له‌ش و گیانیانی
ده‌هه‌ژاند. خوان له باتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدات بچوکترین په‌ڵه‌ی داهێنه‌ری
له خۆی بسڕێ، تێکۆشا نیشان بدات هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌مانه دراونه‌ته پاڵی
راست بوونی رێبازی ئایینی ئه‌و بووه. له گه‌ڵ پیاوانێ که چاره نووسی
ئه‌ویان ده‌نووسی که‌وته ده‌مه‌ته‌قێ و به پشت به‌ستن به زانستی
زمانه‌وانی و وردبینی خۆی تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی ئێجگار قوورس بوو.بیست و شه‌شی
ئۆکتۆبر، له کۆتایی ده‌مه‌ته‌قێدا که سێ شه‌و و رۆژی خایاند، فرمان درا
به زیندوویی له ئاگرا بسووتێنرێ.
ئائوره لیانۆ کرایه چاودێری به جێ هێنانی فرمان. چما که له ئه‌ستۆ
نه‌گرتنی ئه‌م ئه‌رکه وه‌کا پێمل بوون به تاوانی خۆ ده‌هاته ئه‌ژمار.
شوێنی به‌ڕێوه‌بردنی فرمان ته‌پۆڵکه‌یه‌ک بوو که تێلێکی چێوین له
نووچکه‌یا باش له عه‌رز چه‌قابوو، ده‌ورانده‌وری تێل به کۆته وپووش و
پڵاش هه‌ڵۆدرابوو.ته‌ته‌رێک فرمانی خوێنده‌وه، له ژێر قرچه‌ی هه‌تاوی
نیوه‌ڕۆدا، خوان پانۆنیایی به‌ده‌مه‌وه خۆی دابوو به عه‌رزا، وه‌ک به‌راز
ده‌یلوشکاند و چنگی له عه‌رز ده‌گرت. به‌ڵام جه‌للاده‌کان هه‌ڵیانساند.
رووت و قووتیان کرده‌وه و پاشان به‌ستیان به دار تێله‌وه و تاجه
کایه‌کی هه‌ڵکێشراو له که‌رکۆتیان له سه‌رنا. له لایه‌وه به‌رگێ له
"به‌رانبه‌رکێ له گه‌ڵ چاوقووڵی بازنه‌ییه‌کان" دانرابوو. دوێنێ شه‌و
باران باریبوو و پووش و پڵاش خراپ ده‌سووتا. خوان پانۆنیایی به یۆنانی
نزای کرد و پاشان به نیشانه‌کانی زبانێ نه‌ناسراو دووا. کاتێ که
ئائوره‌لیانۆ غیره‌تی وه‌به‌رخۆی نا و سه‌ری هه‌ڵهێنا، ئاگر خه‌ریک بوو
به‌و ده‌گه‌یی، گڕی ساند و ئائوره‌لیانۆ بۆ هه‌وه‌ڵین و ئاخرین جار ئه‌و
سه‌روچاوه‌ی دی که ئه‌وه‌نده رقی لێی بوو. که‌سێکی وه‌بیر هاته‌وه،
به‌ڵام نه‌یده‌زانی کێ. سه‌روچاو له ناو گڕی ئاگرا وونبوو. نه‌ڕاندی و
وه‌های نواند که کابرای سووتاو نه‌ڕاندوویه‌تی.
پلۆتارکۆ ده‌گێڕێته‌وه که ژولیۆس سێزار بۆ مه‌رگی "پۆمپه‌یی"46
فرمێسکی له چاو داوه‌راند. ئائوره‌لیانۆ بۆ مه‌رگی خوان نه‌گریا.
به‌ڵام چتێکی هات به‌سه‌را که پیاوی له مه‌رگ گه‌ڕاوه ده‌تووانی راڤه‌ی
بکات. له ئاکۆیی‌له‌ئا، له "ئه‌فه‌زۆ"47 له مه‌کدوونیا هێشتی
ساڵانێکی زۆر به‌سه‌ریا تێپه‌ڕێ. له هه‌رێمی دژواری ئیمپڕاتووری، له
زه‌ڵکاوه رووته‌کان و له بیابانه پڕ لمه‌کان که‌وته گه‌ڕان به‌ڵکوو
ته‌نیایی یاریه‌ی بدات و چاره‌نووسی خۆی بدۆزێته‌وه. له حوجره‌یه‌کدا له
"ماوریتانا"48 له شه‌وێکا تاوتۆی پاڵ دراوه‌که‌ی پانۆنیایی
کرده‌وه و بۆ هه‌زاره‌مین جار دڵی خۆی دایه‌وه. راڤه‌ی رووداوه‌که زیاتر
ئه‌شکه‌نجه‌ی ئه‌دا.له "روساددیر"49 نه‌ریتی نابه‌جێی" گڕه‌ی
سه‌رچاوه‌ی رووناکی له به‌ژنی لاده‌رێکی" به جێ هێنا. له "هیبه‌رنیا"50
له یه‌کێ له که‌پره‌کانی ناودارستانێکی چڕ، شه‌وێک، ده‌نگی باران
رایچڵه‌کاند. که‌وته بیری شه‌وێ له رۆما که هه‌ر به‌م شێوه ئه‌م
ده‌نگه رایچڵه‌کاندبوو. له نیوه‌رۆدا هه‌وره‌تریشقه‌یه‌ک داره‌کانی
سووتاند و ئائوره‌لیانۆ هه‌ر به‌و شێوه که خوان مردبوو، مرد.
کۆتایی ئه‌م چیرۆکه ته‌نیا به هێماکان راڤه ده‌کرێ. له‌وه‌ی که له
هه‌رێمی ئاسمانا رووئه‌دات، شوێنێ که وه‌ختان بوونی نییه. ره‌نگه بکرێ
بڵێین که ئائوره‌لیانۆ ووت و وێژێکی له گه‌ڵ خوادا هه‌بوو. خوایش، بی
مه‌یل به رێبازه ئایینیه‌کان وای زانی ئه‌و خوان پانۆنیاییه. به‌ڵام
ئه‌مه، هه‌رچۆنێ بێ، به‌ڵگه‌ی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵی هزروبیری خواوه‌نده.
دروستتر ئه‌مه‌یه بڵێین که ئائوره‌لیانۆ له به‌هه‌شتا تێگه‌یی که بۆ
خواوه‌ندی نه‌ناسراو،ئه‌و و خوان پانۆنیایی (دینداروبێ دین،خۆشه‌ویست
ونه‌ته‌ویست، تاوانبار و تۆڵه‌گه‌ر) هه‌ر یه‌کن.
1 –
Hunos
2 –
Civitas Dei
3 –
Aureliano
4 –
Aquilea
5 –
Monotoni
6 –
Juan Panonia
7 –
Procusto
8 –
Plutarco
9 –
Ixion
10 –
Prometeo
11 –
Sisifo
12 –
Tebas
13 –
Judas Iscariote
14 –
S.Pablo
15 –
S.Esteban
16 –
Cicerone
17 –
Lucullo
18 –
S.Matteo
19 –
Plinio
20 –
Consiglio di Pergamo
21 –
Euforbo
22 –
Patrologia di Migne
23 –
Cosmas
24 –
Bousset
25 –
Harnack
26 –
Treveris
27 –
Cesarea
28 –
Histriones
29 –
Frigia
30 –
Simulacros
31 –
Forme
32 –
Erfjord
33 –
Origenes
34 –
Nabucodonosores
35 –
Nitria
36 –
Sir Thomas Browne
37 –
Zohar
38 –
Leon Bloy
39 –
Pitagoras
40 –
Demostones
41 –
Carpocrates
42 –
Teopompo
43 –
Berenice
44 –
Genova
45 –
Aventino
46 –
pompeyo
47 –
Efeso
48 –
Mauritana
49 –
Rusaddir
50 –
Hibernia
|