|
ڤه‌کۆڵینی ئیبنی ڕوشد
خۆرخه
لۆئیس بۆرخس
وه‌رگێڕ
: عه‌تا ئه‌حمه‌دی
پێ‌ی وابوو که تراژێدی چتێ نییه جگه له هونه‌ری
پیاهه‌ڵدان....
ئێرنێست رێنان1، ئیبنی ڕوشد 48 (1851)
ئه‌بولوه‌لید محه‌مه‌د کوڕی ئه‌حمه‌د
کوڕی ڕوشد2(سه‌ده‌یه‌ک ئه‌م ناوه دوور‌و
درێژه‌ی به کۆڵه‌وه بوو هه‌تا بوو به ئیبنی روشد،له کوڕی ره‌ییس و
ئاونه‌ریتس گۆڕیا به کوڕی روشد و فیلیوس روسادیس)خه‌ریکی قه‌ڵه‌م
رادان بۆیانزه‌هه‌مین به‌شی کتێبه‌که‌ی تهافت التهافت (کاولیی کاولی)
بوو،هه‌رئه‌وکتێبه‌ی که‌له‌ودا دژ به غه‌زاڵی زانای ئێرانی و دانه‌ری
کتێبی تهافت الفلاسفه ( کاولیی پیتۆله‌کان ) ئه‌م بانگه‌شه‌ی کردووه
که کاروباری خودا هه‌ر له‌سه‌ر یاسای گشتییه که پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ
چه‌شنه‌کان هه‌یه نه‌ک تاکه‌کان. به هێورییه‌وه له‌ڕاسته‌وه بۆ
چه‌پ ده‌ینووسی. وردبینی ئه‌و له‌سازدانی قیاسه‌کانی و متوربه‌ی
ده‌سته‌واژه درێژه‌کانیش نه‌ده‌بووه کۆسپ که‌له دڵڕفێنی و دڵبازیی
خانووه‌که‌یدا هه‌ست به سوکنایی و خۆشی بکات. له‌وپه‌ڕی ئه‌م ژینگه
هێمنه‌دا، گمه‌گمی کۆتره ئه‌وینداره‌کان ده‌هاته گوێ.له‌حه‌وشه‌یه‌کی
نادیاره‌وه ده‌نگی قوڵپه‌قوڵپی فواره‌یه‌ک ده‌هات. شتێک له‌ناخی ئیبنی
ڕوشده‌وه که باو وباپیرانی له‌قاقڕستانه‌کانی عه‌ره‌بستانه‌وه
هاتبوون، ڕێز‌و حورمه‌تی بۆ به‌رده‌وامی قه‌ڵبه‌زه‌ی ئاو داده‌نا. له‌و
خواره‌وه، باخ و باخچه‌ی سه‌وزی چاندن، خوارتر دۆڵی ئه‌لکه‌ویر نوقمی
کاری خۆیان. دوورتر قه‌رته‌به،شاره خۆشه‌ویسته‌که‌ی به ڕووناکی
به‌غداد و قاهیره، وه‌ک ده‌ستکردێکی ناسک وئاڵۆز،به ده‌وریشیا (
ئیبنی ڕوشدهه‌ستی به‌مه‌یش ده‌کرد) خاکی ئێسپانیا هه‌تا دواسنوره‌کانی
درێژه‌ی بوو،خاکێ که چت
گه‌لێ که‌می تێدایه،به‌ڵام هه‌رچیه‌کی تێدایه وابزا بوونی
هه‌تاهه‌تاییه.
خامه له کاغه‌ز خۆش ده‌نیشت؛ هۆکاره حاشاهه‌ڵنه‌گره‌کان لێکده‌ئاڵان
به‌ڵام که‌ڵکه‌ڵه‌یه‌کی بچووک که‌لێنی ده‌خسته خۆشحاڵی ئێبنی
ڕوشده‌وه.هۆکه‌ی "تهافت" نه‌بووکه به‌ڕێکه‌وت پێویستی‌ی په‌یدا
کردبوو. به‌ڵکوو کێشه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی سه‌باره‌ت به‌کتێبێکی گه‌وره
بوو که‌ناوبانگی ئێبنی ڕوشد له‌ناو به‌ره‌کانی داهاتوودا بڵاو
ده‌کاته‌وه : لێکدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ره‌ستوو. ئه‌م یۆنانیه
که سه‌رچاوه‌ی هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌که، ناردرابووه ناو مرۆڤه‌کانه‌وه
تاوه‌کوو هه‌رشتێ که ئه‌گه‌ری فێربوونی هه‌یه فێریان بکات.
لێکدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی هه‌ر به‌و شێوه‌ی که زانا‌کان قورعان
لێکده‌ده‌نه‌وه، کارێکی ئه‌سته‌م بوو که ئێبنی ڕوشد ئه‌یویست بیکات.
له مێژوودا،که‌متر ڕووداوێک به جوانی و مه‌ینه‌تباری کاری ئه‌م
پزیشکه عه‌ره‌به ده‌بینرێ که ژیانی خۆی له پێناو هزری
پیاوێکداته‌رخان بکات که چوارده سه‌ده پێش ئه‌و ژیابوو. ئه‌م
گرفته‌ش سه‌رباری هه‌موو گرفته سه‌ره‌کیه‌کانی بوو که ئێبنی ڕوشد،
سوریانی و یۆنانی نه‌ده‌زانی و به‌پێی وه‌رگێڕان له وه‌رگێڕان کاری
ده‌کرد. شه‌وی ڕابردو دوو وشه‌ی بزر هه‌ر له ده‌سپێکی بوتیقادا
رایانگرتبوو. ئه‌م دوو وشه "تراغودیا" و "غومێدیا " بوون. ساڵانێک
به‌ر له‌ئێسته ئه‌وانی له کتێبی سێهه‌می فه‌نی ره‌وان‌بێژی دا
دیتبوو. هیچکه‌س له شارستانیه‌تی ئیسلامدا واتای ئه‌م دوو وشه به
مێشکیدا نه‌ده‌هات.له‌خۆڕایی ده‌سنووسه‌کانی حونه‌ینی ئیبنی ئێسحاقی
نه‌ستووری3 و ئه‌بووبه‌شه‌ری مه‌تتای4 پشکنیبوو.
ئه‌م دوو وشه ڕازاوییه له ده‌قی بوتیقادا په‌نگیان ده‌خوارده‌وه :
نه‌ده‌کرا پشتگوێ بخرێن.
ئێبنی ڕوشد خامه‌ی دانا. له‌به‌رخۆیه‌وه گوتی ( بێ ئه‌وه‌ی خۆی بڕوای
پێ بێت.) شتێ که به شوێنیه‌وه‌ین به‌زۆری له‌به‌ر ده‌ستماندایه،
ده‌سنووسه‌کانی "تهافتی" کۆکرده‌وه و به‌ره‌و قه‌فه‌سێک چوو که
به‌رگه‌کانی ئه‌لموحکه‌می ئێبنی سیده‌ی5 نابینای لێ‌بوو که
خۆشنووسه ئێرانیه‌کان ڕوونووسیان کردبوو. گاڵته ده‌بوو ئه‌گه‌ر به
مێشکیدا هاتبێ که ئه‌وانی به‌سه‌ر نه‌کردبێته‌وه، به‌ڵام چێژی
بێسوودی لاپه‌ڕه‌هه‌ڵدانیان هانه‌ی ئه‌وی دابوو. بیستنی چه‌شنێ ستران
ئه‌وی له دونیای ئه‌م سه‌ر‌قاڵییه هه‌ناسه‌بڕه ده‌رباز کرد.
له‌نێوان نه‌رده‌ی هه‌یوانه‌که‌وه تماشای کرد : منداڵانی نیمچه‌ڕووت
له‌حه‌وشه‌ی بچووکی خاکیدا کایه‌یان ده‌کرد. یه‌کیان چووبوه
قه‌ڵاندۆشکانی ئه‌ویدیه‌وه، بێگومان ده‌وری بانگبێژی ده‌گێڕا.
چاوه‌کانی به‌ستبوو و به ئاهه‌نگه‌وه ده‌نگی هه‌ڵده‌دا : لا اله الا
الله. که‌سێ که ئه‌وی کردبووه قه‌ڵاندۆشکان وشک وێسابوو و ده‌وری
مناره‌ی ده‌گێڕا. ئه‌ویدی که چۆکی دادابوو و سه‌ری له عه‌رز نابوو
ده‌وری باوه‌ڕداران. کایه‌که زۆر زوو کۆتایی پێهات : هه‌موو
ده‌یانویست بانگبێژ بن و که‌س ده‌وری مناره یان دینداری به‌دڵ نه‌بوو.
ئێبنی ڕوشد گوێی له ده‌نگیان بوو که به‌زاراوه‌ی به‌رایی پێکه‌وه
قسه‌یان ده‌کرد، واته به ئیسپانیایی نۆموسڵمانی ڕه‌شۆکی
نیمچه‌جزیره. کتێبی ئه‌لعه‌ینی خه‌لیل
( ئێبنی
ئه‌حمه‌د 6)ی
کرده‌وه‌و به فیزێکه‌وه وایزانی که له ته‌واوی قه‌رته‌به یان
ڕه‌نگه له‌ته‌واوی ئه‌ندۆلۆسدا ده‌سنووسیکی بێکه‌موکووڕی باشتر له‌م
ده‌سنووسه که ئه‌میر یه‌عقووب ئه‌لمه‌نسوور له ته‌نجه‌دا پێی‌دابوو
ده‌سناکه‌وێ. ناوی ئه‌م به‌نده‌ره وه‌بیری هێنایه‌وه که ده‌بێ
له‌گه‌ڵ ئه‌بولقاسمی ئه‌لئه‌شعه‌ری گه‌ڕۆکدا، که له مه‌راکێش
گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هه‌ر ئه‌و شه‌وه له ماڵی فه‌ره‌جی قورعان خوێندا
شێو بکات. ئه‌بولقاسم له‌وانه‌یه گه‌یشتبێته وڵاتانی ئێمپڕاتووری
چین. دوژمنانی به لۆژیکێکی تایبه‌ته‌وه که هه‌ڵقوڵاوی ڕق وقین بوو،
سوێندیان ده‌خوارد که هه‌رگیز پێ‌ی نه‌ناوه‌ته نێو خاکی چینه‌وه و
یان له په‌رسگه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا لادینانه له‌مه‌ڕ خوداوه قسه‌ی
کافرانه‌ی کردووه. بێگومان، شه‌ونشینی کاتێکی زۆری ده‌خایاند. ئێبنی
ڕوشد، خێرا چووه سه‌ر ده‌قی تهافت و تا خۆراوا کاری کرد.
وتووێژ له‌ماڵی فه‌ره‌ج سه‌باره‌ت به زانیاریه بێ وێنه‌کانی
حاکمه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد و له زانیاریه‌کانی ئه‌میردا گرسایه‌وه؛
پاشان له باخدا باسی گوڵی سووریا‌ن کرد. ئه‌بولقاسم که له‌وانی
نه‌ڕوانیبوو گوتی، هیچ سووره‌گوڵێک به قه‌د ئه‌و گوڵه سوورانه‌ی که
شاره‌کانی ئه‌ندۆلۆسیان ڕازاندووه‌ته‌وه، جوان نییه. فه‌ره‌ج
نه‌یده‌ویست کۆڵبدات و وڵامی دایه‌وه که ئیبنی قوتیبه‌ی7
زانستوان چه‌شنێکی تایبه‌ت له گوڵی هه‌میشه‌سوور ده‌خاته به‌رباس و
لێکۆڵین که له باخه‌کانی هێندوستاندا ده‌ڕوێن و له‌سه‌ر گه‌ڵای سوور
و ئاقێقیاندا پیتگه‌لێ نه‌خشێندراوه که ده‌خوێندرێنه‌وه : لا اله
الا الله. محمد رسول الله. گوتیشی که بێگومان ئه‌بولقاسم ئه‌م گوڵانه
ده‌ناسێ. ئه‌بولقاسم به ترسێکی زۆره‌وه چاوی له‌وکرد. ئه‌گه‌ر وڵامی
ئه‌رێنی بدات، هه‌موان ئه‌ویان وه‌ک ئاماده‌ترین و ڕاڕاترین
ته‌ڵه‌که‌باز ده‌ناسی؛ ئه‌گه‌ر وڵامیشی نه‌خێر بوایه، ئه‌ویان به
کافر ده‌ژمارد. باشتری زانی له‌به‌ر خۆیه‌وه بڵێ که کلیله‌کانی غه‌یب
لای خودایه و هیچ وشک و ته‌ڕێک له‌زه‌ویدا نییه مه‌گین له‌کتێبی
پیرۆزدا هاتبێ8. ئه‌م
وشانه هی یه‌کێ له یه‌که‌م سووره‌کان بوو. ئافه‌ره‌می ژێر لچ به‌ره‌و
پیری هات. ئه‌بولقاسم که سه‌رکه‌وتن له‌م مشتومڕه‌دا له‌خۆبایی کردبوو
ده‌یویست بڵێ که خوداوه‌ند بێ‌که‌لێنه و ڕێگه‌کانیشی دزه‌هه‌ڵنه‌گر
که ئێبنی ڕوشد هه‌روه‌ک وابزا پێشتر له مێتۆدی به‌ڵگاندنی هیوم
9 که هه‌نووکه‌ش جێی شک و گومانه، له چه‌ند سه‌ده پێشتره‌وه
به ئاگابێ، گوتی :
-
بۆمن
ساناتره که به هه‌ڵه‌ی ئێبنی قوتیبه‌ی زانستوان یان ڕوونووس نووسانی
به‌رهه‌می ئه‌و قایل بم تاوه‌کوو ئه‌م بڕوایه‌ی که ده‌ڵێ زه‌وی
گو‌ڵانێکی سوور به‌رهه‌م دێنێ که باسی دین و ئیمان ده‌که‌ن.
ئه‌بولقاسم گوتی :
-
ڕاسته. قسه‌یه‌کی جوان و به‌جێیه.
عه‌بدولمه‌لیکی شاعیر گوتی :
-
گه‌ڕۆکێک باسی دارێک ده‌کا که به‌ره‌که‌ی مه‌لی سه‌وزن.لای من
ساناتره که بڕوام به‌م داره‌بێت نه‌وه‌ک گوڵه سووری ئاخێوه‌ر.
ئێبنی ڕوشد گوتی :
-
وادیاره که ڕه‌نگی مه‌له‌کان په‌ر‌جۆ سانا ده‌کات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه
مه‌ل و میوه‌کان هی
دونیای سروشتین له‌حاڵێکدا نووسین هونه‌ره. له گه‌ڵاوه به مه‌ل
گه‌یشتن ساناتره تا له‌گوڵی سووره‌وه به پیته‌کان.
میوانێکی تر به ڕق و قینه‌وه نکوولی ئه‌وه‌ی کرد که نووسین
هونه‌ر بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سنووسی سه‌ره‌کی قورئان – دایکی
کتێبه‌کان- پێش ئافراندن له ئاسماندا ڕاده‌گیرا. ئه‌ویدی باسی جاحزی
به‌سری10 کرد که له‌بیروبڕوای داروده‌سته‌ی
مێتافیزیکییه‌کان که ده‌ڵێن هه‌ر سه‌ربه‌و دوو بۆچوونه‌ن، ده‌گونجێ.
فه‌ره‌ج به تێروته‌سه‌لی شیکاری ڕێساکانی دینی حه‌نیفی کرد. (گوتی)
قورئان یه‌کێ له نیشانه‌کانی خودایه، وه‌ک به‌زه‌یی ئه‌و، به شێوه‌ی
کتێب ده‌سنووسی لێ
هه‌ڵده‌گرینه‌وه،به زبان ده‌یڵێینه‌وه، به‌دڵ بیری ده‌که‌ین : زمان،
نیشانه‌کان و نووسراوه به‌رهه‌می مرۆڤه‌کانه،به‌ڵام قورئان
نه‌فه‌وتاو و بمێنه. ئێبنی ڕوشد که لێکدانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری کردبوو
ده‌یتوانی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکا که دایکی کتێبه‌کان شتێکه وه‌ک
مۆسۆلی ئه‌فلاتوونی. وه‌بیری هێنانه‌وه که مێتافیزیک پانتایه‌که که
ئه‌بولقاسم هه‌رگیز ده‌ستی نایگاتێ.
ئه‌وانیدی که به‌م خاڵه‌یان زانیبوو داوایان کرد له ئه‌بولقاسم که
شتێکی سه‌رسامکه‌ریان بۆبگێڕێته‌وه. له‌وسه‌رده‌مه‌شدا هه‌ر وه‌ک
ئه‌وڕۆکه جیهان بێبه‌زه بوو؛ هه‌م که‌سایه‌تی نه‌ترس ده‌یانتوانی
بیپێون و هه‌م ئه‌و به‌سته زمانانه‌ی که ملکه‌چیی هه‌موانیان ده‌کرد.
خه‌یاڵگه‌ی ئه‌بولقاسم ئاوێنه‌یه‌ک بوو له ترسنۆکیه ده‌روونیه‌کان.
چی ده‌توانی بگێڕیته‌وه؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش خوازیاری چیرۆکه
سه‌رسامکه‌ره‌کان بوون و ده‌کرێ بڵێین که سه‌یر و سه‌مه‌ره ڕاگواستنی
بۆ نییه؛ مانگی به‌نگال و مانگی یه‌مه‌ن وه‌ک یه‌ک نین، به‌ڵام هه‌ر
به‌و وشانه وه‌سف ده‌کرێن. ئه‌بولقاسم بۆ چرکه‌یه‌ک بێده‌نگ بوو،
پاشان ده‌ستی کرد به قسه‌کردن و به زمان لووسییه‌وه گوتی :
-
که‌سێ
که هه‌رێم و شاره‌کان ده‌بڕێ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی زۆر ده‌بینێ. وه‌ک
ئه‌م نموونه، که هه‌ر به‌ته‌نیا جارێک بۆ پادشای تورکه‌کانم
گێڕاوه‌ته‌وه. به‌سه‌رهاته‌که له سین کالان (کانتون) دا، شوێنێ که
ڕووباری ئاوی ژیان ده‌ڕژێته ده‌ریاوه، ڕوویداوه.
فه‌ره‌ج پرسیاری کرد که ئاخۆ
ئه‌م شاره له دیوارێک که ئه‌سکه‌نده‌ری زولقه‌رنه‌ین (
ئه‌سکه‌نده‌ری دووشاخی مه‌قدوونی ) بۆ به‌رگری له هێرشی یاجوج و ماجوج
درووستی کرد، زۆردووره؟
ئه‌بولقاسم به له‌خۆبایی بوونێکی بێ ئێختیاره‌وه وڵامیدا :
-
گه‌لێک سارا له‌نێوانیاندایه. کاروان ده‌بێ چل ڕۆژان ڕێ ببڕێ تاوه‌کوو
برجه‌کانی ده‌رکه‌وێت و پاشانیش ئه‌وه‌نده‌ی تر ڕێ ببڕێت تا پێ‌ی بگات.
له سین کالاندا نه‌مبیست که باسی که‌سێ بکه‌ن که دیبێتی یان ئه‌و
که‌سه له یه‌کێکی بیستبێ که دیبێتی. ترسی ئه‌ستووری بێ‌کۆتایی،
فه‌زای ڕووت، ماکی ساکار بۆ چرکه‌یه‌ک ئێبنی ڕوشدی شڵه‌ژاند. له باخی
هاوسه‌نگی ڕوانی. هه‌ستی کرد پیربووه. بێکه‌ڵک و ناڕاسته‌قینه.
ئه‌بولقاسم ده‌یگوت :
-
شه‌وێکیان بازرگانه موسوڵمانه‌کانی سین کالان منیان برده ماڵێکی
دارینی ڕه‌نگ کراوه‌وه که له‌ودا زۆرکه‌س ژیانی ده‌برده‌سه‌ر. ئه‌م
خانووه‌م بۆ وه‌سف ناکرێت، له‌ڕاستیدا هه‌ر ژوورێک بوو به ڕیزێک له
حوجره یان هه‌یوانگه‌لێک که یه‌ک له‌سه‌ریه‌ک هه‌ڵچنرابوون. له‌م
کونانه‌دا که‌سانێک بوون که خواردن و خواردنه‌وه‌یان له ته‌ختی زه‌وی
و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هه‌یوانێک بوو. که‌سه‌کان له‌سه‌ر هه‌یوان ته‌پڵ و
عودیان ده‌ژه‌ند، بێجگه له پانزه بیس که‌سێکیان (به ده‌مامک گه‌لێ
به‌ڕه‌نگی سووری تۆخ) که خه‌ریکی سکاڵا بوون، سترانیان ده‌گووت و
قسه‌یان ده‌کرد. ئه‌وان دیل بوون به‌ڵام که‌س به‌نده‌که‌یانی
نه‌ده‌دیت. سوار بوون و که‌س ئه‌سپه‌که‌یانی نه‌ده‌دی. شه‌ڕیان ده‌کرد
به‌ڵام شمشێره‌کانیان له نه‌ی بوو، ده‌مردن به‌ڵام هه‌مدیس
هه‌ڵده‌ستانه‌وه.
فه‌ره‌ج گوتی :
-
جووڵه‌ی شێته‌کان له خه‌یاڵی ئاقڵاندا ناگونجێ.
ئه‌بولقاسم ناچار له ڕوونکردنه‌وه بوو :
-
ئه‌وانه شێت نه‌بوون. یه‌کێ له بازرگانه‌کان پێمی وت که خه‌ریکی
شانۆگه‌ری چیرۆکێکن.
که‌س
هیچ تێنه‌ده‌گه‌یی و وادیار بوو که‌سیش نایهه‌وێ تێبگات.ئه‌بولقاسم که
شه‌رمه‌زار بووبوو، له گێڕانه‌وه‌یه‌کی خۆش بۆ درێژدادڕییه‌کی
درێژخایه‌ن بایداوه. به‌ده‌م قسه‌کردنه‌وه ده‌سته‌کانی ده‌جووڵاند و
گوتی :
-
وێنای
بکه‌ین که که‌سێ له‌باتی ئه‌وه‌ی چیرۆکێ بگێڕێته‌وه، نیشانی بدات،
بۆنمونه چیرۆکی هاواڵانی که‌هف. که‌وایه ئه‌وان ده‌بینین که په‌نا
ده‌به‌نه به‌ر ئه‌شکه‌وت. ده‌یانبینین که سکاڵا ده‌که‌ن، ده‌خه‌ون.
ده‌یانبینین که بێ ئه‌وه‌ی پێڵوویان لێک بنن ده‌خه‌ون. دیسان
ده‌یانبینین که پاش 309 ساڵ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستن و دراوێکی کۆن ده‌ده‌ن
به بازرگانێ،له به‌هه‌شتدا خه‌وه‌ریان ده‌بێته‌وه، ده‌بینین که
له‌گه‌ڵ سه‌گه‌که‌یاندا هه‌ڵده‌ستن. شتێ که ئه‌و که‌سانه له‌سه‌ر
هه‌یوان نیشانی ئێمه‌یان ده‌دا شانۆیه‌ک بوو له‌م چه‌شنه.
فه‌ره‌ج پرسیاری کرد :
-
ئه‌م
که‌سانه قسه‌یان ده‌کرد؟
ئه‌بولقاسم که ببووه لایه‌نگری ئه‌م دیمه‌نه‌ی که به‌حاڵ له‌بیری
مابوو و گه‌لێ جاڕزی کردبوو، گوتی :
-
شکی
تێدا نییه که قسه‌یان ده‌کرد،قسه‌یان ده‌کرد، گۆرانیان ده‌خوێند،
نوتقیان ده‌کرد.
فه‌ره‌ج هاته سه‌رئه‌وه‌ی که :
-
که‌وایه پێویستی به بیس که‌س نه‌بوو. هه‌ر تاقه گێڕه‌وه‌رێک
ده‌توانێ هه‌مووشت بگێڕێته‌وه، هه‌رچه‌نده‌ش دژوار بێت.
هه‌موو دانیان به‌م بڕیاره‌دا نا. ئه‌و فه‌زیله‌تانه‌ی زمانی
عه‌ره‌بیان په‌سن کرد که خودا بۆ فه‌رمان دان به فریشته‌کان که‌ڵکی
لێوه‌رده‌گرێ. پاشان به شێعری عه‌ره‌بانیان هه‌ڵدا. عه‌بدولمه‌لێک پاش
ئه‌وه‌ی که له وته‌کانیان ئه‌و جۆره که شیاوی بوو ده‌سخۆشی کرد،
تاوانی دواکه‌وتوویی داپاڵ ئه‌و شاعێرانه‌ی که له دیمشق و
قه‌رته‌به‌دا به پێداگرییه‌وه خولیای شوانه‌کان بوون و چه‌شنێ
وشه‌گه‌لی به‌راییان له به‌رهه‌مه‌کانیاندا ده‌گونجاند. گوتی زۆر
سه‌یره که‌سێ که دۆڵی ئه‌لکه‌ویری بۆ ڕاخراوه تامه‌زرۆی ئاوی بیر
بێت. بڕوای وابوو، نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ی خوازه‌کۆنه‌کان پێویسته؛ گوتی
ئه‌و کاته‌ی زوهه‌یر11 چاره‌نووسی به وشتری کوێر شوبهاند، ئه‌م
کاره وێژه‌ییه خه‌ڵکی سه‌رسام کرد به‌ڵام پێنج سه‌ده په‌سن کردنی،
کۆنه‌ی کردووه. هه‌موان به‌م بڕوا که پێشتر له زاری زۆرکه‌سی
تره‌وه بیستبوویان دانیان پێدانا. ئێبنی ڕوشد بێده‌نگ بوو. دواتر
هاته‌گۆ، زیاتر بۆخۆی نه‌ئه‌وانیدی. ئێبنی ڕوشد گوتی :
-
پێشتر
به‌سه‌رمدا هاتوه که به ڕه‌وانبێژییه‌کی که‌متره‌وه، به‌ڵام به
هۆکارگه‌لێکی هاوشێوه له‌و پرسانه‌ی که عه‌بدولمه‌لێک لایه‌نگری
لێده‌کات، به‌رگری بکه‌م. له ئه‌سکه‌نده‌رییه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه
ده‌که‌ن که ته‌نیا، که‌سێک تووشی تاوان نابێت که پێشتریش کردبێتی و
تۆبه‌ی لێکردبێ. ئه‌وه‌ش بڵێین که بۆ ده‌ربازبوون له هه‌ڵه‌یه‌ک باش
وایه که دانمان پێدانابێ. زوهه‌یر له موعه‌له‌قه‌یه‌کدا ده‌ڵێ که
له درێژه‌ی هه‌شتا ساڵ مه‌ینه‌ت و شانازیدا، زۆرجار دیتوویه که
چاره‌نووس وه‌کوو وشترێکی کوێر له ناکاو مرۆڤه‌کان سه‌رونخون بکات؛
عه‌بدولمه‌لێک بڕوای وایه که ئه‌م چه‌شنه وێژه‌ییه ئیتر ناتوانێ
ئێمه سه‌رسام بکات. ده‌توانین زۆر شت له هه‌مبه‌ر ئه‌م ڕه‌خنه‌دا
دابنێین. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی شێعر سه‌رسام کردنی
ئێمه بوایه‌ت، به‌رده‌وامییه‌که‌ی نه‌ک به سه‌ده که به ڕۆژ و
سه‌عات، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه به خوله‌کیش هه‌ڵده‌سه‌نگێندرا. دووهه‌م
ئه‌وه‌ی که شاعێری گه‌وره زۆرتر ئه‌و که‌سه‌یه که ده‌دۆزێته‌وه
نه‌ک ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌خولقێنێ. له په‌سنی ئێبنی شه‌ره‌فی
به‌رخاییدا گه‌لێ جار گوتوومانه که هه‌ر له ئه‌و وه‌شاوه‌ته‌وه که
به هێوری داکه‌وتنی ئه‌ستێره‌کان له ئاسمان له کاتی به‌ره‌به‌یاندا،
وێنا بکات، هه‌ر به‌وجۆره‌ی که گه‌ڵای دار ئه‌ڕژێ؛ شتێ که ئه‌گه‌ر
ڕاست بووایێ، ده‌ری ده‌خست که ئه‌م وێنایه هیچ بایه‌خێکی نییه.
وێنایه‌ک که هه‌ر تاقه که‌سێک تێی بگات، شتێکه که که‌س
ڕاناچڵه‌کێنێ. شته‌کانی جیهان بێکۆتایین، ده‌توانین هه‌رکامی به‌ویدی
لێکچوێنین. لێکچواندنی ئه‌ستێره به گه‌ڵا که‌متر له لێکچواندنی
ئه‌وان به ماسی یان مه‌ل به‌دڵخواز نییه. له لایه‌کی دیکه‌وه
هیچکه‌س نییه که به‌لانی که‌مه‌وه بۆ جارێک دانی به‌وه‌دا نه‌نابێ
که چاره‌نووس ده‌سه‌ڵاتدار و گه‌مژه و له هه‌مان کاتدا بێگه‌رد و
نامرۆڤانه‌یه. شێعری زوهه‌یر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م بڕوایه که
ده‌وتوانێ تێپه‌ڕ یان به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام که‌س له‌سه‌ر خۆی
لانابات. شتێ که له‌و شێعره‌دا هاتووه، باشتر له‌و ناوترێ. هه‌روه‌ها
(ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه سه‌ره‌کی ترین به‌شی هزره‌کانم بێت) چه‌رخی گه‌ردوون
که کۆشکه‌کان ده‌ڕمێنێ،
شێعر ده‌خه‌مڵێنێ. شێعری زوهه‌یر کاتێ له عه‌ره‌بستان هۆنرایه‌وه،
به مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی دوو وێنه بوو : وێنه‌ی وشتری پیر و
وێنه‌ی چاره‌نووس. کاتێ ئه‌مڕۆ دووپات بێته‌وه بیره‌وه‌ری زوهه‌یر
زیندو ده‌کاته‌وه وهه‌ستی ئێمه ئاوێته‌ی هه‌ستی شاعێری مردوو ده‌کات
. شێوه‌ی وێژه‌یی دووپاژی بوو ئێستاکه بووه‌ته چوار پاژ. کات بۆ
ناوه‌رۆکی شێعر هۆکارگه‌لێ سازده‌کات و ده‌زانم که، وه‌کا مۆسیقا،
هه‌موویان بۆ هه‌موو مرۆڤه‌کانن. به‌م چه‌شنه ساڵانێک پێش ئێسته له
مه‌راکێش به یادی بیره‌وه‌ریه‌کانی قه‌رته‌به له خوێندنه‌وه‌ی
شێعرێکی عه‌بدوڕه‌حمان12 که له باخه‌کانی کۆشکه‌که‌یدا
به‌رامبه‌ر به دارخورمایه‌کی ئه‌فریقایی دا هۆنیبوویه‌وه، چێژم
ده‌برد :
تۆش
ئه‌ی دار خورما! بیانیت له گه‌ردووندا.
وشه‌گه‌لێ که پادشایه‌ک نووسیبووی که داخی ڕۆژهه‌ڵات ده‌خوا، منێ که
دوورخراوی ئه‌فریقابووم یارمه‌تی دام تاوه‌کوو ده‌ردی دووری له
ئێسپانیا ده‌ربڕم.
ئه‌وسا ئێبنی ڕوشد
باسی یه‌که‌مین شاعێرانی کرد، که‌سانێ که له سه‌رده‌می نه‌زانی پێش
ئیسلام هه‌ر له به‌را هه‌موو شتێکیان له زمانی بێبڕانه‌وه‌ی سارا‌دا
گوتبووه‌وه. ئه‌و که به چه‌ند هۆیه‌ک سه‌ری له هیچ وپووچی شێعری
ئێبنی شه‌ره‌ف ده‌رهێنابوو، گوتی که هه‌ر شێعرێک بۆ ئاسه‌واری
ڕابردووان و قورئان ده‌گه‌ڕێته‌وه : بایی بوونی داهێنان له
نه‌زانییه و ئه‌نجامه‌که‌ی تێکشکان. ئاماده‌بووان به چێژه‌وه گوێ
بیستی بوون، چونکه ستایشی ڕابردووی ده‌کرد. مه‌لابانگان بوو که ئێبنی
ڕوشد هاته کتێبخانه‌که‌یه‌وه. (له حه‌ره‌مسه‌رای کڵفه‌تانی
سهوزهڕوو کڵفه‌تێکی مووسووریان ئه‌شکه‌نجه‌دابوو به‌ڵام تا
دوانیوه‌ڕۆ هه‌واڵه‌که‌ی به‌و نه‌ده‌گه‌یشت ). شتێک واتای دوو وشه‌ی
نادیاری بۆ ده‌رخستبوو. به خه‌تێکی به‌ده‌ستوور و ورد ئه‌م دێڕانه‌ی
خسته سه‌ر ده‌سنووسه‌که‌ی : " ئه‌ره‌ستوو په‌سنه‌کان به تراژێدی
وهه‌جو وته‌کفیره‌کانیشی به به‌زمه‌سات (کۆمێدی) واتا لێده‌داته‌وه.
تراژێدی و کۆمێدی گه‌لی شیاوی باس له لاپه‌ڕه‌کانی قورئان و
موعه‌له‌قاتی سه‌بعه‌دا زۆرن. "
خه‌وی ده‌هات و تۆزێکیش سه‌رمای بوو. مێزه‌ره‌که‌ی کرده‌وه وله
ئاوێنه‌یه‌کی کانزادا تماشای خۆی کرد. نازانم چاوه‌کانی چ شتێکیان
به‌دی کرد، چونکه هیچ مێژوونووسێک باسی سه‌روسیمای ئه‌وی نه‌کردووه.
ده‌زانم که ئه‌و له‌پڕ ونبوو، وه‌کا ئه‌وه‌ی ئاورێکی بێ تیشک ئه‌وی
سووتاندبێ و له‌گه‌ڵ ئه‌و، ماڵ و فواره‌ی ڕوون و کتێبه‌کان،
ده‌سنووسه‌کان و کۆتره‌کان، جه‌ماوه‌ری کڵفه‌تی سهوزهڕوو
و کڵفه‌ته تۆقاوی مووسوور وفه‌ره‌ج و ئه‌بولقاسم و بنه گوڵه
سووره‌کان و ڕه‌نگه دۆڵی ئه‌لکه‌ویریش بزربووبێتن.
***
له چیرۆکی سه‌ره‌وه‌دا مه‌به‌ستم باسکردنی ڕه‌وتی شکست هێنانێک
بوو. له به‌را بیرم له سێر ئۆسقۆف کانتێربوری کرده‌وه که ویستی
بیسه‌لمێنێ که خودایه‌ک بوونی هه‌یه؛ پاشان له ئه‌و کیمیا گه‌رانه‌ی
که سه‌وداسه‌ری دۆزینه‌وه‌ی ئێکسیری هه‌ره‌گه‌وره بوون؛ ئینجا
له‌وانه‌ی که سێگۆش
بوونی سووچ و دووجا بوونی جه‌غز که‌ڵکه‌ڵه و خه‌یاڵی خاویان بوو؛
پاشان بیرم کرده‌وه دۆخی که‌سێ که به‌شوێن ئامانجێکه‌وه‌یه جگه له
خۆی له‌که‌س شاراوه نییه، گه‌لێ سۆزمه‌ندانه‌تر ده‌بێت. ئێبنی ڕوشدم
هێنایه‌وه یاد که چلۆن له چواردیواری کولتوری ئیسلامی دا قه‌تیس
مابوو، هه‌رگیز په‌ی به واتای وشه‌گه‌لی تراژێدی و کۆمێدی نه‌برد.
به‌سه‌رهاتی ئه‌وم ده‌گێڕایه‌وه؛ تاده‌هات تووشی هه‌ستێک ده‌بووم له
چه‌شنی هه‌ستی ئه‌و خواگچکه‌ی که بێرتۆن باسی کردبوو، ئه‌وه‌ی که
ده‌یویست گایه‌کی که‌ڵ بخولقێنێ و گامێشی ئافراند. تێگه‌یشتم که
به‌رهه‌مه‌که‌م گاڵته به خۆم ده‌کات. تێگه‌یشتم ئێبنی ڕوشد که به‌بێ
ناسینی شانۆ هه‌وڵی ناسینی شانۆنامه‌ی ده‌دا، له من پووچه‌ڵتر
نه‌بووه، له منێ که به پشتبه‌ستن به چه‌ند لاپه‌ڕه له "رێنان"،
"له‌ین13 " و "ئاسین پالاسیوس14 " هه‌وڵ ده‌ده‌م
ئێبنی ڕوشد وێنا بکه‌م. له دوایین لاپه‌ڕه‌دا تێگه‌یشتم که
چیرۆکه‌که‌م له کاتی نووسین دا هێمایه‌ک بووه له مرۆڤێک که
خولقاندبووم، و بۆ نووسینی ئه‌م چیرۆکه، ده‌بوو ببمه ئه‌و مرۆڤه وبۆ
بوون به‌و ناچار له نووسینی ئه‌م چیرۆکه بووم وهه‌روا تا هه‌تایه. (
ئێبنی ڕوشد ئه‌و چرکه‌ی وا بڕوام پێنه‌ما بزر بوو.)
1.
Ernest Renan
نووسه‌ر و مێژوونووسی فه‌ره‌نسی (1823-1892)
2.
بۆر‌خێس لێره‌دا دێڕی ژێره‌وه‌ی خسته‌ته ناو دووکه‌وانه‌وه که هه‌ر
له کولتووری ڕۆژاوادا ده‌توانێ بایه‌خی هه‌بێت : ( سه‌ده‌یه‌ک تێپه‌ڕی
تا ئه‌م ناوه‌درێژه پاش بێن ڕائیست
Benraist
و
ئاوێنریز
Avenryz
و هه‌روه‌ها ئابێن ره‌ساد
Aben-Rassad
و فیلیوس روسادیس
Fillius.Rosadis
بگۆڕێته سه‌رئاوێڕوئێس
Averroes.
م
3.
حونه‌ینی ئێبنی ئێسحاق (194-260ه.ق) ته‌بیبی نه‌ستووری و وه‌رگێڕی
به‌رهه‌می یۆنانی به سوریانی و عه‌ره‌بی.
4.
ئه‌بوبه‌شری مه‌تتا (کۆچی دوایی 328 ه.ق) لۆژیست (منطقی) و وه‌رگێڕی
توانای به‌رهه‌می یۆنانی له سوریانی به عه‌ره‌بی.
5.
ئیبنی
سیده (398-458ه.ق) وێژه‌ر، وشه‌ناس ونحوی سه‌رده‌می ملوک
الطوایفی ئه‌ندلۆس. به‌رهه‌مه به‌ناوبانگه‌که‌ی ئه‌لموحکه‌م
وئه‌لموحیت وئه‌لئه‌عزه‌می ناوه که قامووسێکی ده‌وڵه‌مه‌نده.
6.
خه‌لیل ئیبنی ئه‌حمه‌د (کۆچی دوایی 175ه.ق) زانستوانی سینتاکس وفقه‌اللغه
و دانه‌ری زانستی عه‌رووزی عه‌ره‌بی. یه‌که‌م که‌س که قامووسێکی
(به‌ناوی کتاب العه‌ین) ی بۆ زمانی عه‌ره‌بی نووسی.
7.
ئیبنی
قه‌تیبه‌ی ده‌ینووری (213-276ه.ق) مێژوونووس و نووسه‌ری وشه‌ناسی
موسوڵمان دانه‌ری عیون الاخبار،الشعروالشعراو ادب الکاتب.
8.
سووره‌ی ئه‌نعام، 59
9.
David Hume
(1711-1776) پیتۆڵی ئه‌زموونی ئینگڵیزی.
10.
جاحزی به‌سری(160-255) وێژه‌ر و نووسه‌ری گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب، موته‌که‌لمی
موعته‌زه‌لی و سازده‌ری تاقمی جاحزییه.
11.
زوهه‌یری ئه‌بی سه‌لمی- شاعێری ناسراوی عه‌ره‌بی جاهلی و نووسه‌ری یه‌کێ له
موعه‌له‌قاتی سه‌بعه.
12.
ناوی چه‌ند که‌س له پادشا موسوڵمانه‌کانی ئه‌ندۆلۆس.
13.
Lane
14.
Asin Palacios
|