ئانتیگۆنه سۆفۆکلێس وهرگهڕاوی : موفیده مهزههر
(ئایسمنه له کۆشک ئهباته دهرهوه)
ئانتیگۆنه:
ئایسمنه خوشکی
ئازیزم هاورازی رۆژی تهنگانهم بڵێی زئوس بۆ گوناهانی ئودیپوس لێمان خۆش
بێ. نهنگی ههمووان و نزای خودایانم سهرباری خهمی خۆم و تۆ کردوه.
ئاگات له ناڕهوای دوژمن بۆ سهر ئازیزانمان ههیه یان بێ خهبهری؟ قاو
بڵاوه.
ئایسمنه: له دوێکهوه که ئهو
بهڵا سهخته، مهرگی براکانمان که یهکیان کوشت، بهسهرماندا هات
نه بۆ پرسه نه پیرۆزبایی
کهس نههات بۆلام و نهیدوانم ئانتیگۆنه. باش ئهزانم وهک ئهم شهوه
دوایی دێ لهشکهری "ئارگۆ" ش رۆییوه و ئیتر هیچ نیه شادم کات یان زامم
بکولێنێتهوه.
ئانتیگۆنه:
ئهزانم ،گوێبگره، تۆم له کۆشک هێناوهته دهرهوه کهس ئاگای لێمان نهبێ.
ئایسمنه: چیه؟ تۆفان له
سیماتدایه.
ئانتیگۆنه:
کڕئۆن گۆڕی به
برایهکمان بهخشیوهو ئهویتری بێبهش کردوه رێز لهیهکیان ئهگرێت
ولهویتر نا. بزانه چ ستهمێکیان لێکردوین؟ تهرمی ئاتهکلیس بهرێزهوه
ئهنێژرێ. مردوان بهرێزهوه به پیریهوه ئهچن. بهڵام پۆلۆنیکس،
برا بێچارهکهی تۆ، کرئۆن نایهڵێ ئهسپهردهی خاک کرێت. نایهڵێ بۆی
بگرین و شینی بۆ بگێڕین. ئهیهوێ، بێ ئارامگهیهک، له سهر خاک فڕێی
دهن. کرئۆن، برا ئازیزهکهمان بهو قهل و داڵه برسیانه ئهسپێرێ که
بۆ پارویهک ئاسمان ئهپێون. ئهڵێن ئهمه فهرمانی کرئۆن ه. بهم زوانه
خودی خۆی دێ بۆئێره. فهرمان دهربکات و نافهرمان له بهردهباران
بترسێنێت. ئایسمنه ئهمهیه ئهو رۆژهی تۆ شهرهفی خۆت بنوینی یان به
پێچهوانه.
ئایسمنه: من؟ منی بێچاره چیم
پێئهکریهت؟
ئانتیگۆنه:
بڵێ یارمهتیم ئهدهی؟ شان بهشانم بهشهر دێی؟
ئایسمنه: بۆ؟ ئهتهوێ چ بکهی؟
چیت له سهردایه؟
ئانتیگۆنه:
دهستهکانم.
تماشایان بکه، یارمهتیان به، باتهرمهکه ههڵبگرینهوه.
ئایسمنه: ئهتهوی بینێژی؟
ئانتیگۆنه:
ئهوه برامه.
براته. ئهگهر تۆ لهبیری ببهیتهوه من ناتوانم چاوپۆشی لێبکهم.
ئایسمنه: ماڵوێران دژ به کرئۆن
ئهوهستی؟
ئانتیگۆنه: کرئۆن نابێ من له
کهسهکانم دابڕێت.
ئایسمنه: ئانتیگۆنه وهبیرت
بێنهوه باوکمان چۆن نهفرهت لێکراو و ترساو و سهرشۆڕ مرد. ئهو
تاوانانه وه بیر بێنهوه خۆی ئاشکرای کردن. چۆن خۆی به دهستی خۆی
چاوهکانی خۆی ههڵکۆڵی. ئهو پهته بێرهوه بیر وا دایکمان، دایکی من و
تۆ، که دایکی ئهو و ژنیشی بوو خستیه مل خۆی و خۆی خنکاند. براکانمان،
براکڵۆڵهکانمان، چۆن لهمهرگی یهکترا هاوبهش بوون و گیانیان بۆ
براکوشتن بهخت کرد. دووخوشکی ئاوارهی بێکهس چ چارهنووسێک
چاوهرێمانه ئهگهر دژی پادشا و یاسا بوهستین. ئانتیگۆنه
ئێمه ژنین چۆن
ئهتوانین له گهڵ پیاوان شهڕ بکهین. دهسهڵات له ههموو شت به
هێزتره. ئهبێ مل کهچی بیت یان خراپه دێته رێت. من له خاک خهوتوان
ئهپاڕمهوه. بهڵکوو لێم خۆش بن. من شۆڕش ناکهم. سنوری یاسا بهزاندن
شێتیه.
ئانتیگۆنه:
باشه ئیتر هیچم له تۆ ناوێ. له
سهری مهڕۆ بێزارم مهکه. من برایهکم ههیه ئهبێ ئهسپهردهی خاکی
بکهم. دوای ئهو خهتا جوانه، مردن بۆ من خۆشه. به رێزهوه له
تهنیشت ئهوکهسهدا خۆشم ئهوێت، ئارام ئهگرم. چون سهردهمێ که ئهبێ
به دڵی زیندوان بم زۆر کورت تره لهو ماوهی که ئهبێ به دڵی مردوان بم.
من بۆ ههمیشه ئهچمه ژێر خاک. تۆش به دڵی خۆت خودایان به سووک بگره.
ئایسمنه: من به سووک نایانگرم.
بهڵام ناتوانم دژ به یاسا بوهستم.
ئانتیگۆنه:
بیانوویهکی
باشه. من ئهڕۆم براکهم به خاک بسپێرم.
ئایسمنه: له چارهنووست
ئهترسم.
ئانتیگۆنه:
ترست بۆ من نهبێ.
ههوڵی خۆتت بێ.
ئایسمنه: که وایه لای کهس
باسی مهکه. من وس ئهبم. نهێنی خۆشکم نهێنی منه.
ئانتیگۆنه:
نا بڕۆ بیدرکێنه.
له هاودهنگی تۆ ئهترسم. بڕۆ لای ههمووکهس بڵێ من چیم ئهوێ.
ئایسمنه: تۆ گڕیت . گڕی
خۆشویستن.
ئانتیگۆنه .
بۆ مردوان.
ئانتیگۆنه:
ئهزانم ئهوهی
ئهبێ خۆشی بوێم خۆشی ئهوێم.
ئایسمنه: تۆ نهکراوه
داوا ئهکهی.
ئانتیگۆنه:
وایه. له سهر
سنوری مان و نهمان ئهگلێم.
ئایسمنه: بهربهرهکانێی یاسا،
تاوانه.
ئانتیگۆنه: بهسه ئامۆژگاری،
تۆڵهی من له سهر تۆڵهی دادوهرانهی برامردوهکهمان زیاد که. دهس له
بهرۆکی من و خولیام بهرده، با رێگهی بێکۆتایی بگرینه بهر. له مهرگی
سهربهرز زیاتر هیچ نیه.
ئایسمنه: ئهمه خواستی تۆیه
ئانتیگۆنه
که وایه بڕۆ
ئهی سوداسهری به وهفا.
(جوێ ئهبنهوه. ئانتیگۆنه بهرهو کویستان و
ئایسمنه بۆ کۆشک. کۆمهڵی پیره پیاوان دێنه ژوورهوه.)
هاودهنگهکان:
داویه لهسهر حهوت دروازهی شار جوانترێن تیشکی زێڕینی ههتاو
چاوی رۆژ ههڵدێته سهر
کێڵگهو کانیاو
تۆ!
قهڵغانی سپی سهربازه زرێ
پۆشهکانی ئارگۆ-ت داماڵی
له مهیدانی شهڕدا
جهنگاوهرانی سهرلێشهواوت
راماڵی
پۆلۆنیکس هێرشیکرده سهر
نیشتمان
وهک ههڵۆیهک به باڵی
بهفرین، قیڕهی جهرگبڕی دایگرت ئاسمان.
شهق شهقهی شمشێر و
سهرکڵاوی شهڕی رازاوه به پهڕ
بهسهر شارماندا ههڵفڕی.
ترسی ژاراوهی خهنجهری
پشتێنهی مهرگی له پشت
حهوت دروازه توند کردبوو.
ئێستا رۆییوه
پێش ئهوه خوێنمان
بخواتهوه.
پێش ئهوه ئاگر بهر
بداته برجه بهرزهکانمان
گڕی قیراوی مهشخهڵی.
زئوس بێزاره له زۆربێژی
توند و تیژ
که دی ئهم جهنگاوهره
نهترسانه
وهک رۆبارێک گهوره
و گران
روو ئهکهنه شارهکهمان
تریشقهی گڕاوی خۆی
گرته ئهو کهسه بڕوای
نهبوو بهو بروسکه و
بهسهرکهوتوویی
ئهینهڕاند.
تریشقه دای به زهویدا
و زهبری جهستهی، ئهرزی
لهرزاند
ئهو کهسه وا مهشخهڵ
له دهست
سهرخۆشی سهرسام بوونی
"مایناس"هکان
خۆی به ئاگردا ئهدا
وهک رهشهبا
جهستهی بێ ههست کهوته
سهر خاک.
هاوڕێیانی پرش و بڵاو
به زهنگ و زهبری ئارێس،
خودای دڵرهق
جهنگاوهری یاری ئێمه
نوقمی عهرزن
سهرکۆڕ: حهوت سهرداری حهوت
دروازه حهوت
جهنگاوهری دلێر
باجی چهکی مهفرهقین یان
پێشکهش زئوس خواوهندی
گشت جهنگهکان کرد
له کاتێکا
دوو کهس، رۆڵهی یهک باوک و دایک
خهنجهری بۆ خوێن تینویان
له کێلانی دهرکێشا بوو
له ئهنجامدا ههر دوو
وهک یهک
له پێناو مهرگ
حهسانهوه.
هاودهنگان: که سهر کهوتن رووی
تێکردین، شادی هێناوه بۆ تبای
دهبا گۆبهندێک ساز
بکهین . تاڵی جهنگی دوابڕاومان له یاد بچێت.
ههتا بهیان سهر له
ههموو نوێژگهی خوداکانمان ئهدهین
ئاواز ئهچڕین سهما
ئهکهین بهڵکوو باخووس رابهرمان بێ
ئهو ئیزهدهی که ترپهی
پێی بۆ ههڵپهڕین جهستهی زهوی ئهلهرزێنێ.
سهرکۆڕ: ئهوه کرئون ی کوڕی
منۆیکئوس دێت. به چاودێری خودایان کرئون پادشای تازهمانه. چی له
سهرایه؟ بۆچی بهپهله دێ بۆ دێتنی پیرانی شار؟
(کرئون و به دوایا
سهرباز دێنه ژورهوه)
کرئۆن: ئهی مهزنانی
تبای! له سهر خواستی خودایان، ئهو شاره که چۆکی دادا بوو، ئێستا له
سهر پێی وهستاوه. له ههموو خهڵکی شار، من ههر ئێوهم ههڵبژارد.
چونکه ئهزانم مل کهچی شازادهکانتانن. تاج و تهختی لائیوس تان بهرێز
گرت. سهرتان بۆ پاشایهتی ئۆدیپووس دانهواند. رێزتان له رۆڵهکانی
ئۆدیپووس گرت. ههمیشه بۆ ههر خاوهن دهسهڵاتێ یاسا دیاری کردبێ، به
ئهمهگ و وهفادار بوونه. چارهنووس بڕیاری دا کوڕانی ئۆدیپووس
تێکههڵچوون و دڕندانه یهکتریان خهڵتانی خوێن کرد. ئێستا من به گوێرهی
مافی هاوخوێنی و خزمایهتی دهسهڵات ئهگرمه دهست و له سهر تهختی
پاشایهتی دائهنیشم. ئێوه، نه ئایینی من ئهزانن و نه ئاگاتان له
ئاکاری منه. رۆح و هزری مرۆ ناناسریهت مهگهر دهسهڵات و یاسای
بهدهستهوه بێ. به کردهوهم من بناسن. ههر فهرمانرهوایهک له ترسی
باوهڕی خهڵک دهمی بدورێ و ئهوهی مهبهستی خۆیهتی، نهیکا، له چاوی
منا له ههمووان کهمتره. من وڵاتهکم خۆش ئهوێ نهک هاورێکانم. ههرگیز
چاکه خوازی وڵاتهکهم ناکهمه سهرگهردی خۆشهویستی کهسهکانم.
ههرگیز دوژمنی وڵاتهکهم بهدۆست ناو نابهم. با زئوس بژنهوێ. ههر
مهترسیهک لهسهر شارهکهم بێ راستیهکهی له گهلم ناشارمهوه. منی
فهرمانرهوا شاڕێی ئاسایشی گشتی ئهکهمهوه. چونکه ئهزانم ئاسوودهیی
ههموان رێی راگرتنی تاکه و بۆ سهرکهوتنی من باشترین شێوازه. ئهگهر
دهوڵهت توانا بێ، له سای ئهوهوه ههموو شتمان ئهبێ و یهکێ لهوانه
دۆسته. مهزنایهتی تبای له سهر ئهم بنهما دائهنێم.
بهگوێرهی ئهو
باوهڕانه باسم کردن، له سهر کوڕانی ئودیپوس فهرمانم دهرکردوه
ئاتهکلیس سهر بهرز و ئازا گیانی بۆ نیشتمان بهخت کرد، ئهبێ به
رێزهوه ئهسپهردهی خاکی بکهن. ئهبێ له سهر گۆڕهکهی ههموو رێ
ورهسمی پاڵهوانه شههیدهکانی بۆ بهرێوه بچێ.
بهڵام براکهی؛ پۆلۆنیکس
ئهڵێم، لهتاراوگه گهڕایهوه خاکی نیشتمان وێران بکا. سووکایهتی بکا
به نوێژگهو خوداکانی شار. خوێنی خزم و کهسی بڕێژێ و هاوشاریهکانی
یهخسیرکا. فهرمان ئهدهم نهینێژن. کهس بۆی نهگری. بێبهش له گۆڕێ
تیابحهسێتهوه، لاشهی بخهنه بهر سهگ و قهل و داڵ با پهل پهلی
کهن و له سهر خاک بیسرنهوه. ئهمه خواستی منه. پاداشی خراپه
مهزنایهتی نیه. بهڵام ئهوهی له ڕێی تبای
ههوڵ بدات پاداشی چاکهی بۆ ئهم دنیا و ئهو دنیای ئهدهمهوه.
سهرکۆڕ: بژیت ئهی کوڕی منۆی
کئوس که پاداشی دوژمن و دۆسی وڵاتهکهت به جێ ئهدهیتهوه. به رای من
تۆ پادشای وڵاتی مهی. له سهر منه یاسای تۆ، به دڵخوازی تۆ بهسهر
زیندو و مردودا بسهپێنم.
کرئۆن: هۆشیار بن،
فهرمانهکانم جێبهجێ بکرێ.
سهرکۆڕ: ئهم ئهرکه به
لاوانی ههڵکهوتوو بسپێره.
کرئۆن: چاو دێرم بۆ لاشهکه
داناوه.
سهرکۆڕ: ئهی چیت له ئێمه
ئهوێ؟
کرئۆن: ئهمهوێ له
نافرمان خۆش نهبن.
سهرکۆڕ: مهگهر کهسێک شێت
بێ، بهپیری مهرگهوه بچێت!
کرئۆن: ئا....ئهمه
سزایه. مهرگ، بهڵام بێمێشکی واههن بۆ پووڵ روو له مهرگ ئهکهن.
(سهربازێکی لاو دێته
ژورهوه)
سهرباز: ئهی پادشا،
ئهم کهسه بهرامبهر تۆ وهستاوه ماندوو نیه. ناڵێم به دڵه راوکهو
ههڵاتن هاتووم. چهن جار وهستام و بیرم کردهوه. چهن جار ویستم
بگهڕێمهوه. بهخۆمم وت: ههی نهکبهت بۆ بهرهو نهمان ئهچی. ئهمجار
وتم قور بهسهر پهله بکه، ئهگهر کرئۆن له کهسێکیتر بیژنهوێ ئاگرت
تێبهر ئهدا. ورد ورد ئهرۆییم و بیرم ئهکردهوه. رێی کورت درێژ ببوو
ئێستا بڕاوه. بڕیارم دا هیچت پێ نهڵێم ئهشزانم ئهیڵێم. ئهزانی چۆن دڵی
خۆم ئهدهمهوه؟ له کوشتن بهولاوه؟
کرئۆن: ئای .... تۆ گ لایهکت لێ گرتم.
بێگومان هیچت نیه بۆ وتن بشێ.
سهرباز: ههواڵی ناخۆش هێنان
ترسناکه.
کرئۆن: بڵێ به منی بسپێره و
بڕو.
سهرباز: زۆرباشه،
مردوهکهیان ناشتوه. باشتر بڵێم، بڕێک خۆڵیان بهسهر جهستهکهیا
رژاندوه. سهرهنجام بهخاک سپێردرا و خۆیشیان شاردهوه.
کرئۆن: ئهڵێی چی؟ کێ ئهو
جهسارهتهی کردوه؟
سهرباز: هیچ نازانم.
پاڵ مردوهکه نهشوێنی پاچ ههیه نه بێڵ نه جێ پا نه هێڵی
چهرخ. هیچ بهڵگهیهک نیه له تاوانبار. بهیانی ئهمڕو که چاودێرهکان
وتیان چ قهوماوه، وتمان مۆجزهیه. تۆقاین. ئێمه تهرمهکهمان
نهئهدی. نهنێژرابوو. بهڵام توێژێ خۆڵی بهسهرهوه بوو، له ههموو
بێحورمهتیهک ئهیپاراست. تیناچێ سهگ یان درنده جێگۆڕکێیان پێکردبێ.
ئهمجار بوو به
شهڕهجوێن و دهمهقاڵه . ههرکهس ئهویتری تاوانبار ئهکرد.
چاودێرهکان بهشک بوون. ههرکهس وای ئهنواند ئهگای له هیچ نیه.
ئهمانتوانی سوێند به ههموو ئێزهدان بخۆین. ئاسنی سوورکراوه
بهدهستهوه بگرین و له خرمانهی ئاگر بپهڕینهوه بۆوه
بزانن بێگوناهین و ئاگامان له تاوانبار نیه. چونکه مشت و مڕ
بههیچ نهبوو کهسێ شتێکی وت و ئێمه پهسهندمان کرد و ترساین. جێی
چهقهچهق نهبوو. وتی ئهبێ تۆ ئاگادار بکهین
نهیشارینهوه. گشت پهسهندیان کرد. پشک به ناوی منهوه دهر
چوو. ئهوه من! ئهگهر بۆ تۆ ناخۆشه بۆ من گهلێک ناخۆشتره.
سهرکۆڕ: ئهی پادشا
لهوانهیه کاری ئیزهدان بێ.
کرئۆن:
وس به. تووڕهم مهکه، بهو پیریه گهوج مهبه. ئهگهر بڕوات
بێ ئیزهدان بهزهییان به مردویهکی ئاوادا دێ، ئهوه کوفره. ئیزهدان
ههرگیز ئهو کهسه که
هاتبوو ههرێمی پاکیان بسووتێنێ، سووکایهتی به یادگارهکانیان بکا و ئهم
وڵاته که قهڵهمڕهویانه، وێران بکا به مێهری خۆ سهربهرز ناکهن.
قهت دیوته خودایان گوناباران بلاوێنن؟ دوژمنی یاسا ههرگیز نابێ به
دۆستیان.
ئهزانم دهمێکه لهشاردا
کهسانێک دژبه من چرپه چرپ و ورتهورت ئهکهن. که ناوم ئهبهن
سهربائهدهن و مل بهرکێفی من نادهن. من بێبهش ئهکهن له خۆشویستنی
گهلان بۆ پادشاکهیان. ههر ئهوانهن ! باش ئهزانم، پیاوهکانی منیان
کڕیوه. ئای له پووڵ. ئینسان تاکوو ئێستا هیچی وهیشومهتر لهوه
نهخولقاندوه. ههر ئهوه شاران وێران ئهکا، بنهماڵه ئهشهوێنێ.
شهرافهتی دادوهران و داوێنی پاکی ژنان ئهدا به با. بێ ئابڕوویی و
درۆیش ههر زادهی ئهون. ههر ئهوه نهفرهتی شاراوه دژ بهخودایان
لهدڵاندا جێگیرئهکا. بزانن وهک رۆحم ئهسپهردهی زئوس ه ئهگهر
تاوانبار نهدۆزنهوه و به خهنجهری دادگهری منی نهسپێرن مردن
سزایهکی سووکه بۆتان. بهزهبری شهلاق له ئهشکهنجهگاکانا راستیتان
پێدهرئهخهم. ئهمجار تیئهگهن له حکومهتی مندا گ کارێ به پووڵ
ناکرێ.
سهرباز: شتێتر
بڵێم یان بڕۆم؟
کرئۆن: نازانی
وتهکانت بێزارم ئهکهن؟
سهرباز: گوێت ئازار ئهدهن
یان دڵت؟
کرئۆن: له سهڕی
مهڕۆ.
سهرباز: تاوانبار دڵی سمیوی.
من گوێت ئازار ئهدهم.
کرئۆن: فره وێژی.
سهرباز: به ههرحاڵ من
تاوانبار نیم!
کرئۆن: تۆی.... تۆ لاشهکهت
به پووڵ فرۆشتوه!
سهرباز: داخهکهم شازادهیهک
وا زیرهک، یهخسیری وهسواسهو گومانه.
کرئۆن: جارێ له سهر حیسابی
من قسهی خۆش بکه. ئهگهر تاوانبار نهدۆزرێتهوه دهرفهتت بۆ پێکهنین
نامێنێ!
سهرباز: چوزانی؟ رهنگبێ
بدوزرێتهوه. من ئهڕۆم و ئیتر ناگهڕێمهوه. بهڵکهوت له مردن
رهخسام. ئهبێ پێشکهشێک ببهمه دهرگای خودایان.
(ئهچێتهدهرهوه)
هاودهنگان: سروشت پڕه له
شتی سهیر
ئینسان سهره له سروشتدا
له سهر کهف و کوڵی
دهریا
چادر ئهداته دهست تۆفان
خۆ ئهسپێرێته دهست
شهپۆل
بهئاخێز و داخێزکردن
له گێژاوان تیپهڕ ئهبێ.
ئهرزی زیندوی بێ کۆتایی
ماندوو نهناس
مهزنترینی خواژنان
ساڵ ههتا ساڵ
به هات و چۆی ئهسپ و
گاجووت
ههڵئهدرێ و بهرههمی لێ
پهیدا ئهکات.
ئهم ئینسانه ئاگاداره
پۆله بالندهی تیژپهڕ و
دڕندهی کێو
جم و جووڵی دڵی دهریا
له تۆڕێکدا ئهسیر ئهکا.
ئاژهڵ له کوێستان
ئهگرێ، گشتی ئهبنه خزمهتکاری
گاسن ئهخاته سهر گاجووت
، لهغاو له زاری ئهسپ ئهنێ.
شارهکانی بنیاد
ناوه ، پهیڤین ، نووسین ئهو دایناوه.
ماڵ و میچی دروس کرده بۆ
باران و سههۆڵبهندان.
ئینسان که سهر چاوهی
بوونه و شفای گهلێک دهرد ئهزانێ
له حاست مردندا
زهبوونه.
هونهری دهستی و گهنجی
بێکۆتایی زانستی
گا پێشکهشی به چاکهیه
گا دیاریه بۆ خراپه
گهر له نووچکهی
دهسهڵاتدا خولیای شاهی شێتی بکا و
یاساکانی دنیای خاکی له
جێی یاسای خوا، دابنێ و
رووماڵیاوێ دادگهری خوا
پێشێل کا
دهبا تهریدهی خهڵکی
بێت .
ههرگیز هاوخوانی من
نهبێت دهرکی دڵمی بۆ داخرا بیت.
(سهرباز و ئهنتیگۆنه
دێنه ژوورهوه)
سهرکۆر: خودایه. بڵێی
چاوهکانم ههڵه بن؟ نهکا ئهمه ئانتیگۆنه بێ؟ نا.. خۆیهتی. کچه
بهدبهختهکهی ئۆدیپووسی کڵۆڵ. چیت کردوه، ئانتیگۆنه. سهرپێچی
فهرمانی پادشات کردوه؟ کچم ئهم شێتیه تۆ کردوته؟ ئێستا تۆیان گرتووه؟
کچم!
سهرباز: ئهمهتا، تاوانبار.
له مردووناشتنا گرتمان. کوا کرئۆن؟
سهرکۆڕ: کاتی خۆی دێتهوه.
کرئۆن: چ بووه وائهکا
کاتی دیاری کراو بێمهوه؟
سهرباز: نابێ له خۆوه
سوێند بخۆین. ئهوهی ههوهڵ وتم بێجێ بوو. وتم ههتا ههڕهشهی تۆم له
سهر بێ ناگهڕێمهوه. کهچی بهخت به ههڵکهوت روی تێکردم. گهرچی
سوێندم خواردبوو، گهڕامهوه و ئهم کچهم دهسگیر کرد. ئهم جار ئیتر
پشکی نهئهویست. بهختم بوو. ئهی پادشا ئهم کچه بۆتۆ. له خۆی بپرسه و
شهرمهزاری که. بهرۆکی من بهرده. من مهینهتی خۆم چهشت. خودایان
ئهبێ پاداشی بێ وێنهم پێ ببهخشن.
کرئۆن: تۆ هێناوته. بهڵام
چۆن؟ له کوێ؟
سهرباز: ئهو مردوهی
ئهناشت. ئیتر خۆت بزانه. راست و روون نهموتوه؟
کرئۆن: ئهمهوێ ورد و تهواو
باسی بکهی. دهی بڵێ بزانم!
سهرباز: وابوو. که فهرمانی
تۆم به هاورێیانم گهیاند، مردوهکهمان له ژێرخۆڵ دهرکێشا و نامانه
سهرئهرز. مردوهکه ئهگهنی. له بهر بۆگهنهکهی دورتر له بهر با
دانیشتبوین. جارجار به جنێوێک یهکمان خهبهر ئهکردهوه. کات چوو.
گهردوونهی ههتاو گهییبوه ناوهراستی ئاسمان. گهرماکهی ئهیسووتانین.
له پڕ گێژهڵووکهیهکی تووڕه ههڵیکرد. له باخی میوهکان پهڕیهوه و
ئهو ئاسمانه برینهی داپۆشی. چاومان قووچان و وهستاین با ههڵچوون و
تووڕهیی خوداکان دامرکێ. باهۆزهکه نیشتهوه و ئهم کچهمان دی بهلای
مردوهکهوه وهستاوه. زیڕهی وهک مهلێکی لانهواز ئهچوو بهرامبهر
هێلانه روخاوهکهی. جهرگی ئهبڕی. به ناهمێدیهوه بهسهر تهرمی
رووتی براکهیا ئهگریا و نزای له ناسپاسان ئهکرد. ئهمجار به مشت خۆڵی
ههڵگرت و تهرمهکهی جوان داپۆشا. به جامێکی مهفرهق سێ جار ئاوی
بهسهر تهرمهکهدا پژاند.
ئهمجار ئێمه گشتمان رژاین به سهریا و گرتمان.
ههر نهیشترسا. له رووداوهکهی بهیانیمان پرسی. گشتی وت. من
ههم سهر و دڵخۆش بووم ههم خهمین. خۆشی بۆ ئهوه خۆم رزگار ئهبم و
خهفهتبارم بۆ کچێکی ئاوا که هێناومه. بهڵام گرنگ
گیانی خۆته دهربازی کهی.
کرئۆن: (روو له ئانتیگۆنه)
تۆ بهم چاوانه دات خستوه، دان بهگوناهتا ئهنێی یان بهدرۆی
ئهخهیتهوه؟
ئانتیگۆنه: به درۆی ناخهمهوه.
کردومه.
کرئۆن:
(رو له سهرباز)
بۆ کوێ ئهچی بچۆ تۆ ئازادی.
(رو له
ئانتیگۆنه) بڵێ بزانم به کورتی، ئاگات له فهرمانهکهی
من بوو؟
ئانتیگۆنه:
ئهمزانی. ههموان ئهزانن.
کرئۆن: تۆ ئهونه دڕ و
بێباکی یاسای من به هیچ ئهگری؟
ئانتیگۆنه: خواوهندانی
دادپهرهری ژێر خاک وهها یاسایهکیان بۆ مردوان دانهناوه. من بڕوام
بهوه نیه فهرمانی تۆ سهربێ له ئایینی خوداکان. ئهوانه گهرچی
نهنووسراون بهڵام هێچ هێزێک ناتوانێ پاماڵیان بکات. ئهوه یاسای دوێ و
پێرو ئهمرۆ نیه. کهس سهرهتایان نازانێ. ئهوانه ههمێشهیین. ئایا
رهوایه له ترسی پیاوێک گرفتاری سزای خودایان بم؟ به بێ فهرمانی تۆش من
ئامادهم. به باوهڕێ من زوو مردن خهڵاته بۆم. ههر ژینێک پڕ بێ له
ژانی بێ ئهژمار، دنیای مهرگی لاپهسهنده. ئهو چارهنووسه تۆ بۆ منت
دیاری کردوه له ریزی خهمهکانما نایگونجێنم. رهنج ئهوه بوو براکهم
ئارامگهی نهبێ. دوایی ههرچی ئهبێ دهبا ببێ. ئهمه ئهو یاسایه من
پهیڕوی ئهکهم. ئهڵێی وتهکانم شێتانهیه. ئایا داوهری شێتی له
دهرگای بیمێشکی دا ئهکریهت؟
سهرکۆڕ: ئهمێش وهک باوکی
سهرکهشه. سهر دانهواندن بۆ مهینهت نازانێ.
کرئۆن: ئهوه بزانه ههست و
خوی وشک و رهق ئاسانتر ورد ئهبێت. ئاسن له ههموو کانزایهک رهقتره،
شکاندنی له ههموویان ئاسانتره. لهغاوێکی ساکار بهسه بۆ دهستهمۆ
کردنی ئهسپێکی سرکی سهرکهش. ئهم ژنه زیانکاره پیوایه ئهتوانێ بێ
سزادان دهرباز بێ. شانازی به تاوانهکهیهوه ئهکات. من به پیاو
نازانێ. ئهگهر رێی پێبدهم لهشارهکهی منا لافی پیاوهتی لێئهدا. ئهم
گهرچی خوشکهزای خۆمه، گهرچی بۆ من نزیکتره له خواوهندی
بنهماڵهکهم، بهڵام نه خۆی و نه خوشکی بێ سزا دهر ناچن. ئهویتریش
ئهبێ هاودهنگی بووبێت. ئایسمنه بگرن. من به تاوانباری ئهزانم. ههر
ئێستا لهکۆشک بینیم. شپرزه، شهکهت و لهخۆچوو. پهشێوی، تاوانباری
لاواز رسوا ئهکات. من بهراستی بێزارم لهو خهتاکارانهی گوناهیان وهک
سهربهرزی ئهنوێنن.
ئانتیگۆنه: له مهرگی من زیاتر
شتێکت ئهوێ؟
کرئۆن: نا مهرگی تۆ بۆ
من ههموو شته.
ئانتیگۆنه: ئهی وهستانت
له سهر چیه؟ تۆ بێزارم ئهکهی. ههرچی شتی تۆیه بێزارم ئهکا. پهنا
بۆ خودا، ههر واش ئهبێ. ههموو شتی منیش تۆ بێزار ئهکا. داوێن پاکیم،
ئهوینی خوشکانهم، سهربهرزیم. ئهگهر ئهو دهنگانه ترس خنکاندونی
بژنهوهی، ئهتزانی خهڵک من بانگ ئهکهن. بهڵام ستهمگهران ههموو
بهختێکیان ههیه و لهوانه بهختی کهڕ بوونه.
کرئۆن: له تبای دا تۆ
یهک کهسی وهها بیر ئهکاتهوه.
ئانتیگۆنه: ههموویان وهک
من بیر ئهکهنهوه. بهڵام تۆ دهمت دوریون.
کرئۆن: شهرم ناکهی
ههمووان جێیان هێشتوی؟
ئانتیگۆنه: چ شهرمێکه رێزنان
له خوێنی کهسهکانم؟
کرئۆن: ئهی براکهت
ئاتهکلێس، وا به قینهوه کوژرا، له خوێنی تۆ نهبوو؟
ئهنتیگۆنه: له خوێنی دایک و
بابم.
کرئۆن: ئهم ستایشه
کافرانهی تۆ له خاین، دژوێنه بهو.
ئانتیگۆنه: ئاتهکڵێسی له خاکدا
خهوتووش له گهڵ منه.
کرئۆن: ئهگهر ستایشی
شۆڕشگێرێ وهک ستایشی ئهو بکهی تۆ تاوانبارئهکا.
ئانتیگۆنه: ههردو مردون. ئیتر
نه شۆڕشگێرن نه پادشا، هاوشانن.
کرئۆن: یهکیان دوژمنی
نیشتمان بوو ئهویتر دۆستی.
ئانتیگۆنه: یاسای مردن بۆ
ههموان وهک یهکه.
کرئۆن: بهڵام بۆ
تاوانبار و بێتاوان پاداشی وهک یهک رهوانیه.
ئانتیگۆنه: ئهم وتانه
مانایهکی بۆ مردوان ههیه؟
کرئۆن: ههرگیز دوژمن به
مردووییش به دوست نابێ.
ئانتیگۆنه: من بۆ خۆشویستن
هاتومهته سهر دنیا، نهک بۆ رق و قین.
کرئۆن: که وایه بۆ
خۆشویستنی مردوان له ژێردنیادا بنوو. تا من مابم له شاری مندا هیچ ژنێ
دانهری یاسا نابێ.
سهرکۆڕ: ئایسمنه چاو بهگریان
له دهرگانهدا وهستاوه. ئهو فرمێسکانه سیمای دڵرفێنی گۆڕاوه،
دیاردهی خۆشویستنه. ئهشقی ئانتیگۆنهی خوشکی.
کرئۆن: ئا....ئهمه تۆی ئهی
ماری زهنگی،خۆت خزانوهته ناو ماڵی من و خوینی منت ژاراوی کردوه.
نهمهزانی دوو مار له بن باڵم دا پهروهرده ئهکهم، بمکوژن. زوبه
بڵێ! دیته زمان یان سوێند ئهخۆی ئاگات له هیچ نیه.
ئایسمنه: ئهگهر ئهو
رێم بدا منیش تاوانبارم. ئهمهوێ سزا بدرێم.
ئانتیگۆنه: ئهمه پێچهوانهی
داده. تۆ لهم کارهدا دهستت نهبوو. من هیچ خاڵێکی هاوبهشم لهگهڵ تۆ
نیه.
ئایسمنه: تۆ چارهرهشی خوشكت
لهم چارهرهشیهدا بهشدار بکه.
ئانتیگۆنه: مهرج کردهوهیه.
هادس و مردوان ههرئهو کهسه ئهناسن کاری کردبێ. حهزم لهو کهسانه
نیه سهرزارهکی منیان خۆشئهوێت.
ئایسمنه: دورم مهخهوه.
با لهبهر ناشتنی براکهمان له گهڵ تۆ بمرم.
ئانتیگۆنه: نامهوێ مهرگ یهکمان
بخات و له شانازیهکدا بهشدار بی که شایستهی نیت. ههر من بمرم بهسه.
ئایسمنه: ئانتیگۆنه من
ژیانم به بێ تۆ ناوێ.
ئانتیگۆنه: کرئۆنت بۆ
ئهمێنێتهوه. ئهو بلاوێنه!
ئایسمنه: ئانتیگۆنه
تۆ دڵرهقی. به تیز و تانه ئازارم ئهدهی.
ئانتیگۆنه: پێت پێئهکهنم و ئهم
پێکهنینه جهرگم ئهبڕێ
ئایسمنه: چۆن
یارمهتیت بدهم؟
ئانتیگۆنه: ژیانی خۆت دهربازکه.
من یارمهتی تۆم ناوێ.
ئایسمنه: من
ئهگهر هاوبهشت نهبم، رۆژم رهشه.
ئانتیگۆنه: تۆ ژینت ههڵبژارد، من
مهرگ.
ئایسمنه: بریا ئامۆژگاری
منت بهگوێ ئهگرت.
ئانتیگۆنه: بهروانگهی زیندوان
ژیرانه بوو. بهڵام مردوان رای من پهسهند ئهکهن.
ئایسمنه: بریا ئهو ههڵهی تۆ من
بمکردایه.
ئانتیگۆنه: دڵت بێ. تۆ ئهژیت،
من دڵم سههۆڵبهنده. ههر خزمهتی مردوانم پێئهکریهت.
کرئۆن: گومانم نیه ئهم دو
کچه زۆر شێتن. یهکیان ههر لهسهرهتاوه ئهویتر له ساتێ پێشهوه.
ئایسمنه: ئهی پادشا داماوی
نهفامی پێوهیه .
کرئۆن: تۆ که
ئهتهوێ هاوبهشی تاوان بی ئهم باوهڕه ئهسهڵمێنی.
ئایسمنه: ئهگهر
ئهو نهبێ من هیچ بیانوویهکم بۆ ژیان نیه.
کرئۆن: ئیتر باسی
خوشکت مهکه ئهو مهردوه.
ئایسمنه: ئهڵێی
چی؟ ئهتهوێ دهزگیرانی کوڕهکهت بکوژی؟
کرئۆن: بۆ بار و
بهرههم ئهو خاکیتری دهست ئهکهوێ!
ئایسمنه: ئهی پادشا،
ئهوین ئهوانی پێکهوه گرێداوه.
کرئۆن: کوڕی من
نابێته هاوسهری ژنێکی جهنایهتکار.
ئایسمنه: ئای هایمن.
ئازیزهکهم باوکت چهن بێ بهزهیه لهگهڵ تۆ.
کرئۆن:
ئانتیگۆنه ناتوانێ لهوه زیاتر ئازاری من بدات، نهخۆی نه زهماوهندی.
سهرکۆڕ: تۆ زهماوهنی
کوڕهکهت ئهشهوێنی.
کرئۆن: من نا، هادێس
تێکی ئهدا .
سهرکۆڕ: کهوایه له کوشتنی
ئانتیگۆنه دردۆنگ نیت.
کرئۆن: تۆ خۆت
بڕیارهکهت پهسهند کرد. ئیتر بهسه. چاودێران ئهم ژنانه ببهن.
بهندهکانیان قایم و زیندانهکانیان بێ رۆچن بێ. دلێرترین کهسیش له
مهرگ ههڵدێ.
(چاودێران کچهکان
ئهبهن)
هاودهنگان: داخ بۆ چاخی
بێتاوانی و بیرکردنهوه له چارهنووس.
زهبری دهستی خودا
قورسهو ئهو ماڵه وا ئهیڕمێنێ و رۆڵهکانی نابوود ئهکا، ئیتر کهس
نایژێنێتهوه.
کاتێ تۆفان رۆخی دهریا
ئهژاکێنێ،
خێزاو گیای دێزی بنئاو
بن کهن ئهکا و ئهههژێنێ
لمی رهشی قووڵاییهکان
دێنه سهر و شهپۆلهکانی لێڵ ئهکهن
رهنجی مێژین بهرهی نوێ
ئازار ئهدا و له بنهماڵهی " لابداسید" دا کۆ بوهتهوه
ئایا دهستی شهنگهلاوێ
ههیه قورسایی ئهو خودا تهپی داوهته سهرئهوان لاببات و رزگاریان کا؟
به بنهماڵهی "ئۆدیپوس"
مژدهی سۆمایهکیان دابوو
شادی وهک لقێ نۆرسک سهری
ههڵدا. خودای دۆزهخ بڕیانهوه
ئهی زئوس
دهسهڵاتت بهربهرینه ،
باڵاتره له بڕوای من .
خهو لێ کهوتن برای
مهرگه، بهسهر تۆ دا قهت زاڵ نابێ.
سووڕانهوهی بێ کۆتایی
مانگ و شهوان پیرت ناکا
لهگهڵ زهمهن ههبوونی
تۆ له روناکی ئاسماندا پرشنگ ئهدات.
پێش رابردوو دوای داهاتوو
یاسای تۆیه که ههر ئهژی ههمیشهیی.
شادی بۆ بارمتهی رهنجه!
هیوایهکی کهم خایهنی وهک بروسکه ئهگهر گزه ئهگهر درۆش
له قووڵایی ئارهزو دا
چرۆ ئهکات. مرۆڤه که گهرم دادێ. بهڵام ئهگهر ههنگاوێک چیته
پێشهوه ئهی سووتێنێ.
ئیزهد ئاڕایشی رواڵهت
ئهدا و نیگای ئینسانی ئهگۆڕێ. چاکی ئهبێ به خراپی و خراپی ئهبێ به
چاکه. سیلهی چاوی خودایانه جادوو له سهر بوونمان ئهکا و
ئهیفهوتینێ.
سهرکۆڕ: هایمنی کورت هات.
شازاده و دوایین مناڵت. هاوسهری داهاتوی له کیس ئهچێ. رهنج
هێناویهتی، یا تووڕهیی!
کرئۆن: له پێش
بێنهکان باشتر. ئهزانین. کوڕم لهو حوکمهی بۆ دهزگیرانهکهتم
دهرکردوه بهئاگای. گهڕانهوهی نیه. ئایا دژایهتی باوکت ئهکهی یان
ههرچیهک بکهین. ئێمهت خۆشهوێ؟
هایمن: بابه من هی تۆم.
پهندهکانت رێنوێنی منه. هاوسهرگرتن به بێ رهزای تۆ ژیرانه نیه.
کرئۆن: باشه کوڕم ئهبێ
ههروا بیر بکهیتهوه. خواستی باوک
سهری ههمووشته. رۆڵه کانمان ئهگهر ئازیزانی ئێمهیان نهوێ و
دژ به ناحهزانمان نهبن. به کهڵکی چی دێن؟ رۆڵهی نافرمان پهروهرده
کردن دژوێن بۆ خۆکڕینه و جێی تیز و تانهی دوشمنانه. کوڕم دهبا ئهوینی
ژنان نهبێته هۆی سهرپێچی تۆ. خاوگهی ژنی لاسار سههۆڵبهند و ماچی
سارده. ژنی خراپ وهک برینی سهرکهلهکهمان وایه. وهک تف
ئهکهیتهوه ئهم کچه له خۆت دور بخهوه. بهرهڵای که با ببێ به
هاوسهری دۆزهخیان. به ئاشکرا شؤڕشی دژ به من کردبوو. گرتم. شار لۆمهی
من ناکا. ئهو ئهمرێ. یاسای زئوس و یاسای هاوخوێن بوونی کردوه به بیانوو
. ئهگهر من شۆڕش و ئاژاوه له بنهماڵهی خۆما سهرکوت نهکهم،
دهسهڵاتم شێواندوه. ئهوکهسه شایستهی پاراستنی ئاسایشی ههموانه که
بتوانێ حوکم له سهر بنهماڵهی خۆی دهربکات. ههرگیز ئهو کهسه
نابهخشم له بهرامبهر دهسهڵاتدا بوهستێ و بیهوێ فهرمان بهسهر
فهرمانرهوادا دهر بکات. بۆ ههموو شتێ ههر کارێکی گهورهو بچووک، راست
یا چهوت ئهبێ مل کهچی سهرۆکی دهوڵهت بی. باش فهرمان بردن یانی باش
فهرمانرهوایی کردن. له گێژاوی پڕ مهترسیدا سهربازی باش ئهبێ به
باشترین فهرماندهر. هیچ مهترسیهک له بشێوی خراپتر نیه. شار وێران
ئهکا. بنهماڵه قڵم ئهداتهوه.
لهشکهر بڵاو
ئهکاتهوه. پادشاچاوگهی رزگاری رهشۆکه. ئهگهر ژنێ بهستینی لهم
رهوته گرت، ئهبێ له ناوی بهری. خودایان منیان وهستاندوه که
سهرشۆری ژنێک نهبم و دهباتۆیش کوڕم له سهردانهواندن بۆ ئهوین
بپارێزن.
سهرکۆڕ: بهرای من تۆ راس
ئهکهی. بهڵام رهنگبێ له بهر پیری خهرفابێتم.
هایمن: بابه، خودایان
یهکهمین پێشکهش، ئاوزیان به ئینسان بهخشی. ئایا له وتهکانی تۆدا هیچ
شوێنهوارێک له زانایی ههیه؟ بڕوا ناکهم. من له شاردا شتی وا
ئهژنهوم که تۆ ناتوانی
بیبیسی، رایان له تۆ ئهشارنهوه چون خهڵکی ئهترسێنیت، ههر به نیگا
دهمیان ئهدوری. شار تازیهباره. ههموو کهس بۆ ئهو کیژه لاوه که به
سهربهرزترین ژنانی دائهنێن، شین ئهکهن. ئهڵێن ئایا پاداشی کارێکی
وامهزن مهڕگێکی وا سووکه. ئهو نهیهێشت تهرمی برا کوژراوهکهی بێ کفن
و گۆڕ ببێ به خۆراکی سهگ و داڵ. سزای ئهم کاره، مهرگه یان تاجێکی
زێڕین؟ ئهمه چرپهی شاراوهی خهڵکی شاره. کێ راست ئهکا؟ بابه هیچ شت
به قهد مهزنایهتی تۆ بۆ من گرنگ نیه. باوکی سهربهرز زیوهری کوڕه
ههروهک کوری بهختهور سهربهرزی باوکه. وامهزانه ههمیشه تۆ راست
ئهڵێی و خهڵکی به هیچ بگری. کهسی واههن خۆیان به تاقه هۆشیار، تاقه
زانا و تاقه بێژهر ئهزانن کهچی که ڵێکی ئهدهیتهوه پووچن. دانا
بهعاری نازانێ له خهڵکهوه فیر بێت و له ههڵهی خۆی بگا. پێداگری
دیاردهی نهفامیه نه زانایی. له درهختهوه فێربه. ئهگهر لهگهڵ
رهشهبا خۆی رێکخات لقه ناسکهکانیشی ئهمێننهوه. بهڵام ئهگهر به
دژی وهستا، له بنهوه ههڵئهتهکێ. ههرگیز دیوته دهریاوان دهنگی با
بژنهوێ و پهتی بادبانهکهی
شل نهکاتهوه؟ ئهر وانهکا گهمیهکهی ئهبێ سهروخوار بهدهریادا
بگهرێ. بابه دڵرهقی رۆحت کهم بکهوه. خۆت له بارگرانی رزگار که. من
گهرچی لاوم بهڵام ئهزانم دادگهری به راوێژکاری پهره ئهستێنێ.
سهرکۆڕ: ئهی پادشا وتهکانی جێی
باوهڕن. ئهگهر ژیری بهگوێی بکه. وهک ئهو به گویی کردی.
کرئۆن: من بهم تهمهنهوه
له منالۆکهیهکهوه شت
فێربم؟
هایمن: دادپهروهری فێربه.
نهچاوت لهتهمهنی منهوه بێ نه تهمهنی خۆت. سهیری کردهوهت بکه.
کرئۆن: داد پهروهری
ئهوهیه سهربزیوان بلاوینی؟
هایمن: ههرگیز لایهنگریان
نهبوومه.
کرئۆن: دهردی ئهم کچه
چیه؟ بشێوی، رۆحی ژاراوی کردوه؟
هایمن: خهڵکی تبای وا
بیرناکهنهوه.
کرئۆن: که وایه خهڵکی تبای
ئهبێ یاساکانم پێ بنووسێنن!
هایمن: ئهزانی وهک لاوهکان
قسه ئهکهی؟
کرئۆن: ئهبێ به دڵخوازی
ئهوان شار به رێوهبهرم یان خۆم؟
هایمن: هیچ شارێ هی یهک کهس
نیه.
کرئۆن: ههر شارێ
فهرمانبهری فهرماندهری خۆیهتی.
هایمن: ئهگهر
ئهتهوێ ههر خۆت به تهنیا حوکم بدهی رێی چۆڵگه بگره بهر.
کرئۆن: جوان دیاره لایهنی
کهسێکت گرتوه؟
هایمن: مهگهر تۆ. من ههر
بیر له تۆ ئهکهمهوه
کرئۆن: بێچاره. به بهدرۆ
خستنهوهی دادگهری باوکی خۆت؟
هایمن: باوکم خهنجهری له
داد ههڵکێشاوه.
کرئۆن: ههڵهیه دهسهڵاتی
خۆم ئهپارێزم؟
هایمن: نایپارێزی. مافی خودایان
پاشێل ئهکهی.
کرئۆن: ئهی ترسهنۆکی هیچ و
پووچ. تۆ یهخسیری ژنێکی!
هایمن: تۆ ههڵهی هیچ
زهبوونیهک به سهر منا زاڵ نابێت.
کرئۆن: تۆ ههر له بهر ئهم
کچه زمانت گرتوه.
هایمن: لهبهر تۆیش و
خۆم و خوداکانی دۆزهخیش.
کرئۆن: ههگیز ههتا زیندوه
نابێ به هاوسهرت.
هایمن: کهوایه ئهمرێ.
بهڵام مهرگی تریش چاوهرێی کهسێکیتره.
کرئۆن: ئهونه بێباکی
ههڕهشه له باوکی خۆت ئهکهی؟
هایمن: دژایهتی لهگهڵ نهزانی تۆ
ههڕهشهیه؟
کرئۆن: لهم ئامۆژگاریهت
پهشیمان ئهبیتهوه.
هایمن: ههر ئهتهوێ خۆت
بڵێی، گوێ له کهس نهگری.
کرئۆن: بهندهی ژنان! مێشکم
مهبه!
هایمن: ئهگهر باوکم
نهبوایهتی ئهموت شێتی بهسهرتا زاڵ بوه.
کرئۆن: ئاوا! سویندم به
ئیزهدان، ئهم خراپ وتنه سزای قورسی بهدواوه ئهبێت. سهربازهکان ئهو
خهتاکاره بێنن ئهو تاعوونه. ههر ئێستا له پێشچاوی دهزگیرانهکهیدا
ئهمرێ!
هایمن: وس به. ئهو لهبهر
چاوی مندا نامرێ. ورد سهیرم که. ئهمه دوا جاره من ئهبینی ههر لێره
به. خۆت و وڕاوهکانت و ئهو کهسانهی کردهوهی تۆ ههڵ ئهگرن.
سهرکۆڕ:
ئهی پادشا، هۆشیار به. هایمن لاوه سهوداسهره. ناهومێدی لهم
تهمهنهدا جێی مهترسیه!
کرئۆن: چی ئهکا با بیکا.
ئهو ناتوانێ ئهم کچانه له مردن رزگار بکا.
سهرکۆڕ: ئهتهوێ ههردوکیان
بکوژی؟
کرئۆن: نا باش بوو وتت. ههر
ئهوه وادهستی به لاشهکه گهییوه.
سهرکۆڕ: چۆن ئهیکوژی؟
کرئۆن: له ئهشکهوتێ له
چۆڵگهیهکدا، بهندی ئهکهم. بڕێکیش خواردنی بۆ دائهنێم
با شار تووشی بهڵا نهبێ. لهوێ ئهتوانێ چهن رۆژ پهنا بۆ
دهرگای هادس خواوهنده ئازیزهکهی بهرێ و بهپاڕانهوه و گازه
بهڵکوو چاپۆشی له مهرگی بکا. ئهگهر وانهبێ ئهمجار ئهزانێ رێزنان
له مردوو ئاو به بێژنگ پێوانه.
هاودهنگان: ئهوین ئهی ئهوینی سهر
بزیوی نهبهز
ههرچی بوونه خولقاوهی
تۆن.
له روومهتی دڵرفێنی
کیژاندای.
سهمای زێوینی ماسیان ههر
بۆ ستایشی تۆیه.
لانی درندهی ناو جهنگهڵ خاوگهی
تۆیه و خودایانی بێمردنیش له یاسای تۆ دهرباز نابن. رۆژهکانمان ئهسیری
سهر پهنجهی تۆن و
ئاواتهکان ئهخولقێنی و
له شێتی سهرپڕیان ئهکهی.
راستان له رێی راست لا
ئهدهی ، رۆحیان بۆ خراپه هان ئهدهی.
پیاوان بهرهو شهڕ
ئهنێری و خوێن ئهڕێژی
بریسکهی مهرگ لهچاوی
جوانی کیژێکدا خۆی ئهنوێنێ.
له پاڵ تهختی خوداوهندی
خواکانهوه،
ئافرۆدیتهی ستهمکاری
دهسنهکهوتوو لێو به بزه دانیشتوه.
(ئانتیگۆنه دهرئهکهوێ.
دهستی بهسراوه. دوچاودێر ئهیهێنن)
سهرکۆڕ: ئانتیگۆنه ئهڕوا بهرهو
وڵاتی بێدهنگان
کیژۆڵهیهک ئهبێ به
بووک. ژوورێکی سهیر و ئارامگهی ههموو شتێ. ناتوانم پێش بهگریانم بگرم.
ئانتیگۆنه: سهیرم بکهن
هاوشاریهکان!
دوایین سهفهر دهست
پێئهکهم.
دوا روانینمه بۆ ئاسمان.
ئیزهدی مهرگ ئهمڕفێنێ، به زیندویی
تا له دڵی تاریکی دا جێم
کاتهوه
بهر له ئهوه
گوێچکهکانم شادیانهی زهماوهندی من بژنهون
یان خۆ گڕی مهشخهڵهکان
چاوهکانم رون کاتهوه بۆ بووکێنیم
تاریکی و سام دهورم
ئهدهن و مهرگ ئهمگرێته باوهشی.
سهرکۆڕ: ناوت بهرز و سهرت بهرزه
نه نهخۆشین ژاکاندوتی،
نه زامی مهودای خهنجهرت له سهر لهشه
سهره رۆ بووی بۆ یاسای
خۆت .
تاک بووی بۆچاره نووسی
خۆت.
سهربهرز ، ژینا بهرهو
ئهشکهوتی مردوان بۆ درگانهی هادێس ئهچی
ئانتیگۆنه: بیستومه
رۆژگارانی کۆن، له نێو تاشه بهردهکانی "سی پۆلیس"دا
"نیوبه" بێوهژنی مناڵ
مردوو چاوی لێبوو کهڵه بهردێکی بهسام لی ئهئاڵێ و لهش و لاری نهرم و
نۆڵی ئهکا به بهرد. وهک کانیهک سههۆڵ بهستوو، فرمێسکی گهش له
چاوانی خهمباریهوه دائهوهرێ و بهسهر شانی بهردینهیدا دائهکهوێ.
چهن بهخت رهشم وا خودای بهرد ئهمڕۆ منیش ههڵئهگوشێ.
سهرکۆڕ: ئهو نیوبه ژنهخوا
بوو. رۆڵهی خودا. ژیانی ئهو له نێو بهردا
ههمیشهیه.
تۆ نهمر نیت و
جێ ماوی ئهوکهسانهی رۆژێک ئهمرن. تۆ بهرد تهواو قووتت ئهدا.
ههر سهربهرزی
و شانازیته ئهتکا بههاوشانی خواکان .
ئانتیگۆنه: ده بۆچی تانهم
لێئهدهی؟ مهرگیشم پێ رهوانیه؟
ئای شارهکهم تبای، گهلی
خۆشبهختی وڵاتهکهم. کانیه چاوگهشهکهی "دیرکه". جهنگهڵه لاوهکان
که رێی گهردونهکانی ئێمه بوون. مهرگی بهتهنیام ببینن. ئازیزانم
جییان هێشتم. له گۆڕێکی سهیرا که ئهمڕۆ بۆ منیان ساز کردوه دوور
لهزیندو جوێ لهمردووم.
سهرکۆڕ: چارهنووس رێی دڵنهوایی و دڵۆڤانی پێنواندی. بهڵام بهر شمشێری کوێری
داد کهوتی. رۆڵهکهم ،تۆ بهزهخت و دهرد چۆکت دادا.و سزای گوناهانی
خانهدانت ئهدهیتهوه.
ئانتیگۆنه: با شینی کۆن بهیاد
نهکهین .
له چارهنووسی "لابداسید"
با شیوهن ونهکبهت دوربێ.
بهرم دهن ئهی داوی
بووکێنی دایکان. نوێنێکه ئهکرێتهوه و دایکێ مێردهکهی ئهزێ.
ئهمن رۆڵهی پهیوهندێکم
ناوی نایهته سهر زمان. به بێ شادی و جهژن ئهچم بۆ میوانی. میوانیهک
تاق و دوپۆ. ئهچم بگهم به دایکهکهم. ههروابگهم به براکهم.
ئازیزهکهم که مهرگ
بوه به هاوسهری.
سهرکۆڕ: تۆ دڵسۆزی مردوان بووی.
بهڵام یاسا له دهست کابرایهکی زیندو دایه. دهسهڵات نافهرمانی ههڵ
ناگرێت. نافهرمان تۆ سهرپێچیت کرد.
یاسایهکتر له دهرون تا
هاتبوه گۆ. فهرماندهرێکی جیاواز و فهرمانبهرێکی جیاوازتر.
ئهتۆ کوشتهی دڵی خۆتی
ئانتیگۆنه.
ئانتیگۆنه: تاک و تهنیا، بێبهشم
له ماڵاوایی، له بهزهیی، له هاوسهری
رێرهوی رێگهی تاریکیم.
دادوهر بێوهریم ئهکا له روناکی، لهم پرشنگه گڕاویه. زیندوان
سهرکۆنهم ئهکهن. لهم دنیادا هیچکهس نیه خۆشی بوێم. مهرگێکی روت و
قوت نهبێ.
کرئۆن: ئهگهر گریان و
شیوهن کهڵکی بوایه کهس نهئهمرد. پهله بکهن بیگرن و بیبهن بۆ ئهو
ئهشکهوته وتم. ئهگهر بمرێ یان بهزیندویی له گۆڕهکهدا بمێنێ دهستی
من به خوێنی ئهو پیس نهبوه. بێشک ئیتر نای بیننهوه.
ئانتیگۆنه: ئهمه ماڵی
بووکێنیمه. زیندانێکه له ناو خاکا. ئهچم بۆ لای ئازیزانم. ئهوانه وا
پرسفۆنه رفاندونی. دوایین کهستان رۆژه رهشتر له ههمووتان دێم بۆ
لاتان. بێ رۆژێ خۆش له ژینمدا. زۆر بههیوام باوکی ئازیز، دایکی دڵسۆز،
برای نازار و خۆشهویست، بهدڵ بێن به پیریمهوه. دهستی من بوو وا
شۆردنی و بۆ گۆڕ ئێوهی رازاندهوه. خهڵاتی بۆ دهرگای هادێس پێشکهش
کردن. ئێستاش برام ئهی پۆلۆنیکس له سهردابی ناشتنی تۆ وا پاداشم
ئهدهنهوه. سهرپێچی خواکانم نهکرد.
له بهزهیان بێ بهش نهبم. ئهشکهنجهی له دین دهرچوان پاداشی
خۆ بهخت کردنمه. ئای ئهر دادی ئهوێش وابێ، لای مردوان ئهگریم بۆ خۆم.
بۆ خهتای خۆم. بهڵام نابێ نا، وانیه . ستهمکاران من ئهکوژن. بێدادهو،
تاوانی ئهوان. هیوام وایه
گهر خوداکان فهرمان ئهدهن سزایان کهن، باری ئهوان له جهفای من زیاتر
نهبێ.
سهرکۆڕ: له رۆحیدا
رهشهبایهک ههمیشهیی ههردێ و ئهچێ.
کرئۆن: ئهم خاوه خاوه بۆ
ئهوانهی ئهیبهن بێ سزا نابێ.
ئانتیگۆنه: مردن له نزیکهوه
ئهبینم.
کرئۆن: وا باشه بیرل
ه ئازادی نهکهیتهوه.
ئانتیگۆنه: ئهی ژیان ماڵاوا. من
له تۆ دور ئهخهنهوه. ئهوه دنیایه له من ههڵدێ. ماڵاوا ئهی
خهڵکی تبای. تماشای کچه چکۆلهی پادشاکهتان بکهن. بزانن له پیناو
یاسای ئێزهدان دا، له لایهن چ کهسێکهوه چ سزایهک ئهدرێ.
هاودهنگان: "دانائه"ش ههروهک تۆ کچم
ماڵاوایی له ههتاو کرد.
ئهمجار باوکی به زیندویی
لهئهشکهوتێ مهفرهقیدا زیندانی کرد. بهڵام له گۆڕ بارانی زێڕینی زئوس
خهڵاتی کرد.
چارهنووس پێچهوانهی
ئهوهیه چاوهرێی ئهکهین. له پێشبینی بههێزتره. له خرۆشی
ئیزهدانیش. چارهنووس تۆ بۆ
کوێ ئهبا ئانتیگۆنه؟
تهوق له گهردنی
نافهرماندا سامناکه،
باخوس کوڕه سهرکێشهکهی درۆئاس-
ی له ئهشکهوتی چیای "نوسا" دا بهند کرد.
پێکهنی بوو به
مهشخهڵه پیرۆزهکان، بهزمی مایناس هکانی تێکدابوو، ههرای ستایش له
باخوسی بیدهنگ کردبوو، تورسوس له دهست ژنهکانیان داکهوتبوو، بلوێر له
ژێر پهنجهی "موز"هکاندا دهنگی نهبوو.
له لانی سهر چیاکانا رق
ئهناڵێ، لهکهنارهی ناسپاسی، نزیک گابهرده شینهکان، شێتی ژاکاو
سهرههڵئهدا، که زڕدایکێ
چاوی ناسکی دوو مناڵی به قولاپێک ههڵکۆڵیوهو ههردویانی خستوهته چاڵ،
له ئهشکهوتێ ترسناکا.
ئێستا رۆڵهم ،چارهنووسی
گ ئینسانێ، ئارام گرتنی ژێر خاکه،
هیوام وایه ئامێزی خاک ،
له گهڵ تۆ دا مێهرهبان بێ و به حهزهوه بتخهوێنێ.
(تیرزیاس به رێنوێنی
مناڵێکهوه دێته ژورهوه.)
تیرزیاس: پیرانی تبای، ئهم
مناڵه بووه به چاو ساخم بێم بۆ لای ئێوه.
کرئۆن: چ باسه؟
تیرزیاس: من وتن، تۆ بیستن.
کرئۆن: تۆ ههمیشه
رێنوێنی من بووی.
تیرزیاس: ئاگات لێ بێ
ئهمڕۆ بهسهر لێواری شمشێردا ئهڕۆی.
کرئۆن: بڵێ بزانم
مهگهر چی رو ئهدا؟
تیرزیاس: ئهزانی، پێش بینیم
کردوه. له سهر تهختی فاڵهکهم دانیشتبووم، له وێوه ههرای دنیای
مهلانم بیست. ههرایهکی دڕ و توڕه. تۆفانی سامناکی مهلان. به چڕنووک
خۆیان ههڵئهدڕی. به باڵهفڕ دنیایان ئاڵۆز ئهکرد. قوربانیهکم خسته
سهر ئاگری نوێژگهکه. بهڵام گڕ،گۆشتی قوربانی وهرنهگرت. بهزی
رانهکه سووتا. دارهکه ببوو به دووکهڵ. بهڵام پارچه گۆشتهکه پله
گۆشتێکی گهنیوی تهڕ بوو. ئهم مناڵه که له باتی من چاوی ئهبینێ،
پیوتم. ئهم وتی. ههر وهک من له باتی کوێرهکانیتر ئهبینم. کڕئۆن، شار
له بهر کوێری تۆ نهخۆشه. سهگ تا دهرکی نوێژگهی ئێمه پارچهی لهشی
پۆلۆنیکسی هێناوه. لاشخۆرهکان پڕ له گۆشت و خوێنی ئینسان داهاتووی
پڕمهترسیمان پیشان ئهدهن. خودایان ئهوئاگره بۆیان ئهکهینهوه،
ئهکوژێننهوه. ئهو دهستهی بۆیان ههڵدێنن، لائهدهن.
رۆله ئاگا بهوه. ئینسان
خهتاکاره. کهسێک زانا و ژیره قهرهبووی گوناههکهی بکاتهوه نه
شانازی پێوه بکات. له خۆبایی بوون
دهسکهوتی نیه،
ناشایست بوون نهبێ. حورمهتی لهشێکی بێگیان راگره. هێرش مهکه
سهرمردوان. مردووکوشتن! چ سهرکهوتێکی جوانه. کرئۆن من سهرگهردی تۆم.
خودایان چاوی خۆیان به ئهمانهت به من بهخشیوه. ئهمه دڵی
رۆشن بینی منه لهگهڵ تۆ دا ئهدوێ.
کرئۆن: پیرهپیاو، تویش
لایهنی دوژمنانی من ئهگری. کهسهکانم خهیانهتم پێ ئهکهن. کوڕم منی
به ناکهسێ فرۆشت. ئێستاش مهلی ئاسمان فاڵم بۆلێئهدهنهوه.
کهمانداران، کهمانداران، تیرهبارانم کهن. من ئهمانجیکی زیندوم. دلێر
بن. دهوڵهمهند بن. زێری ساردئیس و گهنجینهکانی هێندوستان
کۆبکهنهوه. بهڵام ناتوانن پۆلۆنیکس بنێژن... نا تهنانهت ئهگهر
ههڵۆی ئاسمان پارچهی لهشی به عهرشی زئوسدا بڵاو بکهنهوه، مل
نادهم. فهرمان ئهدهم ههرنهینێژن.
له خودایان مهمترسێنن. پیسایی هیچ خولقاوێک داوێنی ئهوان
ناگرێتهوه. بهڵام تۆ کاهێن! ئاگات ئهکهمهوه ئهوانه خۆیان ئهفروشن
ناوی کهسێ بزڕێنن سهرئهنجامی ترسناکیان ئهبێت.
تیرزیاس: ئایا کهسێک نیه بزانێ یان
تێبگا......
کرئۆن: من له پێش چاوی ههموان
دام!
تیرزیاس: ... که بڕێ فام و
ژیری له ههموو چاکهیهک سهرتره؟
کرئۆن: .. وه
بێشهرمی به باوهڕی من له ههموو خراپهیهک ناشرینتره؟
تیرزیاس: پێکهنه!
شێت به شێتی خۆی نازانێ.
کرئۆن: من سووکایهتی به
پیاوانی ئایینی ناکهم.
تیرزیاس: کردت، تۆ به
منت وت درۆزن.
کرئۆن: رهگهزی پیاوی
ئایینی چنۆک پووله.
تیزیاس: رهگهزی حاکمی
چنۆکیش تاڵانه.
کرئۆن: ئاگات لێیه له گهڵ
سهرۆکی دهولهت ئهدوی؟
تیرزیاس: ئهزانم و
زۆرباشتریش ئهزانم من نهبم ئهم سهرۆکه ناتوانی دهوڵهتهکهی رزگار
بکا.
کرئۆن: تۆ نۆکهرێکی باش بووی
بهڵام ئێستا له خزمهت تاواندای.
تترزیاس: وا ئهکهی گ راسیهک
دهرخهم.
کرئۆن: ههمووی بڵێ... بهڵام
بیرمهکهوه له پڕکردنی کیسهی خۆت.
تیرزیاس: ههر بیر له قازانجی
تۆ ئهکهمهوه.
کرئۆن: ئهوه بزانه
رای من نافرۆشیهت!
تیرزیاس: باوابێ ! ئهمجار تۆیش
بزانه ئهی کرئۆن ههتاو جارێکی تر ههڵنایه مهگهر یهکێ له کهسانی
تۆ تاوانی ئهو جهستانهی له لایهن تۆوه ئازار دراون، بداتهوه. تۆ
که جهستهیهکی زیندوت بهخاک سپاردوه و جهستهیهکی زیندوت له خاک
دهرهیناوه. تۆ رهوتی ههردو دنیات شهواندوه. مافی خودایانی مهرگت
پێشێل کردوه. نه تۆ دهسهڵاتداری مردوانی نه ئاسمان. ئهوان یاسا و
خودای تایبهتی خۆیان ههیه. هادێسی پادشا پشتیوانیانه. ئێرینووس-هکان
ئازاد ئهکا، داو بنێنهوه. سزا له رێته. له ماوهیهکی کهمدا،
کۆشکهکهت له ناڵهی پیاوان و شین و شهپۆڕی ژنان دێتهلهرزین. تووڕهیی
خهڵک و قینی شار دژ به تۆ سهرههڵئهدات. کهس نایهوێ سکی درهندهکان
ببێ به گۆڕی مردوان هیچ ئیزهدێک و هیچ ئینسانێک بۆگهنی لاشهی رزیو له
نوێژگهکانا ههڵناگرێ.
ئهمه ئهو شتانهیه
کاهنی خۆفرۆش بهتۆی ئهڵێ. ئهمهیه ئهو تیرانهی تیرزیاس-ی کهماندار
ئهیگرێته تۆ. چاک ئهتپێکم! زامهکانی ئاگرت ئهدا. ئا دهی کوڕه من زو
ببه دهرهوه. پهله بکه. بهڵکوو ئهم کابرا زمانی کورت کاتهوه و
جوێن به پیرهکان نهدا.
سهرکۆڕ: پادشا. کاهن رۆیی. بهو پێشبینیه ترسناکانهیهوه. ئاگات لێبێ
بهبیرهوهری من ئهم پهیامدهره ههرگیز درۆی نهکردوه.
کرئۆن: ئهزانم و
پهرێشانم. مل دانان گرانه. ههرنابێ. بهڵام به سهرشۆڕی به داوی
ئیزهدان کهوتن سزاواری من نیه!
سهرکۆڕ: ئهی پادشا ئهبێ
مێشکت بێتهوه سهرخۆ.
کرئۆن: چ بکهم، رای
خۆت بڵێ. ئهی سهلمێنم.
سهرکۆڕ: پهله بکه . تۆڵهی
خودایان وهک تریشقه خێرایه.
کرئۆن: نهفرهت له من. مل
دانان گیان کێشانه. جهرگم له ریشه دهرئێنم. ههرچارهنووس چۆک به
کرئۆن دائهدا.
سهرکۆڕ: خۆت بڕۆ مهیده دهس
کهس.
کرئۆن: ئهڕۆم، غوڵامهکان
قوڵهنگ ههڵگرن بهدواما بێن. ناچارم. وانهبێ ئهکهومه بهندی
خودایانهوه.
(کرئۆن ئهچیته
دهرهوه)
هاودهنگان: باخووس ئهی خوای
مهزنی، بهرزه ناوی، خۆشی و شادی
ئهتۆ رۆڵه رێزدارهکهی
کێژێ له شارهکهی ئێمهی.
تۆ له ئاگر پهیدا بوویت
و هاتویته سهر دنیای ئێمه.
تیشک ئهدهی به بهری
رهز و، بڵێسهی ژین ئهگڕێنی.
شاری تبای دایکی تۆیه و
دایکی سهما کهرانی تۆ.
تۆ ئێمهت خۆشئهوێ
یاخووس.
له رۆبارهکانی ئێمهدا
خۆ ئهشۆری.
له سهر لوتکهی چیا ی
"پارناس"
لهو خهلوهتگه پهریانت
سهما ئهکهن
گڕی سووری مهشخهڵان و
ئهو ئاوهی له
کاستالیا ههڵئهقولێ ئهت بیننهوه
له سهر گیژاوهکان
دهرئهکهوی.
بهسهر بهندێک له گیا
له گوڵ
به دهستهوه هێشووی
تازهی ههنگوری رهش
شاد و دهم به پێکهنین
لهو ههرا بۆ تۆی بهرپا ئهکهن
به کووچهو باخهکانی
ئێمهدا پیاسهئهکهی.
باخووس، دیسان رومان
تێکه. شار ئهناڵی. بانگت
ئهکا.
تیمارگهری زامهکانی خۆی
گهرهکه.
دهریا پێوهو کوێستان
ببڕه،
سیمای رزگاری بهخشی
خۆتمان پێ ببهخشه.
ئهی رۆڵهکهی تریشقهو
گڕ لهگهڵ یاری شادی بهخشی خۆت وهرهوه.
سهمای سهرشێتانهی
مایناسهکان، بۆ ستایشی دهستی ئازادگهری تۆیه.
بێ و گهلهکهت رزگار
بکه . شاری تبای بپارێزه له خنکاندن
ئای ههی باخووس ئای ههی
باخووس
(پهیکێ دێته ژورهوه)
ئهی دانیشتوانی تبای،
کهس له سووڕی گهردون دهربازنابێ. بهرزی و نزمی بهدهست ئهوه. شایی
و شیوهن له سهر موویهک بهنده. پێشتر گ کهس ئێرهیی به کرئۆن
ئهبرد، ئازادکهری وڵات، فهرمانڕهوای دهوڵهتی شار، باوکی بهختهوهری
بنهماڵه بههێزو توانای یهزدانیهوه، بهڵام ئهمڕۆ بهختی رما. شادی
کرئۆن کهم خایهن بوو. وهک رۆحێکی سهرگهردانه. ئهکرێ دارا بی، ئهکری
پادشا بی، بهڵام ئهگهر دڵخۆش نهبی مهزنایهتیت به سێبهری دوکهڵێکی
هیچ و پووچ ناژی.
سهرکۆڕ: مهرگ قووتیان ئهدا.
نابووده بوون.
هاودهنگان: بکوژ کێیه؟ کوژراو کێیه؟
پهیک: هایمن مردوه.
ههر دو دهستی خوێناویه.
سهرکۆڕ: دهستی باوکی؟
پهیک: دهستی
خۆی. دهستی باوکیشی. له داخی باوکی، بکوژی ئانتیگۆنه، خۆی کوشت.
سهرکۆڕ: ئای تیرزیاس!
درۆت نهکرد. ئهوه ئیرۆدیکهی شاژن هات. بڵێی لهوه بهسهر کوڕکهیا
هاتوه ئاگادار بێ؟
(ئیرۆدیکه له درگای کۆشک
دێته دهرهوه.)
ئیرۆدیکه: هۆی.....بێنه
زوان. بڵێن بزانم، بۆ نوێژ ئهچوومه پێشگای پاڵاس، شتێکم بهرگوێ کهوت.
ئهڵقهکانم ترازان. درگاکانم کردهوه. ههواڵێکی جهرگبڕم بیست. کهوتمه
عهرز. غولامهکان ههڵیان گرتمهوه.. چی بووه؟ بڵێن دوبارهی کهنهوه.
من سهرسهختم خووم به بهڵاگرتوه.
پهیک: یایهی بهڕێز،
کهسێ چاوی له روداوهکهوه بووه راستیهکهت پێ ئهڵێ. سودی چیه
شاردنهوه و بهدرۆ فریودانت. من له گهڵ پاشا چومه سهر ئهو تهپۆڵکه
وا تهرمی پۆلۆنیکس، شهمزاو و سهگ ههڵدریو لهوێ کهوتبوو. له پێشگای
پلۆتۆن و ههکاته-ی ترسێنهردا پاڕاینهوه با تۆزی له توڕهییان کهم
بکهنهوه و مردوهکه له جێی خۆ وهرگرن بهئاوی تایبهت شۆردمان و لهت
لهتی تهرمهکهمان لهسهر کۆمهڵیک لقی زهیتووندا سووتان و خاکی پیرۆزی
وڵاتمان بهسهرخۆڵهمێشکهیا رژاند. دوایی چوین بۆ گۆڕهکهی ئانتیگۆنه.
یهکێکمان له دورهوه دهنگی هاوار و ناڵهی بیست وهک ئهوه له دڵی
خاکهوه بێت. پادشا کهوته پهله. ورده ورده که نزیک بووینهوه
ئهو وته دڵتهزێنانهی ئهبیست و دهنگی ئازیزێکی ئهناسیهوه. هاوارێکی
جهرگبڕی کرد. بهدهم شیوهنهوه وتی : وهی له من گیانکێشانمه. ئهمه
دهنگی کوڕی منه. دهنگه مێهرهبانهکهی ئهژنهوم و له دڵما
کارئهکات. راکهن بهردهکه لابهن و دهخمهکه بکهنهوه، بزانم
دهنگی هایمن-ه یان خودایان فریوم ئهدهن. به گوێمان کرد. زهوی
کرایهوه. له تاریکایی ئهشکهوتهکهدا ئانتیگۆنه ههڵواسرا بوو. پهتێ
له شیتاڵی کراسه کهی له گهردنه جوانهکهی ئاڵا بوو. هایمن ئهو
کچۆڵه بێچارهی گرتبوه باوهش و بۆ ئهوینی له دهس چوی ئهگریا. کرئۆن
چاوی پێکهوت و خۆی گهیانده ناو دهخمهکه و به رۆڵهکهی وت چارهرهش
چی ئهکهی؟ بێ دهرهوه.
مێشکت تێکچوه.؟. رۆڵه بێ باوکت به ئاواتی تۆوهیه. بهڵام کوڕهکه به
قینهوه چاوی تێبڕی و تفی کرده ناو چاوی و بێ سێ و دو خهنجهری
ههڵکێشا. باوک خۆی لادا و بهری نهکهوت. ئهمجار قینهکهی بهسهر خۆیا
رشت و ئاسنی نا سهر سنگی خۆی و رۆی کرد.
دهسته بێهێزهکانی کێشا
بهرهو ئانتیگۆنه و له دوا ههناسهی دا گرتیه باوهش. خوێن له
برینهکهیهوه ههڵقوڵی و روومهتی کاڵهوهبووی کچهکهی داپۆشی. ئێستا
ئارامی گرتوهو مردوهکهی له باوهشه. له نوینێکدا کههادێس
رایخستوه، ژن و شوویهک نووستوون.
(ئیرۆدیکه بێ ئهوه هیچ
بڵێ ئهگهڕێتهوه بۆ کۆشک)
سهرکۆڕ: شاژن بێ وتهیهک یان
شیوهنێ گهڕاوه بۆ کۆشک. چی بکهین؟
پهیک: سهرسووڕ ماوم بیگومان
نایهویێ له ناو خهڵکا بگری. ئهچێ خهمهکهی بشارێتهوه.
ژنێکی ژیره ههڵه ناکات.
سهرکۆڕ: ئهم بێدهنگیه
ترسێنهره.
پهیک: راست ئهکهی. وهک بڕیارێک
به ناهومێدیهوه بشارێتهوه. ئهچم بزانم چی ئهقهومێ.
(پهیک ئهچێته ناو
کۆشکهوه کرئۆن تهرمی کوڕهکهی له سهر دهست دێته ژورهوه.)
سهرکۆڕ: پادشاهات. تهرمی رۆڵهکهی له سهردهسته. قورسایی گوناههکهی
بهدهستیهوهیه
کرئۆن: بهرههمی ژیری درۆیینم.
سزای شێتیم و فهرمانی شوومم. رق ئهستووریهک بهرههمهکهی ههر مهردن
بوو. بکوژ و کوژراو هاوخوێنن. ئای کوڕهکهم. تازهلاوهکهم. مردوه
جوانه مهرگهکهم. من تۆم کوشته. من بکوژتم.
سهرکۆڕ: درهنگه زۆر
درهنگه چاو به راستیدا ههڵبێنی.
کرئۆن: زۆر درهنگه من تێبگهم.
خوایهک کێشای به روومهتما. خوایهک به قورسایی خۆی وردی کردم. پاڵی
پێوهنام بۆ رێبازیکی ترسناک، شادی رۆحم تیا پێشێل کرد. گڕ و تینی ئینسان
چهن هیچه هیچ!
(پهیک له کۆشک دیته
دهرهوه)
پهیک: ئهی پادشا خهمت
گهییوهته دوا پله. لێره یهکێ له باوهشتایه ، یهکێتریش له
ماڵهوه چاوهڕێته.
کرئۆن: دیسانهوه چی
رویداوه؟
پهیک: ژنهکهت مرد. مرد
چونکه دایک بوو. له بهر ئهو تهرمه خۆی کوشت.
کرئۆن:
ئا ی هادێس
هادێس ،
خودای نوێژگه
خودای گازه و خودای نزا،
تۆ جارێکی تر من ئهکوژی.
چیتان ئهوێ من تێناگهم.
جارێک مردم، تۆ دیسانهوه
ئهمکوژی.
ئهوانه لاشهی منیان
ئهوێ. پۆلۆنیکس....
ئهڵێی چی غوڵام تۆ ئهڵێی
چی؟ له سهردارێک و پاشان له داردراوێکیتر.
مردوان دهوریان داوم.
(درگای کۆشک ئهکرێتهوه
ئیرۆدیکه له درگادا کهوتوه.)
سهرکۆڕ: کوڕه جوانهکهت
ببینه.
کرئۆن: من گوناحێکی
تازه ئهبینم و سزایهکی تازه. چ چارهنووسیک چاوهرێمه. چ چارهنووسێک
بۆسهی بۆ گیانی من ناوهتهوه؟
دوو تهرم که من گیانم ئهستاندون، گیانم ئهستێنن.
پهیک: ژنهکهت له
نوێژگهدا مرد. ئهو فرمێسکانه بۆ رۆڵهکهی ئهڕشت له چاوه بێ
تینهکانیهوه دائهکهوت، ئهو لێوانهی بهتۆی ئهوت پیاوکوژ، به مردن
بێدهنگ بوو.
کرئۆن: مهرگ ئهی مهرگ ، تۆ
پڕم ئهکهی له ترس. ترس بهدهوری سهرما گرد و خولیهتی. ههڵم
ئهگووشی، ئهم بهسیهوه، وهک رۆباریک ئهخزیتهگیانم. وهک خهنجهریک
ئهچهقیته ناو دڵم . من کوشتومه. من دوجار کوشتومه. کهس
نهیکوشتوون ههر خۆم نهبێ. کهس نابی بکوژریهت من نهبێ. دهی ئهی
غولامان بمکوژن- ئهی
کوژراوهکان بمکوژن. ئهم
مردوه بکوژن.
سهرکۆڕ: تۆ داوای بهخششی بێ
بڕانهوه ئهکهی. تۆ سزاواری هیچ شتێک نیت.
کرئۆن: دهبا مهرگ بێ رزگارم
کا. ئهی جوانترین دوایین مهرگێ که ئهبمههۆی،
ئهی دوایین رۆژی من، ئهی
مردن له ئامێزم بگره. ههتاوێکیترم ناوێ، له شهوی خۆتا نوقمم که.
سهرکۆڕ: پێش نههاتوو مهکهوه.
مردن داوا ناکریهت. مردن ئهو کهسه رزگار ناکا خۆی چارهنووسی بۆ خۆی
دابین کردبێ.
کرئۆن: بمبهن. بمبهن، سهری
بێ مێشکم ههڵکهنن. ئهو چاوانهم وا هێشتا ئهتوانن کوژراوهکانی پێ
ببینن ههڵکۆڵن. ئای رۆڵهکهم ئهی کوژراوهکهی شێتی من، تۆ ئیرۆدیکه
کوژراوهکهی تری دهستی من ، ئێوهم نهبێ، دهبا خۆیشم نهبم. ئیتر هیچم
نیه دهبا هیچ نهبم. ژیان له ژێر پێما ههڵدێ. دهبا مردن به سهرما
بڕوخێ.
سهرکۆڕ: کڕئۆن، تۆ له گهڵ
خودایان ناڕهوات کرد. ئهوان مهزنایهتی تۆیان رووخاند. دهسهڵاتیان
بناسهوه. مل کهچی دادگهریان به. خودایان فهرمانرهوای جیهانن. له
پاداشی ئهم رهنجهدا، هۆشیاری و ژیریت پێئهبهخشن که سهرچاوهی
خۆشبهختیه.