|
|
بارام به‌یزایی
کارنامه‌ی
بونداری بیده‌خش
[ لۆ دوو ژ به‌ر بێژ]
[][]
ئای قاییمه قه‌ڵا که خۆ پێکم هێنای ووا دیلی تۆم ، به خۆشامه‌یێ
بگه‌ره هانام ! له به‌رزایی ئه‌و به‌رزه‌وه ، له‌و لووتکه هه‌ور
داپۆشیوه‌وه بڕوانه من له به‌ر پای خۆتا ؛ تێکشکاو و چوکه له‌ش، که
به‌ره‌و لای تۆم کێش ئه‌که‌ن، به داشقه‌یه‌کی داشک کێش! منێ که
نه‌زانیوو زیندانێکم لۆ خۆ بنیات نا؛ که له‌وێوه ،جگه له مردن رێ
به هیچ جێگه‌یه‌ک
ناگا . درگاکانی به رووی دنیادا داخراو، قوڵکه‌کانی تاریک ،
ره‌هۆڵه‌کانی ته‌سک ، رێگه‌کانی به‌ره‌و هه‌ڵه‌ت و داڵانه‌کانی
پێچه‌ڵاوپڵووچ و بن به‌ستراو! خۆزیا ، ئه‌رێ خۆزیا، تۆزقاڵێ له
چاوتیژی‌ی ئه‌و جامه له مێشکی منا ببووایێ ؛ که پێشتر وه‌ها رۆژێکم
تیا بدیبایێ و په‌نا مه‌کی رێیه‌کی ده‌ربازبوونم لۆ خۆ دابین
کردایێ . کێیه ئه‌مه‌ی لێم بووه‌ته دوژمن،جگه له نوقاوه‌چاویی من
؟من ئه‌بێ زافزاف زانای زانستم بم هه‌گه هه‌نۆ هاتۆته سه‌رچز لێم .
[]
ئه‌مه‌یه ئاکامی ئه‌و که‌سه‌ی که گووتی نا ! هه‌رچه‌ن هه‌ساره ناسێ
زانایه ؛ یام راوێژیارێ به‌ڕێزه لۆ هه‌ر کۆڕێ ! له هه‌ر شوێنێ هه‌ن
بزمار هه‌ڵگرن و جه سه‌ر خشتی کاڵ بنووسن : ئه‌ز - جه‌می رایه
ره‌سه‌ن- هه‌ڤاڵی مه‌زن مرۆڤان و دۆستی چوارپێیه ماڵییه‌کان و
ناسیاری گیا به که‌ڵکه‌کان- ئه‌ز که جه‌مم – به رێنوێنی ئاوه‌زی
تیژبین ، دوژمنێکم ناسی‌ی که له چاو شاراو بوو هه‌ر چه‌ن هه‌میشه
له پێش دوو چاوی خۆما ئه‌هات و ئه‌چوو!بنووسه : نه‌زانان جێ
مه‌ترسی نین که خۆ چاری خۆیانن. نا – ئێمه ئه‌بێ ورد بڕوانینه
زانست که که‌ڵکی چییه و بۆ کێیه ؟ زانستێ که به گوێ‌ی فرمانی ئێمه
نه‌بێ بۆ ئه‌بێ ببێ ؟ چما زیانی زیاتره، ئه‌و حه‌له‌ی له چنگی
دوژمنا بێ و کێ دزێوتر له‌وه‌ی له‌وزه‌یا بێ زانستی یه‌کسان به
ئێمه و دوژمنی ئێمه بدات؟ نووسیت نووسه‌رۆک ؟ ها، وه‌بیرم هاته‌وه
ئه‌م زانسته له کێوه فێر بووی !
[][]
ووتم کام دوژمن هه‌ی شالیار ؟ هه‌ی جه‌م ، که سووار ئه‌سپت ئه‌بی
دوژمنانت با ئه‌یانبا ! بۆ پێت وایه که من ئه‌وان به که‌س بهێنمه
ئه‌ژمار؟ ئه‌وه‌ی تاجی زانستی له سه‌ردایه چلۆن ده‌سه‌نه‌خواری
مرۆڤ‌خۆران و هزرچه‌وتان ئه‌کات؟ ئاخۆ ساڵانی ته‌مه‌نم له پێناو
ئه‌م وڵاته‌دا به‌خت نه‌کردووه ؟ له هه‌رزه‌کاریه‌وه هه‌تا ئه‌م
چه‌رمووایه‌تی سه‌رو
ردێنه‌م ؟ ئاخۆ نه‌مگووت زانستی خانوو دامه‌زران و نه‌مگووت زانستی
شاڵ کردن و نه‌مگووت زانستی کڵاش و پێڵاو ؟ ئاخۆ به هه‌وێنی شیر
پێخۆریه‌لی به تامم دروست نه‌کردومشاروته‌شوێم نه‌کرده ئامرازی
ده‌ست دارتاشه‌کان و چه‌کوش وئاگری ده‌ماوم نه‌دایه ئاسنگه‌ران؟
پێوانه‌کانی وه‌کا دانگ و بنگووس وگه‌ز وگرێ و فرسه‌خم دانه‌نا ؟
نه‌مگووت زانستی بیرلێدان و ئاو به دۆڵچه و گوریس هه‌ڵکێشان ؟ یاوی
مر‌ۆڤم دانه‌مرکان به زه‌بری زانستی له‌ش ناسین و نه‌دوام له
زانستی هه‌ساره ناسین ؟ نه‌بوومه هه‌ڤاڵی خه‌ڵک و، لۆ تۆ که‌ژاوه و
ته‌ختم دروست نه‌کرد؟
[]
ناحه‌زی وا جراپتر، که هه‌ر چاکه‌یه‌ک له دنیادا کرا، ئه‌ڵێ ئه‌ز
کردم و هه‌گه‌ریش وی نه‌ڵێ خه‌ڵک به هه‌ڵه وا بیر ئه‌که‌نه‌وه ، که
ئه‌وه‌ی به‌ری زانسته ده‌ستکردی ئه‌مه و؛ له مه‌زگیی شا هیچ نادوێن
! هه‌گه وی له شیر چه‌نا پێخۆری ئاڤراند- مه‌موو به تام- وله
گیاکان، خۆرشتی خۆش-سوێروشیرین وتیژوناتیژ- کێ بوو جگه له جه‌م له
ره‌ز شه‌رابی گرت ،که جه گشت خواردنه‌وه‌یه‌ک سه‌رتره وجگه به‌و
نه‌بێ خه‌م له دڵی که‌س ناڕه‌وێ ؟ کێ بوو فه‌رمووی جام و پیاڵه
دروست بکه‌ن؛که له‌ودا باده به زاری دۆست،له خوێنی دوژمنان خۆشتره
و ؟کێ بوو شووشه‌ی له دڵی به‌رد و هه‌ورێشمی له پیله
ده‌رهێنا؟ئه‌مانه گشت کرده‌ی جه‌مه ،شای خاوه‌ن زانست که ناوچاو
هه‌تاوی پێده‌ڵێن و،ئه‌و یاخییه- بونداری بیده‌خش- ئه‌و
رووقاییمه،چاوی له حه‌نام هه‌ڵهێنا و گووتی: هه‌ر چییه‌کت ئه‌وێ
بیسووتێنه هه‌ی جه‌م وزانست مه‌سووتێنه !-ئه‌م هه‌ڵه هزره ، ئه‌م
خۆنوێنه،ئه‌م زل قسه،ئه‌م هه‌ڵیت وپڵیت بێژه! نا نووسه‌ر،پێنووس
بشکێنه و ئه‌م خشته له ئاوا بتڵیسێنه‌ره‌وه !
[][]
ووتم هه‌ی جه‌م که که‌ژاوه‌ت شه‌ش ئه‌دپ رایده‌کێشن؛ من
له‌م زانستانه لۆ خۆ هیچم نه‌ویست . من ئه‌م زانستانه گشت ژبۆخه‌ڵک
فێر بووم و ئه‌مڕۆ که‌ڵکیان،له گشت لا،هه‌موو ده‌یبینن . ئه‌ی بۆ
جگه له کۆت و به‌ند هیچێ له ده‌ست وپێ‌ی مندا نییه؟ ئاخۆ زانسته که
بۆ دوژمنایه‌تیم چاکی کردووه به لادا؟ نا؛ ئههمه له زانسته‌وه
نییه، ئه‌مه له لایه‌ن ئێوه‌وه ئاراسته‌م کراوه، له لایه‌ن ئه‌وه‌ی
که پێچه‌وانه له زانستی منی روانی !
[]
منی خاوه‌ن ته‌خت ،منی جه‌م- که هه‌ر ئه‌نگوسیله‌ی شایه‌تی چووه
قامکم دنیام نوێ کرده‌وه –من،به‌ڵێ،من که جه‌مم، به گوێهی
هوورمه‌زدی مه‌زنم نه‌کرد که فه‌رمووی وه‌ره هه‌ی رایه ره‌سه‌ن
پێغه‌مبه‌ری ئێمه به لای خه‌ڵک و؛پێم گووت : لۆ من به‌سه جه‌م بوون
و دنیاداری!منی جه‌م که له پشتی مانگ وخۆرم، پێم گووت: واباشترکه
من ئه‌مه‌م؛ چماخه‌ڵک به خوازتی خۆیان دێنه کنم ؛ بێ ئه‌وه‌ی بانگ
هێشتنیان بکه‌م و ؛ گازه ده‌که‌ن له شه‌س کاتی رۆژا! ئه‌وسا ئه‌و-
هورمه‌زدی مه‌زن- منی جه‌می جه کاروباری دنیادا کرده راوێژیار
تاوه‌کوو له دێ‌و و درنج پاک بووه‌وه! نووسیت؟- بنووسه : من که
جه‌مم،شه‌روشۆڕی دنیام دامرکان و لۆ خه‌ڵک خانوو وشوێنی ژینم
دامه‌زران . گیانله‌به‌ری به‌که‌ڵکم له گشت لایێ کۆکرده‌وه و
گژوگیای به که‌ڵکم چاندو نه‌خۆشییه‌کانم فه‌وتان. وه‌ها که متۆ
په‌رههیان ساندوجێیان پێ ته‌نگ بوو و هاوار وشیوه‌نیان گوێمی
هێنایه ژان. به نکه و ناڵه گووتیان: هه‌ی جه‌م ، بڕوانه که زه‌وی
شوێنی نه‌ماوه و زۆر ناخایه‌نێ که ئه‌بێ وه‌کا مار به سه‌ر یه‌کا
بین و بچین.ئه‌وسا من که جه‌مم رووه‌و لووتکه‌ی هه‌ره‌به‌رز
وه‌سه‌رکه‌وتم- قه‌مچی له مشت- ناوی هوورمه‌زدم هێنا و هۆره‌گه‌لی
رێبازی نۆ و رێبازی کۆنم چڕی و قه‌مچیم له پشتی عه‌رزدا که هه‌ی
زه‌وی پانه‌وه به لۆ خه‌ڵک و زه‌وی پانه‌وه بوو و شایلۆغانی شایی
خه‌ڵک گه‌ییه ئاسمان و هه‌تا سێ جار خه‌ڵک جێیان پێ ته‌نگ بوو و من
سێ جار دنیام بۆ به‌رین کردنه‌وه و گه‌لێ ئاواییم پێک هێناو
ئه‌مانه‌م هه‌موو، به ناوی یه‌زدانه‌وه کرد .
[][]
ئه‌مانه هه‌موو به‌ره‌ی زانست بوو! "با" ئه‌م ووته‌یه‌م ببه و کێو
ئه‌م هاواره بگه‌ڕێنه‌ره‌وه و قاییمه قه‌ڵا تۆ له ئامێزی بگره
هه‌تا را نه‌کا!تۆی دژخوو که نهۆ مینا زانستم - که پێم پێده‌که‌نێ-
منت له ئامێز گرتووه ! ئه مانه هه‌موو به‌ره‌ی زانست بوو!ئه‌وانه
گشت دێ‌و و دێوکار بوون- سووار ملی یه‌کتر- که ئامرازی شه‌ڕیان
ئێسکی برایان‌و مناڵانیان بوو،
زێ‌ی که‌وانیان ریخۆڵه‌ی ئازیزانیان بوو. وڵاتی ئێران له
ژێرسمیانا سمیا. هه‌تا داوام له جه‌می دنیادار کرد، دواشه‌ڕ به
گوێره‌ی زانست بکات. ئه‌وسا به ئاوێنه‌کان تیشکم هاوێشته چاو
دوژمنان و ئه‌وانم له حاس شه‌ڕا کوێر کرد و شکستیان هێنا و به
وورشه‌ی چه‌نا هه‌تاو سۆمایان فه‌وتا و به‌ره‌و زه‌وی سه‌ره‌ونخون
بوونه‌وه و زه‌وی پڕ بوو له بۆگه‌ن و بۆساری ته‌رمی تۆپیویان و
ئه‌وانه‌ی به جێ مابوون به گریان و شیوه‌ن و خۆکوژتن و خۆبڕین
هه‌ڵاتن؛ سم فه‌وتاو، له سه‌ر قه‌پۆز یام کلک؛ خۆ کێشکه‌ر، شاخ
هه‌ڵکه‌نراو و نینۆک شکاو، هه‌تا ئه‌و په‌ڕ تاریکایی دنیا- هه‌تا
ته‌قته‌قه‌ی نه‌مان- وا که که‌س جارێ دی نه‌یدیتنه‌وه و !چون به
ئاگری یه‌زدان زه‌وی له بۆگه‌نیان خاوێن بووه‌وه،خه‌ڵک وده‌وڵه‌ت
حه‌سانه‌وه و دنیا پشووی دا.ئه‌و چه‌ل به‌زانستی ده‌مار
ناسین،نه‌خۆشینه‌کانم فه‌وتان و چاندن و روواندنی گژوگیای به پیت و
ئاژه‌ڵدارییم فێری خه‌ڵک کرد. هه‌تا زه‌وی ته‌نگ نواندی و خه‌ڵک
وه‌ڕه‌س بوون. جه‌م پرسیاری کرد:چارچییه و چ کرده‌ن؟! – ئه‌وسا به
زباره‌ی خه‌ڵک و زانستی خاک ناسین، زۆنگاوم شۆرده‌وه و زه‌وی نوێ
هاته ئاراوه و خه‌ڵک تۆویان تیا چاند و دنیا بووه سه‌وزه‌ڵانی و
ئه‌مه سێ جار پات بووه‌وه و ئه‌مانه هه‌موو به‌ره‌ی زانست بوو!
[]
فه‌رمووم له سه‌ر گڵ بینووسن و له به‌ردا هه‌ڵیکه‌نن و له سه‌ر
چێوا بینه‌خشێنن چیرۆکی جه‌می دوژمن به‌زێن؛که چاونه‌ی فراوانی و
فره‌یی و فراژی و فرسه‌نده، ئه‌وسا بۆ ئه‌م سه‌ر که‌وتنه چه‌نا
جێژنم کرد و رۆژگارم نوێ کرده‌وه. لۆ دێوان ،چاڤدێرانم له سه‌ر
دیوار و به‌رزاییه‌کان دانا، که به هه‌ر نیشانه‌یه‌ک ، ئاگر
هه‌ڵده‌گرسێنن و ئاوێنه راده‌گرن و کۆتر به نامه‌وه هه‌ڵده‌فڕێنن
و، فه‌رمووم : با لۆ دژکاران قاییمه قه‌ڵاتێ داڕژێنن هه‌تا
دێوکارییان هزری خه‌ڵک نه‌ئاڵۆزێنێ و ئازاریان نه‌گاته پاڵه و
شووان و، هه‌رکاتێ خوازتیان هه‌نگاوێ بۆ شه‌ڕ هه‌ڵگرن بیری قه‌ڵا
بکه‌ونه‌وه و
پاشگه‌زانه روو له دووره شوێنان نێن و،گووتم: خۆزیا له سه‌رانسه‌ر
ئێرانا، هه‌ر کات ویستم بمزانیایێ ، کێ لێ‌ی قه‌وماوه هه‌تا
ته‌گه‌ره‌ی له سه‌ر رێ لا ببه‌ین و کێ دڵی برینداره دڵی بده‌ینه‌وه
و کێ نه‌داره دراوی پێ بده‌ین و کێ چاوی ئه‌سرین باره به مزگێنی و
شادی فرمێسکی بسڕین .
[][]
قاییمه قه‌ڵائه‌ز تاقی تۆم شبی شه‌وێ سازداوه با رۆچنه‌کانت
ئه‌ستێره‌ی بن . ئه‌ز له تۆدا گۆلاوێکم دروست کرد بارانگر و
عه‌رزه‌که‌تم به ژماری رۆژه‌کانی ساڵ خشتی سوور دانا و له سه‌ر
درگاکه‌تا نووسیم : له‌م درگه که‌س تێناپه‌ڕێ ! من تۆم مینا دنیا
ئاڤراندووه، دوازده پلیکان وه‌کا مانگه‌کانی ساڵ و لۆ هه‌ر کام سی
پلیکه به قه‌رای رۆژه‌کانی هه‌ر مانگ. به‌شێکم چون به‌هه‌شت
خه‌مڵاندووه ،روون و که‌سک و به‌شێکم ساردوتاریک چه‌شنی جه‌هه‌نم
لێکرد و، تۆ له‌ودا خه‌ڵک و گیا و گیانه‌وه‌ر ده‌بینی هه‌موو له
به‌رد داتاشراو و کاتێ دروستم ده‌کردی هه‌موو ئه‌مانه له مێشکمدا
وه‌کا جامێ ده‌چوو که دنیای تیا دیاره . من که بونداری بیده‌خشم،
پیاوێ بووم ئه‌ستێره ناس که باووکم کاتی مناڵیم له گشت زانسته‌کان
نه‌ختێکی فێر کردبووم وکه باڵام کرد شوێن گشت ئه‌و زانستانه که‌وتم
.من به منداڵی سه‌رنجی پێسته نووسراوه‌کانی کلدانیم دابوو و له‌و
ئایه‌ره و هزر و بیری ئه‌وان تێگه‌ییشتبووم و ئه‌و زانسته سه‌رسووڕ
هێنه‌ره بابێلیانه‌ی سه‌ر خشتی سوورم گشت له به‌ر بوو .له پێش بینی
ساتی هه‌ستان و داچوونی ئاو، هه‌تا کاردانه‌وه‌ی مانگه‌شه‌و و
بروسکه‌ی چه‌ن ئه‌ستێره له به‌دی هاتنی شه‌پۆل و سه‌رهه‌ڵدانی
سه‌وزه گیا.له دابی داڕژتنی ئاوێنه که زانستی میسریه‌کان بوو هه‌تا
زانستی تێکه‌ڵاو کردنی بنجی گیا و هه‌توانه‌کان و بارسایی کادز و
پێوان و ژماره و چه‌نایه‌تی و چۆنایه‌تی ئه‌م داییساوانه‌ی ئاسمان.
له ساخ کردنه‌وه‌ی ده‌وانامه‌کان و دانانی سه‌نگ وپێوانه‌کان و
ده‌رخستنی په‌یکه‌ره‌ی هه‌ساره‌کانی ئاسمان هه‌تا ئه‌و ئاوێنه
شه‌وچرایانه‌و جامی راستی‌ی که هێنییه‌کان دروستیان ئه‌کرد و ئه‌و
هیمیه‌له‌ی چینیه‌کان چرای جادوویان پێ ئاڤراند. ئه‌وسا بیرم له
جامێ کرده‌وه که دنیا بنوێنێ و گوتم ئه‌مه شایه‌نی شایه‌که
خه‌مخۆری دنیایه؛ با تیایا بڕوانێ و به گرفتی خه‌ڵک له شووان و
شاخه‌وان و شه‌ڕکه‌ر و شه‌نکه‌ر هه‌تا زارۆک و ژن و پیاو بزانێ و
به زانایی خۆ ئه‌و گرێگه‌له بکاته‌وه و کۆسپیان بفه‌وتێنێ و،
ده‌ستم دایه کار و ده ساڵی خایاند .
[]
پرسیارم لێکرد: هانجی وه‌کا ئه‌مه‌ت پێ ده‌ئاڤرێ؟ ئه‌مه گه‌لێ باشه
و خه‌ڵکی گشت تیا دیاره و ئێمه که خه‌مخۆری دنیاین ده‌با به باشی‌ی
پیا بڕوانین هه‌تا به گوێره‌ی تووان خه‌م له دنیا بڕه‌وێنین . ئاخۆ
هانجی وه‌کا ئه‌مه‌ت پێ ده‌ئاڤرێ ؟
[][]
پێم گووت : هه‌ی جه‌م که له هه‌تاوبه تین و تاوتری، ئه‌مه کۆڵه‌می
کوتا، پشتم پێیه‌وه چه‌مایه‌وه و سۆمای چاوم فه‌وتا . تووانی
ئاڤراندنیم هه‌یه؛ به‌ڵێ ، هه‌ر چه‌ن- نه به‌م شیاوییه !
[]
به‌م شیاوییه نا ؟ -پێم فه‌رموو بوندار؛ هۆزان . واته تووانی
ئاڤرانیت هه‌یه ! چ پاداشێ له دنیادا هاو سه‌نگی ئه‌م ئاوێنه‌یه؟
ها؟ چی هه‌یه شیاوی تۆ بێ ؟ خۆت بڵێ ؛ که ئێمه رووباری زانستی تۆ
تۆزین !
[][]
بۆچ ژه‌هری تێکه‌ڵ به شه‌کر ئه‌کرد؟ پێمگووت : تۆ من ئه‌ناسی ؛ دێر
خه‌وی زوو خه‌وه‌رم - هزری کاروباری خه‌ڵک -سه‌ر قاڵی کردووم !
ئه‌مه‌م ژ بۆ به‌خی کاری ئێوه کردووه- بێ خوازت و ته‌ما ! گووتی :
با وا بێ و هاناتر بێ ! بۆ ساڵی پار و دنیای کۆنی پێ نوێ
نه‌که‌ینه‌وه؟ بۆ جءژنێ نه‌که‌ین و سفره رانه‌خه‌ین و زووڕنا
نه‌ژه‌نین؟
[]
خۆتی خورت، های - هه‌تاوی ئاگرین ، من چم له تۆ که‌متره؟ تۆ که
له‌و سه‌ره‌وه ده‌ڕوانیته زه‌وی، تۆ که که‌ژاوه‌که‌ت له ئاسمان
ده‌گه‌ڕێ - تۆ تاوی هه‌زار گوێ‌ی هه‌زارچاو؛خاوه‌نی ده‌شتیه‌لی
به‌ر بڵاو- تۆ چ ده‌بینی که من نایبینم ؟ رووباره‌کان؟ من له‌مه‌دا
ده‌یانبینم ! کێوه‌کان؟ ئه‌مه ده‌ماوه‌نه و ئه‌مه ئه‌ڵوه‌ن و ئه‌مه
که‌رکه‌س ! ده‌شته‌کان و ته‌پۆڵکه‌کان؟ هه‌موو لێره‌ن ! ئه‌مانه‌ش
خه‌ڵکن ، یه‌که یه‌که خه‌ریکی کاروفرمان و دێوه‌کان گشت له
قوڵکه‌کانی خۆیانان ؛ دڵ به زام و له‌رزۆک و زویر ! ئه‌دی بڵێ -
هه‌تاوی هه‌وێنی رووناهی دنیا - چییه هه‌وه‌ی تۆ ده‌یبینی و من نا؟
[][]
پێ‌ی گووتم: ئاخۆ له دێوه‌کانت نه‌بیستووه که چه‌نا خه‌زنه‌یان له
ژێر سه‌ر دایه و لۆ دیتنی کوێرن ؟ ره‌نگه تۆ بڕه‌نجێ‌ی که پاداشێ
هاوسه‌نگی ره‌نجی تۆ له خه‌زێنه‌ی ئێمه‌دا نییه و نه‌کا ئه‌م
زانسته ببه‌ی بۆ ئه‌وێ که پاداشی هاوسه‌نگت بده‌نێ ! به‌ڵێ - من
گه‌لێ زۆرم له‌مه‌دا دیتووه !
[]
گووتی : قازانجی زۆر ؟
[][]
گووتم : قازانجی زۆر ؟
[]
به‌ڵێ ئه‌مه باشه هه‌تا پیس و په‌تیاره‌ی له دنیا پێ تیا به‌رین و
نیشتمان له ناحه‌زیه‌کان که له بۆگه‌نی دێ‌و و درنج که‌وتوونه‌ته‌وه
، بسڕینه‌وه. له‌مه‌دا بڕوانین تا وه‌کو له هه‌ر کوێ هه‌ر چی کۆم و
سینگ شکاو و ددان هه‌ڵوه‌راوو ئێسک نه‌رم و گه‌ڕۆڵ و ئه‌بڵه‌ق و
خێل و کوێر وله‌م چه‌شنه‌ن،گشتیان به جارێ له "وه‌ر" راده‌ین .
[][]
پرسیارم کرد : "وه‌ر"؟
[]
بنووسن:من - جه‌می باش ره‌وه - خاوه‌نی کێڵگه پان و پۆڕه‌کان و
له‌وه‌ڕگه زۆره‌کان ، باخ- قه‌ڵایه‌کم هه‌یه؛"وه‌ر"؛که له‌وێ
ناحه‌زی و خراپه رێگه ناکرێن و له‌ودا، هه‌لبژارده‌ی خه‌ڵکانی به
گشت چه‌شنێ شیاو ، مازان و نووسه‌ران و شه‌ڕکه‌ران و کرێکاران، چ
ده‌شته‌وان و چ شووان و راوکه‌ران؛ گشت هزر و له‌ش ساخ ده‌ژین ،
له‌م "وه‌ر"ه‌دان باشترین خزمه‌تکاره‌کانم و هه‌ر وه‌ها
هه‌ڵبژارده‌ترینی گشت هه‌ڵبژاردراوان و چالاکان له گشت ره‌سه‌ن و
راده‌یه‌ک مینا سووڕناژه‌ن و سه‌ماکه‌ر و سترانبێژ و کاره‌که‌ران و
غولامانی ئێسک و له‌ش سووک و پاڵه‌وانانی دلێر و کابانانی گوڵبژێر.
گشت جووان و ریک و پێک وێڕای خه‌زنه‌کانی زێڕ و باشترین قوماش و
ئامراز و جووتێ له هه‌ر گیانله‌به‌رێکی به خێروبێر و چه‌ناو چه‌ن
گیای به که‌ڵک وه‌کا ترێ و هه‌ر چییه‌ک میوه‌ی هه‌بێ و باشترین
ناڵدارانی ده‌شت وباڵدارانی ئاسمان و ماسیانی ئاو ! ئه‌ز ئه‌چمه
ئه‌م قه‌ڵایه و درگا له ناساخی و پیری و مردن ده‌ژه‌نم . ئه‌مه‌یه
رای من: شێر؛ شای هه‌ڵدڕان وگا؛ شای چوار پێیانی ده‌سه‌مۆ و هه‌ڵۆ؛
شای ئه‌وانه‌ی له ئاسمان ده‌فڕن ، له سه‌ر کۆڵه‌که چێویه‌کان ،
تاقی درگای بارگامان راده‌گرن و ، ئێمه له سه‌ر ته‌ختی به‌ختی خۆ
،له جامی دنیا نوێنه‌وه ده‌ڕوانینه کاروباری دنیا. بڵێ هه‌ی هه‌تاو
- که چاوی بێ خه‌وی دنیای- من چم له تۆ که‌متره ؟
[][]
پرسیم :هه‌ی جه‌م که راوێژیاری هورمه‌زدی- گووتت: وه‌ر؟
[]
فه‌رموومان: ئه‌دی وه‌ر ! چه‌ن جار پرسیار ئه‌که‌ی؟ دیاره گه‌لێ
دڵیان ئێشێ که رێ‌یان ناده‌ن له‌م "وه‌ر"ه و دنیا پڕئه‌بێ له‌و مشت
و مڕه . به‌ڵێ ئه‌مه باشه با بزانین خه‌ڵک چی‌یان له سه‌ردایه و
بێده‌نگه‌کان له نهێنیدا چۆن بیر ئه‌که‌نه‌وه و سه‌رداره‌کان
خه‌ریکی چین‌و؛دێوانی ئه‌شکه‌وت نشین چ پیلانێکی نامرۆڤانه
دائه‌مه‌زرێنن و ده‌نگی ناهاوڕێ له کام لاوه دێ ؟به‌ڵێ تۆ
خزمه‌تێکی باشت به من کرد. زۆرباش و باشتریش ئه‌وه‌ی ئه‌م زانسته
بسووتێنی ! نه‌یه‌ت ئه‌و سبه‌ی رۆژه‌ی دێوه‌ڵه‌یه‌ک جامێکی مینا
ئه‌مه‌ی ببێ و له‌ودا بڕوانێته کاروباری مه و تابووری ئێمه بژمێرێ
و نووستوو و نه‌نووستوومان بناسێ و،هه‌ر چاومان لێک نا، دنیا
تووشی ئاژاوه بکات و به هوروژمێ ناکاو سه‌ر به ئێران دابخات .
به‌ڵێ من لۆ تۆ شڵه‌ژاوم؛ که ته‌ماح فریوت بدات و جامێ مینا ئه‌مه،
لۆ دێوان دروست بکه‌ی هه‌تا پاداشی هاوسه‌نگت بده‌نێ !
[][]
قاییمه قه‌ڵا ! تۆی پاداشی چه‌نا ساڵ له به‌ر چرای زانستا پیشان !
سا لا رێگه‌کانی خۆت لۆ من وه‌ده‌رخه.ئێوه هه‌ی هه‌ژده هه‌زار خشته
نووسراوی بابێلی و سی هه‌زار پێسته نووسراوه‌ی به‌ره‌همه‌نه‌کان و
بێ ژمار ته‌خته نووسراوه‌ی مازان که بۆ فێر بوونتان چرکه‌م به فیڕۆ
نه‌ئه‌دا ؛ به کۆ بوونه‌وه‌تان رێگه‌یه‌کتان دانا که ئه‌بێ من
به‌ره‌و زیندانی قاییمه قه‌ڵا ببا . دێوکارانێ که ئه‌م قه‌ڵامان
بۆیان ئاڤراند رزگارن و ؛ ئه‌وه‌ی که نییه منم که گووتیان هیچ چتێ
هاوسه‌نگی زانستی نییه ! خۆزیا رێگه‌یه‌کی ده‌ربازبوونم ببووایێ و
زیاتر له هه‌ر چتێ له خۆ هه‌ڵاتایه‌تم !
[]
به دار ده شوێنی بهێنیم ساز کردووه وه‌کا ده قامک و، هه‌ر جاره‌ی
له یه‌کێکیانا ئه‌تشارمه‌وه هه‌ی جام ؛ بائه‌وه‌ی نیازی دزینی تۆی
هه‌یه ، هۆشی له سه‌ربفڕی ! ئه‌نگوسیله ده‌که‌مه ئه‌و قامکه‌ی که
ژماره‌ی شوێنه نهێنیه‌که‌یه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یش دڵنیام ناکات . چما
ناپیاوێ نقێم له قامکماببینێ و ئه‌ویش پێ بزانێ که جام له کام
شوێنی نهێنیدایه . سا وه‌ره ئه‌ی نقێم که ئه‌ڵێ‌ی دڵۆپه خوێنی ،
وه‌ره با رێگه‌یان لێ هه‌ڵه بکه‌ین . وه‌ره بچۆره ئه‌م قامکه‌ی دی
هه‌تا دیارده‌کان تێک بده‌ی . هه‌نووکه له گشت شاراوه‌یه ، جگه له
ویری من !
[][]
بێ‌گومان ئه‌ومن له جامێکا که خۆم دروستم کردووه ده‌بینێ . نه‌یه‌ت
ئه‌و ساته‌ی به ئازاری من بگه‌شێته‌وه! سا هه‌ی شادی که خانووت له
به‌هه‌شته ، بزه‌یه‌ک به قه‌رز به لێوم بده ! بێڵه با بزانێ ئه‌م
چیرۆکه له خشت ئه‌ده‌م و ...دیسان نا ؛ نه‌کاو ئه‌مه له ئاوا
بتڵیسێننه‌وه ! بیری لێ بکه‌وه کابرا که له زیندانی خۆتای؛ نوها
گه‌لێ رۆژان و شه‌وانیان به تۆ داوه هه‌تا ورد سه‌رنج بده‌یته
رێگه‌ی پێوراوت . سا وه‌ره هه‌ی به‌ردی به تاقه‌ت که دڵت جه
شووشه‌یه ، پێنووسی من به و ئاگادار به نه‌شکێ‌ی که دڵی من شکاوه و
هه‌ی خشتی کاڵ که وه‌کا من دڵته‌نگی؛ وا رابوردوت پێ ئه‌سپێرم، باش
له ئامێزیان بگره هه‌تا به‌ره‌ی داهاتوو له ئامێزت بگرن . نه‌کا
بسوێ‌ی مینا من که سواوم و ؛ نه‌کاو درز هه‌ڵگری و ده‌لاقه‌کان
ئاوه‌ڵا بکه‌ی تاوه‌کوو ووشه ره‌ڤه‌که‌کان ، که له ره‌سه‌نی بان ،
به خێرایی گژه با له تۆ راکه‌ن؛ وه‌ک مه‌ل له چڵ و گیان له له‌ش؛
نه چه‌شنی من که هه‌ڵاتنم له‌م دڵته‌نگییه نییه . به‌ڵێ بێ گومان
ئه‌و من له جامێکا که خۆم دروستم کردووه ده‌بینێ؛ ده‌سا با ئێستا
کارنامه ده‌س پێ بکه‌ین -
[]من
منم - من ؛ جه‌م شا، شای خه‌ڵکان و شای وڵاتان ، زارۆکی باوکم و
باوکم و باوکانم . منم که هه‌تا هه‌بووه و بووه گه‌لێ چاکه‌م
کردووه به راستی ؛ هه‌مووم له لووتکه‌ی گه‌رده‌نکه‌شی ئه‌م کێوه
زه‌به‌نده قه‌تار کردووه،تاکوو شایه‌ت و به‌ڵگه‌ی
مه‌زنایه‌تی من بن. منم که له شه‌ش سووچی زه‌وییه‌وه باجم پێ
ئه‌ده‌ن و فرمانم له هه‌شت وڵاتا سێ‌ودووی بۆ نییه و ، من هه‌ر چیم
کردووه به ناوی یه‌زدانه‌وه کردوومه و دنیا ئه‌م دنیایه نه‌بوو
هه‌گه منی جه‌م ده‌ستم نه‌دایه‌ته خه‌مڵاندنی! نا نووسه‌ر ،
راوه‌سته و ده‌س راگره ! – چۆن وا به‌رز وڵامی دامه‌وه که
ناشایست‌تر له‌مه‌یه . پاش ئه‌مه‌ی گووت نه پێش له ئه‌مه . ئاخۆ
به‌رله‌مه جامێ که‌ی دروست نه‌کردووه و له گه‌ڵیا نییه ؟ هه‌ی جام
به له‌ز به و ئه‌و بنوێنه بابزانم وێسه خه‌ریکی چییه چون هه‌تا
نه‌زانم حه‌سانه‌وه‌ی نابێ له‌ش و گیانم .ئه‌مه کێوه و ئه‌مه
قاییمه قه‌ڵا و ئه‌مه‌ش ئه‌و .دیتم ، ده‌یبینم ! له قاییمه قه‌ڵا
چتێ وای پێ نییه که بکرێ جامی پێ بئاڤرێ. مه‌گه هه‌وه‌ی له‌و قه‌ڵا
به جادوو بناخه دانریاوه‌دا شوێنێکی نهێنی هه‌بێ، شوێنێ شاراوه له
چاوی تۆ ئه‌ی جام و ؛ ئه‌و هه‌ر چییه‌کی پێویست بێ کۆیله‌کان به
کۆیلایه‌تی بۆی ئه‌به‌ن . ئێمه چوزانین چی له مێشک پازگراندایه
وهه‌گه ئه‌و ده‌ست بداته جادوو ، چلۆن له جادووی وی ده‌رباز ئه‌بن؟
له‌و جادووه‌ی له زه‌رقه‌ی زێڕدایه ! بڵێ‌ی زێڕی له گه‌ڵ خۆ
نه‌بردبێ؟ وه‌ره تۆ که رۆژگارێ قووتابی وی بووی و ئه‌مڕۆ له
به‌خی‌ی به‌ختت راز نووسی منی، نووسین به جێ بهێڵه و بچۆره
کۆیلایه‌تی ئه‌و و ئه‌وه‌ن ددان به جه‌رگا بنێ هه‌تا رازه‌که‌یت لێ
ئاشکرا ده‌بێ . هه‌وه‌ڵ رۆژ مینا مازێکی دڵ له دنیا هه‌ڵکه‌نراو که
ناوبانگی ئه‌م جامه‌ی بیستبێ و بیه‌وێ بڕوانێته کاکێشان . رۆژی دی
وه‌کا ساوسه‌وداگه‌رێ فره پاره‌دار که بیستبێتی گشت بازاڕه‌کان
له‌مه‌دا دیارن و بیه‌وێ به زێڕ بیکڕێ . سێهه‌م رۆژ وه‌ک
دێوه‌ڵه‌یه‌کی سم شاراوه و شاخ نادیار و مرۆڤخۆر بچۆره کنی که
بڕیاری به شای دێوان بوونی بدات به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و جامێ واباشی لۆ
بئاڤرێنێ و چواره‌م رۆژ مینا ناسکۆڵه ژنێکی دڵڕفێنی رووبه‌ند له
روو بڕۆ که باسی ئه‌م پیاڵه جادووه‌ی بیستبێ و هه‌تا دڵنیا بێ
جووانتر له‌و له دنیادا نییه و به ناز و له‌نجه بیه‌وێ تیا بڕوانێ
و بیبینێ.سا نه‌ت بینم راوه‌ستاوی و ماق ماوی، بڕۆ و زووتر رێ
بکه‌وه و، له هێچ پیلانێک کۆتایی مه‌که و هه‌گه جامێکت له لای ئه‌و
دی ئاڵایه‌ک به ره‌نگی خوێن له نووچکه‌ی قه‌ڵا هه‌ڵکه تاکوو مشوری
پخۆم !
[][]
تۆیه‌ک که ئه‌م نووسراوه
ئه‌خوێنیته‌وه ئاگادار به که رۆژگار لۆهیچ مرۆڤێ‌خراپ نییه
وبڕوانه که‌مرۆڤ چه‌ن خراپن رووباری رۆژگار. من پیاوێ بووم- ناوم
ون له دنیا- که باووک ئه‌رکی زانستی له ئه‌ستۆم نا و گووتی : ئه‌مه
به خێری خه‌ڵکی و، من وه‌ک گایه‌کی بارگیر که هه‌زاران پێسته
نووسراوه‌ی چه‌رمی هه‌مووان له گاریه‌دا رابکێشی و هیچیان لێ
نه‌فامێ، نه‌مزانیبوو که که‌س خێر ناکات مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێ
زیان بکات ! من ئه‌و رۆژه‌م له بیره که زه‌وی پڕ له کوژراوی
دێویه‌ل بوو و، ده‌هۆڵی ئاژاوه‌یان له بانگ و هه‌را که‌وت.گشت به‌م
زاڵبوونه گه‌شانه‌وه و من نا. من له سه‌ره‌وه روانیمه کوژراوه‌کان
و پاشان خزامه بوودڕێک و درگام له سه‌ر خۆ هه‌ڵپێکا و به چه‌نا ساڵ
ئه‌م جامه‌م ئاڤراند . له بۆ خێر‌و چاکه‌که‌ی و هه‌گه رۆژێ
هه‌لیسه‌نگێنن که ئه‌م جامه خێره یام شه‌ڕ، من جنێو به خۆ ئه‌ده‌م
یان زار به مخابن ئه‌بم ؛ نامه خوا یا تووک و نزا؟ هه‌گه له
ئاوێنه‌ی زانستی منا ، لۆ قازانجی که‌سێ ببنه هۆی زیانی که‌سێ دی !
[]
نا ! نا ! نا ! من ئه‌وم نارد بۆ قاییمه قه‌ڵا و ئه‌مه به‌س نییه !
هه‌گه قووتابی ببێ به سڵاوکاری مامۆستا و ببێته کۆیله‌ی ئه‌و وئه‌و
ئه‌م له پاڵ خۆ دابنێ و به یارمه‌تی یه‌کتر، جامێ نوێ بئاڤرێنن ؟-
نا ! چاره‌ی من مه‌رگی ئه‌وه ! وه‌رن؛ ئێوه ئه‌و دلۆڤانانه بن که
خه‌وی زڕاوی من ئه‌گه‌ڕێننه‌وه شوێنی خۆی، به له‌ز بن و غار ده‌ن و
لا مه‌که‌نه‌وه مه‌گه به سه‌ری ئه‌وه‌وه ! چاوه‌ڕێ‌ی ئه‌و ساته‌م
که به دڵێ شکاو و چاوێ ئه‌سرینباره‌وه راپۆرتی مه‌رگی ئه‌و به
گوێ‌ی خۆببیسم و؛ شایه‌تی بێده‌نگی ئێوه، له‌شی ونجڕونجڕی ئه‌وه که
به بینی برینه‌وه به سه‌د زبان دێته دوان !
[][]
ده‌ست و برد بکه بوندار؛ به له‌ز به - لۆ ئه‌م کارنامه‌ی که ده‌ستت
تێداوه! چووزانی سبه‌ینێ یاخۆ ئه‌مڕۆ چ ده‌بێ ؟ هه‌گه هه‌و هه‌ر
هه‌وه که تۆ ئه‌یناسی، سا باشیش ئه‌زانی که ئێستا بیر له چی
ده‌کاته‌وه . به‌ڵێ؛ وایه ! دوا به دوام فرمانی مه‌رگم ئه‌دات ! به
گوێ‌ی جیهان چ ده‌نگێ خۆشتر له سروودی پاڕانه‌وه بۆ لێ خۆشبوونێ که
شای ماز خودی خۆی لۆ ته‌رمی منی ئه‌خوێنێ؟ زووبه که رێ پڕ له
سوواره، دارماڵی ئه‌و مایینه سمکۆڵ که‌رانه‌یه که رک رکێڤیان
لێئه‌دات . پڕ له تۆزی له دوور دیاره که هه‌تا ئاسمان
به‌رزبووه‌ته‌وه و؛ له چاوی کوێره رێدا ته‌نیا برووسکه‌ی شیره‌کانه
که له گه‌ڵ لێڵایی به‌ره‌ی خۆڵ و بادا شه‌ڕ ئه‌کات و ، ته‌نیا
حیلکه‌ی چه‌نا ئه‌سپی لاساره دادخوازی من ؛ که له شین‌گێڕی خاکا، که
سمکۆڵی ده‌که‌ن و خشه‌خشی زرێ‌ی دلێران،وه‌به‌ر گوێ ناکه‌وێ.
به‌ڵێ، پاڵه‌وانان و یه‌کانه‌کان به جه‌خت له بۆ خوێنی من دێن؛
به‌ڵام پێشتر ئه‌مه کێیه؟ رووباری خۆ چڕوچاوی یه‌کێ له قووتابیانی
خۆ ده‌بینم؛ یان که‌سێ خۆ مڵاس دا‌و له سیمای ئه‌ودا ! تۆ ئه‌وه نیت
له لای من فێره نووسین بوویت؟چ بووه که جل و به‌رگی سه‌رۆک
نووسه‌رانت داماڵیوه و پڵاسی نزمترین غولامانت پۆشیوه ؟ ره‌نگه
هاتبی به چاوی خۆ ببینی که باری ئه‌م ده‌رده چۆن کۆڵ کێش ئه‌که‌م؟
یاخۆ چلۆنه په‌پکه‌ی ناچاری‌ی قاییمه قه‌ڵا؟ - هه‌ر چه‌ن وامه‌زانه
رێ‌ی ده‌ر بازبوونی نییه. به‌ڵێ هه‌یه‌تی : به یارمه‌تی یارێ وه‌کا
تۆ؛ که ئه‌هێڵی به‌رگی تۆ له به‌ر بکه‌م و له‌و درگاوه که بۆ تۆی
ئاوه‌ڵا ده‌که‌ن پێ بنێمه ده‌ره‌وه! یاخۆ ره‌نگبێ هاتبێتی بزانی که
بێ هیواترین مرۆڤی دنیا له چی ئه‌چێ ؟- پێت ده‌ڵێم؛ به‌ڵێ- من
ته‌نێ له خۆم ئه‌چم ! سا سپاس بۆ تۆ. که باش هاتی
و؛ نه‌تگووت چلۆن هاتی و ئه‌مه چییه پێت ؟ چتێکی داپۆشراو
که له پیاڵه‌ی خوێن ئه‌چێ . ئه‌مه ئه‌و کاسه نییه که له‌ودا سه‌ری
بڕاوی من به چاوی بێ سۆماوه ده‌ڕوانێته جه‌م ؟ یام باده‌یه‌که پێش
له مردن گه‌رووی پێ تازه بکه‌مه‌وه؟ ئه‌م رازه هه‌ر چییه‌ک بێت،
په‌رده‌ی لێ لاده ! - ئێ‌ی؛ که واته ئه‌مه جامی دنیا بینه که من
ئاڤراندم .
[]
چاودێران کردیانه هه‌را که ئاڵای هوون ره‌نگ له سه‌ر قاییمه قه‌ڵا
هه‌ڵکراوه و به ده‌م باوه ده‌شه‌کێته‌وه ! سا سڵاو بۆ ناردراوی خۆم
که نهێنی‌ی وه‌ده‌رخست ! ئه‌مه چ جامێکه و؛ ئاخۆ زووتر له‌مه
ئاڤراندوویه‌تی یان له قه‌ڵا سازی کردووه؟ ئه‌بێ لێ‌ی بڕوانم؛
جامه‌که‌م کوا؟ - هه‌گه نه‌بێ ئه‌بێ به پای خۆ بچم بۆقاییمه قه‌ڵا
، نه‌کاو ناکه‌سێ بیه‌وێ وه‌ده‌ستی بهێنێ هه‌تا ببێته که‌س ؛ یان
دێوه‌ڵه‌یه‌کی باڵدار له کاتی فڕینا له ئاسمان، چاوی به‌و جامه
دنیابینه بکه‌وێ و خۆی به‌رداته‌وه و به ته‌شقه‌ڵه و ته‌شه‌ر و
ته‌مه‌ره بیڕفێنێ . جامه‌که‌م کوا ؟
[][]
وه‌ره هه‌ی جام که ئه‌وه‌ی هه‌مبوودامه تۆ و ؛هاکا ژیانیشم! ده‌با
بۆ دوایین جار چاوه‌کانم بڕوانێته چاوه‌کانی تۆ که دنیای لێ دیاره
. ئای دیتم1 دیم ! ئه‌مه وڵاتێکه که ئێجگارخۆشم ئه‌ویست و ؛ ئه‌مه
خه‌ڵکن – خه‌ریکی ئیش و کار – که شیاوی چاکترن و؛ ئه‌مه بارگای
جه‌م که شێروهه‌ڵۆ و گا رایده‌گرن و؛ ئه‌مه‌ش خۆیه‌تی . چم پیشان
ئه‌ده‌ی ؟چ ده‌بینم - جه‌م وه‌ک شێتی لێهاتووه ؟ لۆ ون کردنی جام ؟
[]
ئۆڤ ئه‌م جامه بۆ جگه له سه‌روچاوی لاروگێڕ کراوی منی تیا نییه؟
ئه‌مه هه‌ر له‌و ئه‌چێ و ئه‌و نییه . ئه‌مه کێ ئاڤراندوویه‌تی و
چۆن هاتووه‌ته ئێره؟ ئه‌ی جامی راسته‌قینه کوا؟ یام نقێمی قامکم
فریوم ئه‌دا و جام وا له نهێنییه شوێنێکی دی دا؟دانه به دانه‌تان
ئه‌پشکنم و ئه‌تاندۆزم؛ - له کوێن و له کوێیه ؟ ده جامی وه‌کا
ئه‌مه. گشت به سه‌روچاوی لار و گێڕ کراوی منه‌وه و- من هاکا شه‌ق
به‌رم ! خۆزگه نه‌خره‌فایه‌تم ! پیاڵه‌یه‌لێ که هه‌ر که‌س له‌واندا
سیمای خۆی ده‌بینێ ! ئاخۆ خۆم ئه‌م گزییه‌م نه‌فه‌رموو ؛ تا ئه‌و
که‌سه‌ی چاو له دوی جامی جیهان بینه ئه‌و له‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌و
نه‌ناسێته‌وه؟ نا – له کوێم داناوه و به کێم سپاردووه و بۆچی؟ ئاخۆ
ئه‌مه جامێکه که هه‌ر که ئاڤرێنه‌ره‌که‌ی ئازار بده‌ن بشه‌مزێ و
لاسار ببێ ومان بگرێ ؟ جام، جامی دنیا بینم کوا؟ گه‌وهه‌رێکی بێ
هاوتا که وه‌کا چاوی بێ خه‌وی خۆر ئه‌چێ ! ئای جه‌م ، تۆ گه‌نجێکی
بێ ره‌نجت چنگ که‌وت و فڕێت دا! ئیتر چلۆن سه‌یری کاری دنیا
ئه‌که‌ی و کێیه مینا ئه‌وێ که وه‌کا ئه‌وه بئاڤرێنێ ؟ نا ، نه
ئه‌شیا خوێنی ئه‌وم بڕژانایێ ! نه پێش له‌وه‌ی که جامێ دیکه‌م بۆ
بئاڤرێنێ ! ئه‌های وه‌رن! فرمان به‌ران به ڕێوه‌ن ، لێیان پێش
که‌ون! هه‌رچییه پاڵه‌وانیه‌تیتان هه‌یه بینوێنن و خێرا غار ده‌ن و
به‌ر له ئه‌وان خۆبگه‌یه‌نن . بونداری بیده‌خش به زینوویی بهێنن .
ئاڵای هوون ره‌نگ
ده‌شه‌کێ. واته ئه‌و جامێکی هه‌یه و جامی دنیا بینی من ون بووه !
[][]
دیتم ! وا ئه‌مه‌سه ؛ که‌سانێ گورج وگۆڵ به فه‌رمانی مه‌رگی منه‌وه
و که‌سانێ خاووخلیج به فه‌رمانی زینوومانمه‌وه ! چ زوو ئه‌وه‌ی
بیرم لێ ئه‌کرده‌وه قه‌وما. هه‌ڵێم؟- به‌ره‌و کام لا؟- نازانی
قاییمه قه‌ڵا جگه له مردن ، رێ به هیچ لایه‌ک نابا و ته‌نیا ئه‌م
خشته کاڵه‌ی کارنامه‌ی له سه‌ر ده‌نووسم من له چنگ مردن ده‌ر باز
ئه‌کا ؟
[]بێ
گومان که‌سێ له شوێنێکه‌وه من له جاما ئه‌بینێ . خۆ مه‌دۆڕێنه جه‌م
! تۆ شای شاکانی ؛ تۆ مه‌زنی مازانی ! بۆ وه‌ها سه‌رت لێ شێواوه ؟
که‌سێ چرچ و لۆچی هه‌نیه‌م ئه‌بژێرێ و ؛ له‌ره‌ی لێوه‌کانی من
ئه‌خوێنێته‌وه و ؛ هزروبیرم ! به چه‌پا بڕۆم یام راست؟ بنووم یان
دانیشم ؟ بڕۆم یاخۆ راوه‌ستم ؟ ستران بپچڕم یاکوو باده بنۆشم
یاوه‌کوو هه‌ڵپه‌ڕم ؟ ئه‌بێ چبکه‌م با وانه‌زانێ په‌شۆکاوم ؟
[][]
تۆ په‌شۆکاوی جه‌م ! تۆیش وه‌کا ئێمه وای ! ئێستا ده‌زانی له ژێر
چاودێری بوونی که‌سانی ترا چۆنه !
[]
ئه‌وه‌ی ئه‌م جامه‌ی دزیوه - ئه‌و هزر رزیوه، ئه‌و دێوکاره- که
ئه‌مه‌ی وه‌چنگ که‌وتووه؛ وێسه ئه‌زانێ ئه‌و له کوێیه و ، ئه‌زانێ
که‌سانێ به‌له‌زن به فه‌رمانی مه‌رگیه‌وه و که‌سانێ خاوه خاو به
فه‌رمانی مانیه‌وه و، هه‌گه خۆم بۆ خۆم تیته‌قێنم هه‌تا قاییمه
قه‌ڵا، ئه‌زانێ که به پای خۆم ئه‌چم ، ئه‌زانێ که وی جامێکی
شاراوه‌ی هه‌یه که ئه‌وی تێدا ده‌بینێ و منیش هه‌ر وه‌ها . ئاخ من
جامێکم پێویسته، هه‌تاکوو بزانم ئه‌و جامه ونبووه وا به ده‌ست کێوه
؟
[][]
وا به‌ره به‌ره له جامی هزرمدا ده‌تبینم و ده‌بینم ئه‌وه‌ی له
مێشکتدایه ! لای خۆ گووتت شای شایان دێ و ئه‌م جامه وه‌ر ده‌گرێ و
به‌م کۆیله‌یه‌تیه‌ی بۆت کردووه هه‌میشه جێ‌ی رێزی ئه‌بیت و،
قه‌یری من ئه‌زانێ لۆ ئه‌م جامه شاردراوه و ، دیسان ژیان و پله و
پایه‌م پێ ئه‌داته‌وه و؛ هه‌تاهه‌تایه سکاڵا هه‌ڵده‌ڕێژێ که
هه‌وه‌ڵ جام دیویه‌ل و جادووکاران بردیان و ؛ له‌مه‌دا گه‌لێ له
دوی ئه‌گه‌ڕێ و شوێنی هه‌ڵناکات و ؛ ره‌نگه وابزانێ هوورمه‌زد
به‌مه ته‌مێ‌ی کردووه و، ره‌نگه ئه‌مانه گشت له مێشکی منا بن نه له
مێشکی تۆدا ! که واته بڵێ چی له مێشکی تۆدایه؟ بۆچی ئه‌مه‌ت
کردووه؟ ئه‌وسا چون ته‌نیا شایه‌ت منم که ئه‌زانم هه‌ر دوو جام
هه‌ر یه‌کن و تۆ دزیوته ، له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌کا رۆژێ ئاشکرات
بکه‌م و راستت لێ بڵێم ، چ پیلانێ به من ده‌گێڕی ؟ بڵێ چی له‌م
بزه‌ت دایه که من ئه‌یبینم و جام نا ؟
[]
نه‌کا زوو گه‌ییشتبێتن و ئه‌ویان کوشتبێ! نه‌کا دره‌نگ گه‌ییشتبێتن
و گوێزان شاده‌ماری بڕی بێ ؟ هه‌گه دره‌نگ گه‌ییشتبێتن؛ دوژمنم
جامێکی هه‌یه و من نا ! ئه‌و هه‌موو تووک لێ کراوه گه‌وهه‌ر نه
ناسانه‌ی له جاما ئه‌مدین؛ پیس و پۆخڵ و پرته‌پرتکه‌ر؛ ددان تیژ و
کلک شیش و چاو چنۆک؛ وه‌کا سه‌گانی ده‌ور که‌ڕاکه سه‌ر، جام له چنگ
یه‌ک ئه‌ڕفێنن لۆ دیتنی جه‌می دێ‌و به‌زێن که فامی به خۆڕایی
دۆڕاندووه ! له کوێ بتبینمه‌وه هه‌ی جام؛ ئه‌بێ له کوێ شوێن پێت
هه‌ڵگیرێ ؟نه‌کاو پێم پێکه‌نن ؛ که بێ تووان و ته‌واتم ! ده‌سا
بشکێ‌ی هه‌ی جام هه‌گه بۆمن نیت ! به‌ڵێ دڕنده‌کان من ئه‌بینن و من
ئه‌وان نابینم ! دێویه‌لێ که هه‌ر کام چه‌نا دێون؛ شه‌یتانانی مرۆڤ
سیما و مرۆڤانی شه‌یتان ده‌روون؛ که خۆراکیان گه‌ناوه . بۆ خۆ
حه‌شاردان له نیگایان ئه‌بێ روو له کوێ نرێ که دنیا دارماڵی
گه‌پجاڕیانه . ره‌نگه ئه‌بێ قه‌ڵایه‌ک دروست بکه‌م و له‌وا خۆ له
چاوگه‌ل بشارمه‌وه ؛ به‌ڵێ ، باخێ وه‌کا " وه‌ر" !
[][]
نیازت وایه پێ‌ی بڵێ‌ی ئه‌مه جامێکی دیکه‌یه که بونداری بیده‌خش له
قاییمه قه‌ڵا ئاڤراندی؟ ئاڵای هوون ره‌نگت بۆ ئه‌وه هه‌ڵکردووه
هه‌تا ئه‌و ئاگادار بکه‌ی ؟ بۆچی؟ - وه‌تزانی درێژه به ژیانی من
ئه‌ده‌ی؟ یاخۆ کورتتری ئه‌که‌ی ؟ نه‌ت بیست گوتی ئه‌م زانسته
بسووتێنه ؟ یام ره‌نگه که‌وتبێ به بارێ ترا و بیه‌وێ هه‌تا ئه‌و
کاته‌ی جامێکی تری وا ده‌ئاڤرێنم زینووبم ؛ وه‌کا پۆڕی یه‌خسیر که
تا ئه‌و ده‌مه‌ی ئه‌چڕێ یه‌خسیره و کاتێ له چڕین که‌وت مردووه .
یان ئه‌ته‌وێ بڵێ‌ی ئه‌مه جامێکه پێشتر له‌مه ئاڤراندوویه‌تی ؟
ئه‌ی وڵام چییه کاتێ پرسیارم لێ بکات که بۆچی له منت شاردبووه‌وه؟
سا به راشکاوی بڵێ ئه‌م کۆیله‌یه‌تیه بۆ ده‌که‌ی و بۆ کێ‌ی ده‌که‌ی
؟
[]های
جه‌م ئه‌مه چ غایله‌یێ بوو؟چما چه‌نا چۆنایه‌تی و چه‌نایه‌تی؟
هه‌گه وی بیویستایێ جام به دێویه‌ل بدات وله گه‌ڵ دوژمن ده‌س
تێکه‌ڵ بکات، به‌رله‌وه‌ی ئه‌م جامه به تۆ پێشکه‌ش بکات، ده‌یکرد !
بۆچ دۆستت خسته زیندان لۆ حه‌زو و شادی دوژمنان ؟ بۆچ بۆ لای ئه‌وێ
که هه‌میشه رووبارت ئه‌دوا ناوبژیکه‌رت نارد‌و ئێستا ، نازانی کام
قسه هی خۆیه‌تی و کام هی ئه‌و ؟
[][]
ئاخ رۆژگار فه‌هێت چی لێهات ؟ که‌ی بووایێ به بیریشمدا بهاتایێ که
ده‌ست په‌روه‌رده‌یه‌کی من وا چاوقاییم لێم بڕوانێ وبڵێ: مامۆستا
وا باشه ده‌س هه‌ڵگری له‌م کارنامه وهه‌رکارێکی تریش ، تۆ وا
ده‌مری ؛ رازی ئاڤراندنی ئه‌م جامه به من بسپێره هه‌تا من ژیانی خۆ
بژیێنمه‌وه ! که‌ی به خه‌یاڵما بهاتایێ که چاوقاییمێ، چه‌قه
چه‌قکه‌ری، چاوچنۆکی – که ئه‌یه‌وێ جام له جه‌م و ژیان له من بدزێ-
به سه‌رما داخوڕێ که ئه‌م زانسته‌ی به هه‌رزان تووڕت دا بیده به
من هه‌تا به گران بیفرۆشم ! ئه‌م سێحری دێ‌و و ۆه‌رییه‌ی که
تێکه‌ڵاوت کردووه ! با کۆشک و ته‌لاری پێ راکێشم و سه‌رم له ژوور
سه‌رانه‌وه راگرم و پێ له سه‌ر چه‌رخی نۆهه‌م بنێم،با جام له جامی
سروشتی ئاسمان ده‌م و ته‌ختی به‌خت له خۆر و جه‌م وه‌ژوور خه‌م !
ئه‌م گشته بڵێ و نه‌ڵێ ئه‌مه قسه‌ی خۆیه‌تی یاخۆ پێیان فه‌رمووه
وه‌ها بڵێ؛ تاوه‌کو من تاقی بکه‌نه‌وه. یا ره‌نگه تیرێک و دوو
ئامانج بێ که له لایه‌که‌وه ئاڵای خزمه‌ت به‌و هه‌ڵده‌ده‌ی و له
لایه‌کی که‌وه وا ئه‌نوێنی که پارێزه‌ری ژیانی منی و چاونهێریی
قه‌ره‌بوویه‌کی هاوسه‌نگی ژین له من ده‌که‌ی! با بزانی ئه‌ز وه‌جم
وله داری دنیا هیچ شک نابه‌م جگه له رازی ئه‌م جامه که هه‌گه فێرت
بکه‌م له‌وه به‌دوا ، دیاره، له به‌ر چاوی تۆی چاوچنۆکا، گیانی من
ژیانی تۆ ناکا و ئه‌مه ئه‌نجامی منه؛ ئه‌وسا تۆی بێ چاو و روو له
جێگه‌ی منا پاڵی لێ ئه‌ده‌یته‌وه و ئه‌و کۆیله‌یه‌تیه‌ی من بۆم
نه‌کرد تۆ بۆی ئه‌که‌ی،چون ئه‌و ئه‌وه‌ی ئه‌وێ و پاداشی گه‌وره و
جێگه‌ی به‌رزی لێ وه‌ر ده‌گری، جێگه‌ی به‌رز، به‌ڵێ. نه به‌رزتر
له‌وه‌ی هه‌نووکه هه‌ی ! نه به‌رزتر له‌م قاییمه قه‌ڵا! یام
ئه‌ته‌وێ بڵێ‌ی رازم له مامۆستا دزیی و خۆم ئه‌م جامه‌م پێک هێنا.
ده بڵێ مێشکت ته‌ونی ئه‌م داوانه‌ی نه‌ناوه‌ته‌وه؟ نه‌تزانیوه که
به مه خوێنی خۆت ئه‌که‌یته ته‌شته‌وه؛ ئه‌وساته‌ی که جامێ دی له تۆ
بخوازێ و نه‌تووانی بۆی بئاڤرێنی ؟
[]
چۆن ده‌ڵێن جه‌م له
سه‌ر ته‌ختی خۆ ئه‌رخایه‌ن به، شه‌راب بنۆشه و بۆنی خۆش هه‌ڵمژه و
رۆنان له له‌شی خۆ ساوه؟ بۆ دانیشم – نا ! چه‌خماخه‌م لۆ زین بکه‌ن
و به‌رگی شه‌ڕم بۆ بهێنن به سه‌د جۆر تێغی ئاودراوه‌وه . من - که
جه‌مم - خۆم رێ‌ی هه‌ورازی قاییمه قه‌ڵا به سمکۆڵی مایینی با
ئاکارم ته‌خت ئه‌که‌م . زوو چه‌ترێ ژهه‌ور جه به‌ر هه‌تاوا
راگرن؛به‌رله‌وه - چۆن ده‌ڵێن دره‌نگه و کار له کار ترازاوه؟ -
زووتر ته‌ته‌رێ وه‌کا دووکه‌ڵ به نقێمی منه‌وه بنێرن؛ که وه‌کا
تیرێکی هاوێژراو با به جێ بهێڵێ و هه‌ر وه‌ها کۆترێکی سووک باڵ
هه‌ڵفڕێنن به فه‌رمانمه‌وه با به‌ره‌و قاییمه قه‌ڵا، رێ‌ی ئاسمان
ببڕێ و بڵێ جه‌م فه‌رمانی خۆ ئه‌دڕێ !
[][]
ئه‌م رازه به تۆ بڵێم با زانست له بیر نه‌چێته‌وه؟ به‌ڵێ وایه،
باشتر وایه که چون گیان به تاڵه‌مووێ به‌نده، به یه‌کی دیکه‌وه
گرێ‌ی بده‌م،هه‌تا ببێته گوریسێکی ئه‌ستوور و له گه‌ڵ گشت
ئه‌مانه‌یشدا، نا ! له کوێوه ئه‌بێ بزانرێ ئه‌و جامه‌ی به زانست
پێکدێ چی لێ هه‌ڵئه‌هه‌نجێ ؟هه‌گه که‌سێ که هه‌یه‌تی له‌ودا
بڕوانێته ره‌نجیه‌لی خه‌ڵک و هیچی له ده‌ست نه‌یه‌ت ، به‌ره‌ی چییه
جگه له‌وه‌ی خه‌می خۆی گه‌شه بکات ! یان هه‌گه که‌سێ که هه‌یه‌تی
ده‌سه‌ڵاتدار بێ و له‌ودا بڕوانێته کار‌و ئاکاری زویران و له‌وان
زویر ببێ ، چی له‌م جامه هه‌ڵئه‌هه‌نجێ جگه له پێکه‌نین له
خوێنه‌وه وه‌ردان ؟یام هه‌گه سبه‌ینێ رۆژ، فه‌لایه‌ک له ماڵ په‌ل
کێش بکه‌ن و هه‌ڵیواسن، تۆ ناڵێ‌ی کاری ئه‌و جامه بوو و تووک و نزا
له من ناکه‌ی؟ بێوه‌ریی له به‌زه‌یی بم و ناوم به چاکه نه‌برێ
هه‌گه وا بکه‌م و ئه‌م رازه له گه‌ڵ خۆ نه‌فه‌وتێنم ! بێوه‌ریی له
به‌زه‌یی ، منێ که ژیانم به فیڕۆ دا لۆ ئاڤراندنی باشترین چت ژ بۆ
باشتر بوونی دنیا و جگه له خراپه له‌و هه‌ڵنه‌هه‌نجا !
[]
بۆ ئه‌بێ ئاڵای هوون ره‌نگ بهێننه خوارهه‌ر ئه‌وکاته‌ێ به ئاگر
ده‌گڕێ ؟ ئه‌م رازه چییه جگه له‌وه‌ی بۆچوونی ئێمه بووه خۆڵه مێش و
به با ئه‌درێ ؟ واته ئه‌وه‌ی ناردراوی من دیتوویه‌ته‌وه جامێ بووه
وه‌کا ئه‌وانه‌ی که من
ده‌م له شوێنه نهێنیه‌کانا داناوه ؟ خۆزگا جمگه‌ی ئه‌وانه‌ی
که پێشترن لێک بپسایێ و پێ‌ی ئه‌وانه‌ی که دواترن تیژتر بووایێ و
ته‌ته‌رم له هه‌ردوو تێپه‌ڕایێ و کۆترم له گشتیان زووتر بگه‌یشتایێ
. من که جه‌مم ، بونداری بیده‌خشم به زینوویی ئه‌وێ !
[][]
ده‌یانبینم ! ژمارێ به له‌ز به فه‌رمانی مه‌رگمه‌وه ! ئه‌گرمێنن و
که‌ف ئه‌چێنن، له نساری قاییمه قه‌ڵا، به سوواری ئه‌سپه‌کانیانه‌وه
ئاکار تکاو، بێ ئوقرانه داویانه‌ته راو قاوه قاو. گشت به
شیری رووته‌وه، وا په‌ڕه‌ی لووتیان له تاو قین و قیڕه قیڕ
ئه‌له‌رزێ و جگه له خوێنی هه‌ڵقوڵاویان له سه‌ر زه‌وی وه به‌ر چاو
ناکه‌وێ !
[]
که‌ڵکی چییه جه‌م بوون کاتێ جام تیا چوو؟ نا ، بهێڵه با تیا چێ،
وابزا هه‌ر نه‌بووه ! من به‌ر له‌مه ،به بێ جامی جیهان بینیش جه‌م
بووم. که واته چ جێ‌ی ته‌میانه ؟ تۆ هه‌ر وا جه‌م به ، هه‌ر چه‌ن
له ژێر چاڤدێری دێویه‌لدای . له سه‌ر خشتی کاڵ بنووسن : وڕینه‌یان
کردووه. هه‌رگیز که‌س ئه‌م جامه‌ی نه‌دیتووه . له ناو ئێمه دا له‌م
زانستانه نه‌بینراوه . نه‌فامێ که دیلی دیاری دێویه‌ل بوو ،له‌وێ
کۆمه ئاوێنه‌یه‌کی ئامرازی یاری و گه‌پی چاو پێکه‌وت و لۆ ئه‌وه
چیرۆکێکی گه‌وجانه‌ی پێکه‌وه نا . ئه‌مه هه‌قایه‌تێ بوو که قسه
قۆڕێ قۆڕاندی؛ گشتی سێحر و خۆ هه‌ڵکێشان ، هه‌مووی خه‌یاڵ و گومان
!
[][]
هه‌نووکه وان له پشت
درگا ! هیچ کۆترێ نه‌گه‌یی و ته‌ته‌رێ درگای نه‌کوتا ! ئاخۆ من
ئه‌ده‌یته ده‌س ئه‌وان هه‌تا به دڵ پڕوزێنه‌رترین
جنێوه‌کانه‌وه له ژێر پێ له‌قه‌دا بمکوژن ؟ ئاخۆ شاراوه
خنجێری تۆ مردنێکی دلۆڤانه‌تر شک نابات؟ شاراوه خنجێرێ که ویستت
ده‌ستی بۆ ببه‌ی و نه‌تبرد ؛ خنجێرێ که واتزانی منت پێ ترساندووه و
چارناچارت کردووم زانستی ئه‌م جامه‌ت پێ بڵێم؟ به‌ڵێ ده‌یانبینم ؛
چاو داقڵه‌شاو وده‌ماری هه‌نیه هه‌ستاو! به قیڕه‌ی قیناوی و هه‌را
و هوریا لۆ درگایێ لێیان کردوونه‌ته‌وه. هه‌گه ئه‌مانه ئه‌وانه‌ی
دواتر بووایههتن به فه‌رمانی مانمه‌وه – تۆ بڵێ؛ ئه‌وه له مردنم
دڵته‌زێن‌تر نییه؟ که فڕێم بده‌نه به‌ر پای جه‌م و ئه‌و بیه‌وێ
جامێ دی لۆ بئاڤرێنم ؟ نا . ئه‌م زانسته به تۆ ناڵێم . نا. بهێڵه
با زانست بمرێ له‌و شوێنه‌ی له چنگی زاڵماندایه و پیت و که‌ڵکی گشت
ده‌که‌نه زیان . وا پێش مردن، من ئه‌م جامه ئه‌ده‌م به به‌ردا و
ئێمه هه‌ر دوو ئه‌شکێین ! ئای سڵاو له دلۆڤانی تۆ که له پشت قین و
خنجێردا حه‌شار دراوه ! ئه‌وا به تێغی تۆ پاداشی خۆم وه‌رگرت .
پاداشی ژیان له پێناو زانست دانان و لۆ ئه‌م دلۆڤانیه‌ت ده‌ر حه‌قی
من، جه قه‌ره‌بویا ؛ تۆزقاڵێ له ره‌نجی خۆمت پێ ده‌به‌خشم . به‌ڵێ
، بمێنه و چیرۆکی ئه‌م جامه له سه‌ر پێسته‌دا بنووسه و لۆ خه‌ڵکی
بخوێنه‌ره‌وه ، با نه‌ڵێن ئێمه ئه‌م زانسته‌مان نه‌بوو !
نووسه‌ر 1340[ناته‌واو]؛کۆتایی هاتووی 1374
وه‌رگێڕ 21/2/1381 هه‌تا
20/3/1381
|