|
به‌فر له چله‌ی هاویندا کۆوان هان- چینگ وه‌رگێڕ: خالید خاکی
خانمی تسای: بێوه‌ژنێک
Tsai
تۆوتین - چانگ: خوێنده‌وارێکTou Tien – chang تۆونگۆ( توان- یون): کچی تۆوتین- چانگ Tou Ngo(Tuan – Yan) دوکتور لو : Lu
چانگ ی پیر:
Tchang سینگ: کوڕی چانگ singe قازی جه‌للاد 1 (خانمی تسای دێته ژووره‌وه ) تسای: ده‌کرێ دار دیسان به‌ر بگرێته‌وه به‌ڵام کاتی لاوی هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه ئه‌ز ناوم " تسای" ه و خه‌ڵکی" چو چو " م. خێزانێکی سێ که‌سی بووین. به‌ڵام بۆ به‌وبه‌ختی شووه‌که‌م مرد و ماینه‌وه من و کوڕه هه‌شت ساڵانه‌که‌م، چارچییه؟! ... پاره‌که زانستکارێک به نێوی" تۆ‌و" خه‌ڵکی ناوچه‌ی " چان- یانگ" ، پێنج "هوان" ی له من قه‌رز کرد. ئێستا به سووه‌که‌یه‌وه بووه به ده هوان. چه‌نا جار داوای پاره‌که‌م کرده‌ته‌وه به‌ڵام کابرا نییه‌تی بمداته‌وه. ئه‌ڵبه‌ت کچێکی هه‌یه و منیش ده‌بێ بۆ کوڕه‌که‌م ژن بێرم. ئه‌گه کچه‌که‌ی ئه‌و ببێ به بووکم ئیتر پێویست ناکات پاره‌که‌م بداته‌وه. به بڕوای ئاغای " تۆ‌و" ئه‌مڕۆ زۆر رۆژێکی مواره‌که و بڕیار وایه کچه‌که‌یمان بۆ بێنێ . له ماڵه‌وه ته‌مایه‌ریان ده‌بم، هاکاو هاتن. (تۆوتین – چانگ له پێشه‌وه و تۆونگو( توان – یون) ی کچی به دوایا دێنه ژووره‌وه.) تۆ‌و: من خاوه‌نی گشت زانستێکی ئه‌م جیهانه‌م ، به‌ڵام چاره‌نوسم له خه‌ڵکی‌تر گه‌لێ خراپتره. ناوم " تۆوتین- چانگه" ه و خه‌ڵکی "چانگان" م له مناڵیه‌وه هۆگری زانستم و ده‌تووانم بڵێم خۆمم پێوه ماندوو کردووه ، به‌ڵام هێشتا له ئه‌زموندا به‌شداریم نه‌کردووه. بۆ نامه‌تی، ژنه‌که‌م مرد و کچێکی بۆ به‌جێ هێشتم ، " توان – یون" هێشتا سێ ساڵان بوو که دایکی مرد. ئێستا حه‌وت ساڵیه‌تی، ئه‌نجام هاتین بۆ " چو چو " لێره نیشته جێ بووین و من له به‌خشداریی ئیشم ده‌کرد. له‌م شاره‌دا بێوه‌ژنێک هه‌یه به ناوی " تسای" که تاقه کوڕێک شک ده‌بات و ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌نده و من بۆ پێویستی سه‌فه‌رێکم پێنج هوانم لێ قه‌رز کرد و ئێستا به سووه‌که‌یه‌وه بووه به ده هوان و هه‌رچه‌ند زۆر جار به گوێیا داوم به‌ڵام بۆم هه‌ڵنه‌سوڕاوه که قه‌رزه‌که‌م بده‌مه‌وه. له‌م به‌ینه‌دا خوازبێنی له کچه‌که‌م کردووه. ئه‌زمونی به‌هار نزیکه و ئه‌بێ بڕۆم بۆ پاته‌خت ، به‌ڵام سه‌فه‌ر پاره‌ی پێویسته و منیش هیچ شک نابه‌م و وا ناچار " توان – یون" ی کچم هێناوه بۆ خانمی تسای. من کچه‌که‌م به شوو ناده‌م به‌ڵکوو له راستیدا ، خه‌ریکم ده‌یفرۆشم! به‌م شێوه تسای ئیتر داوای قه‌رزه‌که‌ی ناکات و جگه له‌وه‌ش بۆ خه‌رجی سه‌فه‌ره‌که‌م پاره‌م ده‌داتێ. به‌شداری کردن له ئه‌زموندا تاقه ئاواتی منه... به‌ڵام کچه‌که‌م. ئاخ! رۆڵه ، بڕوانه چۆن باوکت به پێچه‌وانه‌ی ویستی خۆی ده‌بزوێ! .... به‌ده‌م ورته و بۆڵه‌ی بێ بڕانه‌وه‌م گه‌یشتمه به‌ر درگای ماڵی .... خانمی تسای! له ماڵه‌وه‌ن؟ (تسای دێته ژووره‌وه.) تسای: ئاغه‌ی " تۆ‌و" ه! تکا ده‌که‌م ، فه‌رمون. ته‌مایه‌رتان بووم. تۆ‌و: سڵاو تۆونگۆ: سڵاو تسای: سڵام سه‌ر هه‌ر دوو چاوم. فه‌رمون. فه‌رمون. تۆ‌و: سپاس خانم! کچه‌که‌مم هێناوه‌ته خزمه‌تتان ، ئه‌ڵبه‌ت نه به نیازی ئه‌وه‌ی ببێ به بووکتان- حه‌دی ئه‌وه‌مان نییه- به‌ڵکوو هێناومه ببێ به کاره‌که‌رتان. ئه‌بێ بڕۆم بۆ سه‌فه‌ر. هیوادارم باش چاودێری لێ بکه‌ن. تسای: به‌چاوان. ئێوه ده هوان به من قه‌رزدار بوون، ئه‌ڵبه‌ت به سووه‌که‌یه‌وه. فه‌رموون ئه‌مه بارمته و سه‌نده‌که‌تان، ئه‌مه‌یش دوو هوان بۆ خه‌رجی سه‌فه‌ره‌که‌تان هیوادارم که‌م نه‌بێ. تۆ‌و: خانمه به‌ڕێزه‌که‌م سپاست ده‌که‌م. له‌باتی ئه‌وه‌ی داوای قه‌رزه‌که‌ت بکه‌ی خه‌رجی سه‌فه‌ریشم پێ ئه‌ده‌ی. ئه‌م مێهره‌بانیه‌ت فه‌رامۆش ناکه‌م. رۆژێ جه‌زای چاکه‌تان ئه‌ده‌مه‌وه. کچه‌که‌م کچی چاکه. کارزان و گوێ رایه‌ڵه. تکا ده‌که‌م باش ئاگاداری بن. تسای: ئاغه‌ی تۆ‌و ئه‌رخایه‌ن بن. مینا مناڵی خۆم ئاگاداریی لێ ده‌که‌م. تۆ‌و: (له‌به‌رده‌م خانمی تسای ئه‌ژنۆ داده‌کوتێ ،) خانم! ئه‌گه‌ر پێویست بوو ته‌مێ‌ی بکه‌ن. به‌ڵام تکایه زۆر له‌گه‌ڵی شه‌ڕ مه‌که‌ن. بڕوانه " توان- یون" ئێره ماڵی باوکت نییه که چاو له هار و هاجیت بپۆشن. ئاخ کچه‌که‌م که‌ی ده‌تبینمه‌وه؟ لێره ئه‌گه‌ر هار و هاج بی لێت ده‌ده‌ن. (ئاخ هه‌ڵده‌کێشی.) کێلانی خاڵیم راده‌وه‌شێنم و خۆ راده‌ده‌م ، نوسراوه‌کانی کونفۆسیۆسم خوێندوه‌ته‌وه، ژنه‌که‌م، به لاوی مرد و ئێستایش له تاقه کچه‌که‌م جوێ ده‌بمه‌وه. (ده‌ڕواته ده‌رۆ.) تسای: ئاغه‌ی تۆ‌و کچه‌که‌ی به من سپارد و بۆ ئه‌زمون چۆبۆ پاته‌خت. ده‌بێ به‌ماڵا رابگه‌م. (ده‌چێته ده‌ره‌وه ، دوکتور " لو" دێته ژووره‌وه.) دوکتورلو: من به وردی سه‌رنجی نه‌خۆشه‌کانم ده‌ده‌م و سه‌رچاوه‌ی نه‌خۆشیه‌که‌یان ده‌بینمه‌وه. ئه‌وسا له‌و ده‌وایانه‌ی که له کتێبی گیاکانا نووسراوه که‌ڵک وه‌رده‌گرم. به‌ڵام ناتووانم مردوو زینو بکه‌مه‌وه و زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌وایان پێده‌ده‌م ده‌مرن. ئه‌ز دوکتور " لو" م. ده‌وا خانه‌یه‌کیشم هه‌یه، ده هوان به خانمی تسای قه‌رزدارم که به سووکه‌یه‌وه بووه به بیست هوان. هه‌ر دێت و داوای پاره‌که‌ی ده‌کات به‌ڵام چ بکه‌م نیمه. خۆزیا ئیتر نه‌هاتایه‌ت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت، نه‌خشه‌یه‌کی چاکم بۆ داڕشتووه. ئێستا ده‌ڕۆم بۆ دوکان و بزانین چ ده‌بێ. (خانمی تسای دێته ژووره‌وه.) تسای: من خانمی تسایم، سێزده ساڵ له‌مه‌و پێش، ئاغه‌ی توتین- چانگ، توان – یونی کچی سپارده ده‌ست من تا شوو به کوڕه‌که‌م بکات، ناومان گۆڕی و ناومان نا " تۆونگۆ" به‌ڵام کاتێ زه‌ماوه‌ندیان کرد، کوڕه‌که‌م مرد و ئێستا ئه‌و بێوه ژنه. سێ ساڵ له‌مه‌و پێش بوو ئێستا ئیتر جلی ئازیه‌تی داکه‌ندووه. پێم ووت ئه‌چم پاره‌که‌م له دوکتور لو بستێنمه‌وه. ئێستایش له‌به‌ر درگای دوکانه‌که‌یدام. ئاخۆ دوکتور له دوکانه؟ دوکتورلو: به‌ڵێ، خانم، فه‌رمون. تسای : ماوه‌یه‌کی درێژه قه‌رزداری منن و ئیتر قه‌رزه‌که‌تان بده‌نه‌وه. دوکتورلو: خانم، به‌داخه‌وه ئێستا پاره‌م پێ نییه. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵم بێن له‌یه‌کێ له‌م دێهاته نزیکانه پاره‌م هه‌یه، وه‌ری ده‌گرم و پێتان ئه‌ده‌مه‌وه. تسای : زۆر چاکه، له‌گه‌ڵتان دێم. (پێکه‌وه ده‌ڕۆن.) دوکتورلو: ئێستا له‌شار دوور که‌وتوینه‌ته‌وه . هیچکه‌س له‌م ده‌ورو به‌ره‌دا نییه ، له دوی جێگه‌یه‌کی وه‌ها ده‌گه‌ڕام، بۆ درێژه‌ی پێ بده‌م؟ گوریسیش حازره. خانم، کێ بانگتان ده‌کات؟ تسای : له کوێ؟ (دوکتور گوریسه‌که ده‌خاته ملی. " چانگ" ی پیر و " سینگ" ی کوڕی دێنه ژووره‌وه. چون هه‌ڵدێن ، دوکتوریش هه‌ڵدێت. چانگ خانمی تسای ئه‌هێنێته‌وه سه‌رخۆی.) سینگ: باوه پیرێژنێکه. ویستوویانه بیخنکێنن. چانگ: ئێوه کێن؟ ناوتان چییه؟ بۆ ئه‌و کابرایه ده‌یویست بتخنکێنێ؟ تسای : من ناوم " تسای" ه من و بووکه بێوه ژن که‌وتووه‌که‌م له شارا ده‌ژین. دوکتور لو بیست هوان به من قه‌رزدار بوو و هه‌ر به‌م هۆیه منی به فریو کێش کرد بۆ ئێره و ئه‌یویست بمخنکێنێ. ئه‌گه‌ر ئێوه و ئه‌م لاوه نه‌بوایه‌تن ، ئێستا من مرد بووم. سینگ: باوه، بیستت؟ ئه‌و بووکێکی هه‌یه. من بووکه‌که‌ی دێنم و تۆیش خۆی بێنه، باوه پی بڵێ. چانگ: بڕوانه بێوه ژن! تۆ مێردت نییه و منیش ژنم نییه. پێت چۆنه ببین به ژن و مێرد؟ تسای : ئێ؟! به‌م شێوه باش ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن! سینگ: یانی شوو به باوکم ناکه‌ی؟ که وایه ده‌تخنکێنم. تسای: ده‌ست راگرن. راوه‌ستن با بیری لێ بکه‌مه‌وه. سینگ: پێویستی به بیر لێ کردنه‌وه نییه، تۆ شوو به باوکم ده‌که‌ی و منیش بووکه‌که‌ت ماره ده‌که‌م. تسای : (روو وه‌ر ده‌چه‌رخێنێ) بێتوو بڵێم نا ، ده‌مخنکێنن! (روو له چانگ و سینگ) باشه. شووی پێده‌که‌م، هه‌ستن با بڕۆین بۆ ماڵی ئێمه. (ده‌چنه ده‌ره‌وه. تۆونگۆ دێته ژووره‌وه.) تۆونگۆ: من " توان – یون" م و له " چو چو " دا ده‌ژیم. سێ ساڵان بووم که دایکم مرد و کاتێ بووم به حه‌وت ساڵ، باوکم منی سپارده ده‌س خانمی تسای تا شوو به کوڕه‌که‌ی بکه‌م. خانمی تسای ناومی گۆڕا و ناوی نام" تۆونگۆ" له حه‌فده ساڵیدا شووم کرد، به‌ڵام سێ ساڵ له‌مه‌و پێش مێرده‌که‌م مرد و ئێستایش بیست ساڵمه. دوکتور لو بیست هوان ئه‌ڵبه‌ت به سووه‌که‌یه‌وه به خانم قه‌رزداره و نایداته‌وه. ئه‌مڕۆ چووه به‌ڵکو قه‌رزه‌که‌ی وه‌رگرێته‌وه. ئاخ ، که‌ی چاره ره‌ش ده‌حه‌سێته‌وه؟ دڵم زه‌ریای خه‌م و ئازاره ، چه‌نا ساڵه **** ده‌خۆمه‌وه! شه‌و و رۆژم وه‌ک یه‌ک. نه خه‌وم هه‌یه و نه خۆراک. شه‌وانه خه‌ونی ترس‌هێنه‌ر و رۆژانه بیری سه‌یر و سه‌مه‌ڕ. خه‌می بێ کۆتایی، ئه‌م خه‌م سه‌ری نه‌ناوه‌ته عه‌رز خه‌مێ‌تر سه‌ر هه‌ڵده‌دا. ئاخۆ ژیانی ئه‌م ئازاراه که‌ی کۆتایی دێ؟ ئاخۆ ئه‌مه چاره‌نووسی هه‌موو که‌سێکه یا خۆ هه‌ر به‌شی من به ئازار گرساوه؟ ئازیه‌تباری مێرده‌که‌م بووم و بڕیارم داوه گوێ رایه‌ڵی فرمانی خانم بم. راستی ئه‌وه بۆ نه‌هاته‌وه؟ تسای و (چانگ و سینگ دێنه ژووره‌وه.) تسای : من ده‌چمه ژووره‌وه ، ئێوه هه‌ر لێره ته‌مایه‌رم بن. سینگ : باشه دایه. بڕۆ ژووره‌وه و پێ‌ی بڵێ که شووه‌که‌ی له به‌ر ده‌رگا راوه‌ستاوه. تۆونگۆ: دایه، هاتیته‌وه؟! نانت خواردووه؟ تسای : (ده‌گری) ئاخ ، کچه چاره‌ره‌شه‌که‌م ! چۆنت پێ بڵێم؟ تۆونگۆ: چاوولێ‌یه که چلۆن ده‌کوڵێ، دیاره که خه‌مێک خۆی له دڵیا حه‌شار داوه، زوو سڵاوی لێده‌که‌م با هۆی ئازاره‌که‌یم پێ بڵێت. تسای : چلۆنت پێ بڵێم؟ تۆونگۆ: دوو دڵه ، به رواڵه‌ت وا دیاره که ترێق ده‌بێته‌وه. دایه ، چی رووی‌داوه؟ بۆ ده‌گریت؟ تسای : داوای پاره‌که‌م له دوکتور لو کرده‌وه ئه‌و له شار دووری خستمه‌وه و ویستی بمخنکێنێ. به‌ڵام پیره‌پیاوێک به ناوی چانگ و کوڕه‌که‌ی به ناوی سینگ گه‌یشتن به هاوارمه‌وه و رزگاریان کردم. ئێستا پیره پیاو ده‌یه‌وێ شووی پێ بکه‌م و خه‌می دنیا سوار شانم بووه. تۆونگۆ: دایه گیان! کاری وا نابێ! تکا ده‌که‌م ، ئێمه که موحتاج و ئاتاج نین ، تۆیش له‌و ته‌مه‌نه‌دا نیت که شوو بکه‌یته‌وه. تسای : رۆڵه ، چم ده‌سه‌ڵاته؟ تۆونگۆ: نا دایه! گوێ راگره! پرچت له تاڵی تۆری بووک سپی‌تره، خه‌ڵک گاڵته‌مان پێده‌که‌ن. شووه‌که‌ت فه‌رامۆش کردووه وا شوو ده‌که‌یته‌وه؟ خه‌ڵک پێت پێده‌که‌نن. مه‌به به‌و بێوه ژنه‌ی که شه‌ق له گڵکۆی مێرده‌که‌ی هه‌ڵده‌دا. تۆ نمامی خه‌ڵفی نیت. له خۆت راده‌بینی برۆکانت ره‌نگ بکه‌ی و شوو بکه‌یته‌وه؟ مێرده‌که‌ت هه‌س و نیه‌سی خۆی بۆ تۆ به جێ هێشتووه، تا تۆ موحتاجی که‌س نه‌بی، تا خۆت و کوڕه‌که‌ت روو له درگای ناکه‌س نه‌نێن و نه‌بنه جێ گاڵته‌ی خه‌ڵک. یانی هه‌موو ره‌نج و کوێره‌وه‌ریه‌کانی ئه‌و به فیڕۆ بچێ؟! تسای : ئێستا که وای لێهات، رام وایه که تۆیش چاتره دیسان شوو بکه‌یته‌وه ، هه‌ر ئه‌مڕۆ زه‌ماوه‌ند ده‌که‌ین. تۆونگۆ: ئه‌گه‌ر تۆ رات وایه شوو بکه‌ی ، شوو بکه. به‌ڵام من شوو ناکه‌مه‌وه. تسای : گشت قه‌رار و بڕیه‌یه‌کمان کردووه و ئه‌وان لێره‌ن. سینگ : ئێمه ماره‌یان ده‌که‌ین و ماڵ ده‌بێته ماڵی خۆمان. ئه‌وان بووک و مه زاوا. جا بۆ خراپه؟ به پێچه‌وانه زۆریش به‌جێ‌یه. تۆونگۆ: مه‌یه‌نه پێش. هه‌ر له‌وێ راوه‌ستن! ژنان نابێ به گشت قسه‌یه‌کی پیاو بڕوا بکه‌ن. ئه‌م پیره چه‌ماوه و ئه‌م زگ مه‌شکه‌ی له کوێ دیوه‌ته‌وه؟ ئاخۆ هیچ هه‌ستێکت به‌رامبه‌ر به مردووه‌کانت له دڵدا ماوه؟ دیسانیش بیری بکه‌وه. مێرده‌که‌ت ئه‌م ماڵ و حاڵه‌ی به عاره‌قی ناوچاو پێکه‌وه ناوه، بۆ ئاسایشتی تۆ خۆی ره‌تاند. ئێستا چلۆن گشت ئه‌مانه پێشکه‌شی چانگ و سینگ ده‌که‌ی؟ ئه‌و تۆوی وه‌شاند و که‌سانێکی‌تر دروێنه‌ی ده‌که‌ن( ده‌ڕواته ده‌ره‌وه) چانگ : ( به خانمی تسای) وه‌رن خۆش رابوێرین. ده‌بێ جێژن بگرین. سینگ : تۆونگۆ منی ناوێ ، به‌ڵام کارێکی باش ناکا. ئه‌نجام هه‌ر ده‌بێ کڕنۆشم بۆ ببات و شووم پێ بکات. ئێستا، ده‌بێ بڕۆم و له‌گه‌ڵ باوکما خۆش رابوێرین و بیکه‌ین به جێژن. ( ده‌چێته ده‌ره‌وه) 2 (دوکتور لو دێته ژووره‌وه) دوکتور لو: من دوکتور لوم. خانمی تسایم له شار دوور خسته‌وه به‌ڵکو بیخنکێنم به‌ڵام دوو پیاو هاتن به هاواریه‌وه. ئه‌مڕۆش دوکان ده‌که‌مه‌وه با بزانین هه‌وه‌ڵ مشته‌ری کێ‌یه. (سینگ دێته ژووره‌وه ) سینگ : من سینگ چانگم . تۆونگۆ هێشتا ملی نه‌داوه که مێردم پێ بکات . پیرێژن نه‌خۆشه ، ئه‌مه‌وێ ده‌رمان خواردی بکه‌م، ئه‌گه‌ر پیرێژن بمرێ، جوانه ژن ناچاره شووم پێ بکات. به ه به ه ئه‌مه‌یش ده‌واخانه! دوکتور! ده‌وام ده‌وێ. دوکتور لو: چ ده‌وایه‌کت ده‌وێ؟ سینگ : ژه‌هرم ده‌وێ، ژه‌هرێکی به قووت دوکتور لو: کێ ده‌وێرێ ژه‌هرتان پێ بفرۆشێ؟ چۆن ده‌وێرن داوای شتی وا ده‌که‌ن؟ سینگ : پێم ناده‌ی؟ دوکتور لو: دیاره که نایده‌م هاتوو تۆ ویستت یه‌کێکی پێ ... ( یه‌خه‌ی دوکتور ده‌گرێ) سینگ : باشه! باشه! که‌می لێ بڕێسه، تۆ هه‌ر ئه‌و کابرا نیت که ئه‌تویست خانمی تسای بخنکێنی؟ ره‌نگه پێت وابێ نه‌مناسیویت؟ رات ده‌کێشمه دادگا! دوکتور لو: ( شڵه‌ژاوه) لێم گه‌ڕێ. وازم لی بێنه برا! باشه! باشه پێت ده‌ده‌م( ژه‌هری پێ ده‌دات) سینگ : ئێستا ئیتر به دۆعا ( ده‌ڕوات) دوکتور لو: که‌وا. پیاوێ که ژه‌هری لێم کڕی یه‌کێ له‌و دوو که‌سه بوو که خانمی تسایان رزگار کرد. ئه‌م جاره ژه‌هری لێ سه‌ندم و ئه‌زانم که کلکم ها له مشتیا. وا چاتره دوکانه‌که‌م داخه‌م و بڕۆم له شوێنێکی‌تر ده‌واکانم بفرۆشم. ( ده‌ڕواته ده‌ره‌وه، خانمی تسای نه‌خۆش به سه‌ر ده‌ستی چانگ و سینگه‌وه دێته ژوورۆ) چانگ : من به‌م نیازه بوومه مێردی ئه‌م ژنه که خزمه‌تم بکات، چوزانم نه‌خۆش ئه‌که‌وێت و ئه‌بێ خزمه‌تی بکه‌م. به‌راستی که ناوچاوه‌که‌م نه‌یهێناوه، خانم چیتان پێخۆشه ، دڵتان ئاره‌زووی چ ده‌کات پێم بڵێن. تسای : دڵم به ئاو و گۆشتی به‌رخه‌وه‌یه. چانگ : هه‌تیو، هه‌سته بڕۆ به تۆونگو بڵێ ئاو و گۆشتی به‌رخ بۆ خه‌سووی لێ‌بنێت. سینگ : تۆونگۆ! خه‌سووت ئاو و گۆشتی به‌رخی ده‌وێ، زووبه بکه‌وه خۆ( تۆونگۆ دێته ژوورۆ) تۆونگۆ : من تۆونگۆم. خه‌سووم نه‌خۆشه و دڵی به ئاو و گۆشتی به‌رخه‌وه‌یه. بۆم لێناوه. کاتێ بیری لێ‌ده‌که‌مه‌وه ده‌بینم ژنان ئێجگار بێ بڕیارن! ئه‌و نیازی وایه هه‌میشه خاوه‌نی مێرد بێ. نایه‌وێ هه‌رگیز ته‌نیا بێ. ئه‌وه‌ڵ شووی کرد به که‌سێک و ئێستایش ژنی که‌سێکی‌تره. ژنی وامان هه‌یه که هه‌رگیز به کاری ماڵا ناگات به‌ڵام هه‌میشه ها به دوای زه‌می ئه‌م و ئه‌و کردنۆ،ژنی واشمان هه‌یه که هه‌ر فریای تاریفی خۆ و مێرده‌که‌یان ده‌که‌وه‌ن و هه‌میشه‌یش ئاماده‌ی کاری ناپه‌سندن. یه‌کێ وه‌کو خانمی " چونه" که وه‌ها ئابڕووی چوو که ئه‌نجام بوو به خزمه‌تکاری مه‌یخانه و یه‌کێکیش وه‌کو خانمی " مێنگ کوانگه" که ببوو به هۆی قه‌یر و رێزی مێرده‌که‌ی. ئه‌مڕۆ که ژنان گۆڕیاون: نه‌ده‌کرێ بڕوا به قسه‌یان بکه‌یت و نه‌ده‌کرێ چاو له کرده‌وه‌یان بپۆشیت. گشتیان بێ ئه‌مه‌کن،و له دوی یاری تازه ده‌گه‌ڕن و هێشتا گڵکۆی مێرده‌که‌یان وشک نه‌بووه‌ته‌وه به‌رگی ئازیه‌تی فڕێ ده‌ده‌ن و خۆ ده‌ڕازێننه‌وه. ئه‌ی چ لێ هات ئه‌و ژنه‌ی که کاتێ له ئازیه‌تی مێرده‌که‌یا ده‌گریا دیواری پان و پۆڕی چینی ده‌هێنا له‌رزین؟ کوا ئه‌و ژنه‌ی که بۆ ئه‌وه‌ی رازی کابرا نه‌درکێنێ خۆی له گۆما خنکان؟ له کوێ‌یه ئه‌و ژنه‌ی که به هێزی شیوه‌ن له ئازیه‌تی مێرده‌که‌یا خۆی کرد به به‌رد؟ چاخی سه‌رشۆڕییه ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی که ژنه‌کان ئاوا بێ ئه‌مه‌کن. شێره‌ژنه‌کانی مێژو نه‌ماون تا بزانن چۆن خه‌ریکن ئابڕوویان ده‌به‌ن. ئاو و گۆشت ئاماده‌یه. وا باشه بۆی ببه‌م. سینگ : بێڵه من بیبه‌م( کاسه‌که وه‌رده‌گرێت و ده‌ی‌چه‌شێت) بێ‌تامه، خوێ بێنه ( تۆونگۆ ده‌چێ بۆ خوێ، سینگ ژه‌هره‌که ده‌کاته ناو چێشته‌که. تۆونگۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه) تۆونگۆ: ئه‌میشه خوێ. سینگ : تیکه. تۆونگۆ: یانی بێ خوێ‌یه؟ هیوادارم دایکم زووتر چاک بێته‌وه. ئه‌وسا ئێوه هه‌ر سێکتان ده‌تووانن پێکه‌وه کامه‌ران بن. چانگ : هه‌تیو، ئه‌م ئاو و گۆشته پێ نه‌گه‌یی؟ سینگ : وه‌ره بیبه. چانگ : (کاسه‌که وه‌ر ده‌گرێت) خانم، نه‌ختێ ئاو و گۆشت... تسای :ببورن که بوومه‌ته هۆی زه‌حمه‌تتان. پێم خۆشه هه‌وه‌ڵ خۆتان که‌مێکی لێ بخۆن. چانگ : ناتانه‌وێ لی بچێژن؟ تسای : نا، ئه‌مه‌وێ ئێوه هه‌وه‌ڵ پخۆن.( چانگ ئاو و گۆشته‌که ده‌خوات) تۆونگۆ: یه‌کێ ده‌ڵێ: " ناتانه‌وێ ل؛ی بچێژن؟" ئه‌وی‌تر ده‌ڵێ:" هه‌وه‌ڵ خۆتان!" چه‌ن بێ ئابڕوون. هیچ ترێق نابنههوه. چۆن مرۆڤ رقی هه‌ڵنستێ؟ ئه‌ڵێ‌ی کور و کچی تازه پێگه‌یشتوون. مێرده هه‌وه‌ڵه‌که‌ی هه‌ر له بیریش نه‌ماوه. له باتی ئه‌وه‌ی بۆ راگرتنی قه‌یر و حورمه‌تی خۆ وه‌ک شۆره‌ی پۆڵا بێت، گوێ رایه‌ڵی هه‌ستی خاو، مینا چڵی بییه‌ک به ده‌م باوه راده‌شه‌کێ. عیشقی نوێ ماقوڵه و عیشقی کۆن پێ شێل کراوه. چانگ : ئه‌وه بۆ وا دڵم تێکه‌ڵ دێ؟ سه‌رم گێژ ئه‌خوات( ئه‌درێ به عه‌رزا) تسای : بۆ به خواردنی ئاو وگۆشته‌که حاڵت تێک چوو؟ ( ئه‌ناڵێنێ) کابرا، هه‌سته، مه‌که‌وه. نا.... ( له خۆ ده‌دا و ده‌گری) هه‌ی هاوار! تۆونگۆ: گریان هیج سوچێ ناگرێ. مایه‌ی بێده‌سه‌ڵاتیه. گشت مرۆڤێک ئه‌بێ ئه‌نجام بمرێ. جا هه‌ندێ به نه‌خۆشین ده‌مرن و هه‌ندێ له کاره‌ساتێکی دڵته‌زێنا تیا ده‌چن. هه‌ندێ به سه‌رما ره‌ق ده‌بنه‌وه و هه‌ندێ به گه‌رما ده‌پڕوکێن. هه‌ندێ له برسانا گیان ئه‌ده‌ن و هه‌ندێ گشت جومگه‌ی ئێسقانیان له ژێر کاری قورسا تێک ده‌چێ، هه‌موو ده‌بێ بمرن، به‌ڵام هه‌ر مردنێ هۆی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.ئه‌مه چاره‌نووسی مرۆڤه و که‌س ناتووانێ بیگۆڕێ. ئه‌و ماوه‌یه‌کی کورته که لێره‌یه و چه‌ن رۆژێک پێکه‌وه ژیان. ده‌زانم. له هه‌ستی ئێوه ئاگادارم به‌ڵام له قسه‌ی هاوسێ و دراوسێ ده‌ترسم، که وا بوو ئیتر به‌س شیوه‌ن بکه‌ن. ئه‌و ئێوه‌ی نه‌کرد به‌م خانمه‌ی که ئێستا هه‌ن( چانگ ده‌مرێ) تسای : ده‌بێ چبکه‌ین؟ ئه‌و مرد. تۆونگۆ: ئه‌و نامۆ بوو – ته‌نانه‌ت تکێ فرمێسکیشی بۆ ناڕێژم. تۆیش نابێ بۆی ناڕه‌حه‌ت بی. نابێ خۆت بده‌یته ده‌س هه‌ستی خاو. مرد،مرد. به ئێمه چی. سینگ : ئێ. باوکمتان ده‌رمان خوارد کرد. چۆن ئه‌تانه‌وێ ئه‌م جه‌نایه‌ته بپۆشن؟ تسای : رۆڵه گیان، باشتر وایه مێردی پێ بکه‌ی. تۆونگۆ: دایه، چۆن به خۆت ئیزن ئه‌ده‌ی قسه‌ی وا بکه‌ی؟ ئه‌م کابرایه خه‌سوومی ناچار کردووه به‌خێوی بکات و ئێستایش بابی خۆی ده‌رمان خوارد کردووه، کێ ئه‌ترسێنێ؟! تسای : رۆڵه گیان، باشتر وایه شووی پێ بکه‌ی. تۆونگۆ: کام ئه‌سپ دوو زینی هه‌یه؟! کاتێ کوڕه‌که‌ت زینوو بوو شووم پێ کرد و ئێستا هانم ئه‌ده‌ی که دیسان شوو بکه‌مه‌وه؟ کێ بڕوا ده‌کا... سینگ : تۆونگۆ، تۆ باوکی منت کوشت. ئێستایش که‌یفت لێ بێ له‌ناو خۆمانا ئه‌یخه‌ین به بارێکا، ئه‌گینا ده‌بێ بچینه دادگا. تۆونگۆ: راس بڵێ*****. چت ده‌وێ؟ سینگ : ئه‌گه‌ر بچین بۆ دادگا ئه‌بێ تاوانی کوشتنی بابم بگریته ئه‌ستۆ و ئه‌گه‌ریش که‌یفت لێ بێ له ناو خۆمانا چاره سه‌ری بکه‌ین ئه‌وا ده‌بێ شووم پێ بکه‌ی و بڕایه‌وه. تۆونگۆ: من بێ تاوانم. با بچین بۆ دادگا. ( سینگ، تۆونگۆ و تسای ده‌خاته پێش و ده‌ڕۆن) 3 ( قازیی و به‌رده‌سته‌که‌ی دێنه ژووره‌وه) قازیی : من کار به‌ده‌ستی حکوومه‌تم و ئێجگار خۆ ماندوو ده‌که‌م. به‌ده‌ست که‌وتی محاکه‌مه‌کانم ده‌ژیم. به‌ڵام کاتێ سه‌ره‌که‌کانم له چونیه‌تی ئیشم ئه‌کۆڵنه‌وه ئه‌ڵێم نه‌خۆشم و له ماڵ نایه‌مه‌ده‌ر. من قازی " چو چو" م. به‌یان،عه‌داڵه‌ت ده‌خه‌مه کار. به‌رده‌س، رێنوێنیان بکه بێنه ژووره‌وه. ( به‌رده‌س بانگیان ده‌کات. سینگ، له کاتێکا که تسای و تۆونگۆ له‌گه‌ڵ خۆ کێش ده‌کات دێته ژووره‌وه) سینگ : داد! گه‌وره‌م داد. به‌رده‌س: ورنه پێش. ( سینگ و تۆونگۆ به‌رانبه‌ر به قازیی که چوارمیلکه دانیشتووه دێن به چۆکا) قازیی : ( دێ به چۆکا) دانیشن، تکا ده‌که‌م ره‌حه‌ت بن. جوان دانیشن. به‌رده‌س: گه‌وره‌م، ئه‌مه یه‌کێ له دانیشتووانی ئه‌م شاره‌یه که شکایه‌تی هه‌یه،بۆ وا له‌به‌رده‌میا دێن به چۆکا؟ قازیی : بۆ؟ بۆ ئه‌وه‌ی که دانیشتووانی وه‌ها ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی که من بخۆم و بپۆشم به‌رده‌س: راسته، وایه! قازیی : کامتان شکات ده‌کات؟ کامتان شکاتی لێ ده‌کرێت؟ من راسته‌قینه‌م ده‌وێت. سینگ : من شکات ده‌که‌م. ئه‌م ژنه تۆونگۆی ناوه ، ئه‌و باوکمی ده‌رمان خوارد کردووه، داد گه‌وره‌م داد. قازیی : کێ ده‌رمان خواردی کردووه؟ تۆونگۆ : من نه‌م کردووه! تسای : من نه‌م کردووه! سینگ : من نه‌م کردووه! قازیی : ئه‌ی که وایه من ده‌رمان خواردم کردووه؟ تۆونگۆ : شه‌ره‌فی ئێوه مینا ئاوێنه‌یه‌کی روونه و له ده‌ستی دێ که به باشی له‌وه‌ی له دڵمایه تێ بگات. ئاو و گۆشته که هیچ شتێکی خراپی تێدا نه‌بوو، سه‌باره‌ت به ژه‌هریش هیچ نازانم، ئه‌و وای نواند که لێ‌ی چه‌شتووه، پاشان باوکی خواردی و مرد. ئه‌م ووتانه‌م به‌و مانا نییه که بمه‌وێ فریوتان بده‌م به‌ڵام ناتووانم قه‌تڵێ بگرمه ئه‌ستۆ که نه‌مکردووه! قازیی : بێ هێزه‌کان وه‌هان: ته‌نیا به کوته‌ک دێنه قسه. ئاده‌ی کورره. کوته‌ک ئه‌زانێ قۆناغ له کوێ‌یه( به‌رده‌س له تۆونگۆ ده‌دات . پاش سێ زلله له سه‌ر خۆ ده‌چێ ، ئاو ده‌که‌ن به ده‌م و چاویا و ئه‌یهێننه‌وه سه‌ر خۆ) تۆونگۆ: ئه‌م زللانه زیاتر له تووانی منن. دایه ، تۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌ت پێش هێناوه. بۆ ده‌بێ دڵسۆزیت بۆ بکه‌م؟ قه‌ید ناکا به‌لکو به دیتنی ئه‌م حاڵه‌ی من ئه‌و ژنانه‌ی که دووباره شوو ده‌که‌نه‌وه به خۆدابێن. بۆ وا به سه‌رما ده‌قریشکێنن؟ ئازارم ئه‌ده‌ن، دێمه‌وه سه‌رخۆ و دیسان له‌سه‌رخۆ ده‌چم. هه‌زاران مشت و زلله: هه‌موو گیانم غه‌ڵتانی خوێنه! خوێنم هاتووه‌ته کوڵ. رۆحم له ترسا وه‌ک سه‌گ ده‌وه‌ڕێ. کێ ده‌زانێ چ ده‌کێشم؟ من کابرام ده‌رمانخوارد نه‌کردووه. له گه‌وره‌م داوا ده‌که‌م راسته‌قینه‌ی مه‌سه‌له‌که بخاته روو. قازیی : ئێستا پێ‌ی لێ ده‌نێ‌ی؟ تۆونگۆ: سوێند ده‌خۆم که من ژه‌هرم نه‌کردووه‌ته ئاو و گۆشته‌که. قازیی : که وایه له پیرێژن ده‌ن. تۆونگۆ: ( به‌په‌له) راوه‌ستن ده‌ست راگرن ، له خه‌سووم مه‌ده‌ن ئه‌و پیره و به‌رگری ئه‌م لێدانه ناگرێت . باشه باشه به‌و مه‌رجه‌ی له‌و نه‌ده‌ن من ئه‌و قه‌تڵه ده‌گرمه ئه‌ستۆ. قازیی : نێڵه بنێن له ملی و فڕێ‌ی ده‌نه به‌ندیخانه. سبه‌ینێ به جه‌زای خۆی ده‌گات. تسای : ( به‌گریانه‌وه) تۆونگۆ، رۆڵه‌م! خه‌ریکی به خاتری من خۆت به کوشت ئه‌ده‌ی. ئاخ ، خوا مه‌رگم بات. تۆونگۆ: کاتێ مرۆڤ وه‌ها زاڵمانه ده‌کوژرێ رۆحی ناسره‌وێ. پاش مردنیشم له تاوانی ئه‌م کابرایه خۆش نابم. مرۆڤ نابێ هه‌تا دنیا دنیایه هه‌ر تووشی هه‌ڵه بێت. ئاسمان ئاگاداری کاره‌ساته. هه‌تا ئه‌و جێگه‌ی بڕستم بوو به‌ربه‌ره‌کانێم کرد و ئێستا بێ تووان و بڕستم. ئه‌شیا ده‌رمانخوارد کردنی چانم بگرتایه‌ته ئه‌ستۆ. چون پێم وایه خه‌سووم پیرتر له‌وه‌یه که زلله‌ی لێده‌ن و شه‌قی تێ‌هه‌ڵده‌ن.( ده‌یبه‌نه ده‌ره‌وه) سینگ : سبه‌ینێ ده‌یکوژن و منیش دڵم فێنک ده‌بێته‌وه( ده‌چێته ده‌ره‌وه) تسای : رۆڵه لێ قه‌وماوه‌که‌م! سبه‌ینێ ده‌یکوژن. خوا مه‌رگم بات( ده‌ڕواته ده‌ره‌وه) قازیی : تۆونگۆ: سبه‌ینێ ده‌کوژرێ. ئیشی ئه‌مڕۆمان ته‌واو بوو. ئای چه‌نێ برسیمه.( ده‌ڕواته ده‌ره‌وه) ( ئه‌فسه‌رێ که به‌جێ هێنانی حوکمی به ئه‌ستۆیه دێته ژووره‌وه) ئه‌فسه‌ر: من ئه‌فسه‌رێکم که به‌جێ هێنانی حوکم به ئه‌ستۆمه. ئێمه ئه‌مانه‌وێ قاتڵێ بکوژینه‌وه، ئه‌بێ مه‌ئموره‌کان بنێرم تا سه‌ر رێگاکان بگرن و ئاگادار بن که‌س هات و چۆ نه‌کات. ( یاریده‌ره‌کان دێنه ژووره‌وه سێ جار ده‌هۆڵ لێده‌ده‌ن. جه‌للاد دێته ژووره‌وه. شیره‌که‌ی تیژ ده‌کات و ئاڵاکه‌ی راده‌وه‌شێنێ. تۆونگۆ دێننه ژووره‌وه نێڵه‌یه‌کیان له ملی کردووه. ده‌نگی ده‌هۆڵ) جه‌للاد : بڵاوه بکه‌ن. که‌س هات و چۆ نه‌کات. تۆونگۆ: بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌کم کردبێت کردمیان به قاتڵ. حوکم کراوه که ملم بپه‌ڕێنن. عه‌رز و ئاسمان به شایه‌ت ده‌گرم! عه‌رز و ئاسمان به تاوانبار ده‌زانم چون له ده‌ستیان نایه‌ت رزگارم بکه‌ن. بۆ؟ چاک و خراپ تێکه‌ڵ ده‌کرێ! چاکه‌کان هه‌ژاران و پێش له کاتی مردنیان ده‌مرن. خراپه‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندن و تا دوا رۆژی ته‌مه‌نیان ده‌ژین. یاسای ده‌سه‌ڵات داره‌کان بێده‌سه‌ڵات ده‌فه‌وتێنێ گریان و ناڵین بێ بایه‌خه. جه‌للاد : بڵاوه بکه‌ن! دره‌نگه! تۆونگۆ: ملم ئێشێ و خه‌ڵک بۆ به‌ر و دوا پاڵم پێوه ده‌نێ، کاکی برا، کارێکم بۆ ئه‌که‌ی؟ جه‌للاد : چت ده‌وێ؟ تۆونگۆ: ئه‌گه‌ر له درگای پێشه‌وه بمبه‌ی هه‌رگیز لێت خۆش نابم و هه‌گه له درگای پشته‌وه بمبه‌ی سپاست ده‌که‌م. پێت وا نه‌بێ کچێکی نه‌زانم. جه‌للاد : ئه‌بێ بڕۆین بۆ شوێنی دیاری کراو بۆ به جێ هێنانی حوکم، ناته‌وێ که‌س له قه‌وم و که‌ست ببینی؟ تۆونگۆ: من ده‌مرم چ نیازێکم به دیتنی خزم و که‌س و کاره؟ جه‌للاد : بۆ ئه‌ته‌وێ له درگای پسته‌وه بتبه‌م؟ تۆونگۆ: به هیوام خه‌سووم ببینم. جه‌للاد : تۆ ناتووانی خۆ ده‌رباز بکه‌ی که وایه دیتنی ئه‌وت بۆ چیه؟ تۆونگۆ: ئه‌گه‌ر خه‌سووم بمبینێ که وه‌ها به کۆت و به‌نده‌وه به‌ره‌و مردن ده‌چم، ده‌وروژێ، ده‌زانم ده‌وروژێ، تکات لێده‌که‌م به گوێره‌م بکه. تکات لێده‌که‌م! ( تسای دێته ژووره‌وه) تسای : ئه‌ی خوای گیان! ئه‌مه بووکه‌که‌م نییه. خوا مه‌رگم بات. جه‌للاد : پیرێژن لاچۆ! تۆونگۆ: ئیزن بده بێته پێشه‌وه، نیازم وایه له‌گه‌ڵی بدوێم. جه‌للاد : پیرێژن! وه‌ره بووکه‌که‌ت نیازی وایه قسه‌ت له‌گه‌ڵ بکات. تسای : رۆڵه‌ی هه‌ژارم. خوا مه‌رگم بات. تۆونگۆ: دایه، کاتێ نه‌خۆش بووی و ئیشتیای ئاو و گۆشتت کرد بۆم لێ‌نایت. سینگ منی بۆ خوێ نارد و که‌ڵکی له‌م ماوه وه‌رگرت و ژه‌هری کرده ناو ئاو و گۆشته‌که، پاشان ویستی من بیده‌م به تۆ. بیری له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه که باوکی بیخوات. ئه‌و ئه‌یویست تۆ بکوژێ و من مه‌جبور بکات شووی پێ بکه‌م به‌ڵام باووکی ئاو و گۆشته‌که‌ی خوارد و سینگ بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه منی هێنا بۆ دادگا و چون من نه‌م‌ئه‌ویست تۆ ئازار بده‌ن، قه‌تڵه‌که‌م گرته ئه‌ستۆ و ئێستایش به‌ره‌و مردن ده‌چم. ئه‌گه‌ر له ده‌ستت هات به‌ڵکو به خاتری کوڕه‌که‌ت خێر و خێراتم نه‌فه‌وتێنی. تسای : ( به‌گریانه‌وه) ئه‌رخایه‌ن به. خوا مه‌رگم بات. تۆونگۆ: بۆ له‌شی بێ سه‌رم خێر و خێرات بکه. عه‌داڵه‌ت هه‌ر قسه‌یه و من زاڵمانه ده‌کوژرێم. جه‌للاد : باشه پیرێژن، بڕۆ دواوه. به‌سه( تۆونگۆ ئه‌ژنۆ ئه‌نێته عه‌رز و نێڵه‌که له ملی ده‌که‌نه‌وه) تۆونگۆ: سه‌رباز، ئه‌مه‌وێ سێ شتت پێ بڵێم. دڵشاد ده‌بم ئه‌گه‌ر ئیزن بده‌ی حه‌سیرێکی خاوێنم ده‌وێ و دار ئاڵایه‌ک که ئاڵایه‌کی بچووکی سپی به درێژایی دوازده گزی پێوه بێ. کاتێ شیری تۆ ملم ده‌بڕێ ته‌نانه‌ت تکێ له خوێنی گه‌رمم ناڕژێته سه‌ر عه‌رز و به ئاڵادا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ. ئه‌گه‌ر حوکمه‌که‌تان زاڵمانه بێ سێ‌بنگووس به‌فر له‌شی سڕ و ساردم داده‌پۆشێ و له‌م ناوچه‌دا سێ ساڵ باران نابارێ و قڕ و قاتی دێ. جه‌للاد : بێده‌نگ! ئه‌م قسانه بۆ وتن نابن! ( جه‌للاد ئاڵاکه‌ی راده‌وه‌شێنێ) تۆونگۆ: بوختانیان کردووه که ژنێ کابرایه‌کی ده‌رمان خوارد کردووه، به نه‌قیزه له‌شی گامێش به تاوانی زه‌حمه‌ت کێشان ونجڕ ونجڕ ده‌که‌ن. جه‌للاد : بۆ ئاسمان وه‌ها ناوچاوی گرژ کرد؟ به‌فر ده‌بارێ( سه‌ری به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌کاته‌وه و دۆعا ده‌خوێنێ) تۆونگۆ: له سه‌رده‌می کۆنا " تسۆو – یێن" به بوختان گیرا و خرایه به‌ندیخانه‌وه و هه‌ر ئه‌م زوڵمه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که هاوینی سوور دنیا به سه‌هۆڵ رازایه‌وه و ئێستایش بارینی به‌فر، زاڵمانه بوونی ئه‌م حوکمه ده‌سه‌لمێنێ. ( جه‌للاد سه‌ری ده‌بڕێ و یاریده‌کانی به په‌له له له‌شی بی گیان کۆ ده‌بنه‌وه) جه‌للاد : که‌س ناتووانێ ره‌خنه له کارم بگرێ. رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ ****** ده‌بم. 4 (تۆ‌و تین – چانگ دێته ژووره‌وه) تۆ‌و : من تۆوتین – چانگم. سێزده ساڵ له‌مه‌و به‌ر " توان – یون" ی کچم به‌جێ هێشت. بۆ به‌شداری کردن له ئه‌زمونه‌کاندا چوو بووم بۆ پایته‌خت و ئێستا راوێژکه‌رێکی حقوقم. چون به تووان و وردبین و به‌شه‌ره‌فم ، ئیمپڕاتوور کردوومیه به به‌رپرسی لێ‌کۆڵینه‌ری ناوچه‌ی " چۆمی هووایی". له‌م شار بۆ ئه‌و شار ده‌چم و چون خاوه‌نی شمشێری عه‌داڵه‌ت و پشتوێنی ئاڵتونم ، مافی ئه‌وه‌م هه‌یه که کاربه‌ده‌ست و به‌رپرسه ناڕێکه‌کانی ده‌وڵه‌ت ته‌مێ بکه‌م بێ ئه‌وه‌ی که پێویست بێ به سه‌رتر له خۆم راپۆرت بده‌م. دڵم بووه به دوو لایه‌نی به‌ختیاری و ئازار. به‌ختیارم چون کاربه‌ده‌ستی هه‌ره پله به‌رزی ده‌وڵه‌ت و به‌رپرسی دامه‌زراندنی عه‌داڵه‌تم. پڕ له ئازارم چون کاتێ که " توان- یون" حه‌وت ساڵان بوو سپاردمه ده‌س خانمی تسای و کاتێ بوومه کاربه‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت ویستم هه‌و‌اڵێکیان لێ بپرسم هاوسێ‌کانیان ووتیان گۆزایانه‌ته‌وه- یانی ئێستا هان له کوێ؟ هیچکه‌س نه‌یده‌زانی. ئه‌وه‌ن بۆ کچه‌که‌م گریاوم چاوه‌کانم سۆمایان نه‌ماوه. ئێستا له ناوچه‌ی " چۆمی هووایی" دام و له خۆ پرسیار ده‌که‌م بۆ چ سێ ساڵه له‌م ناوچه‌یه‌دا باران نه‌بارییوه. رۆڵه من ده‌چم پشووێک بده‌م به کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت بڵێ ئه‌مڕۆ سه‌ر و دڵم نه‌گرن. سبه‌ینێ زوو ده‌یانبینم. خزمه‌تکار: ( روو له ده‌ره‌وه هاوار ده‌کات) به‌رپرس و کاربه‌ده‌سته‌کانی ده‌وڵه‌ت ئه‌مڕۆ ناتووانن گه‌وره‌م ببینن و به خزمه‌تی بگه‌ن. سبه‌ینێ وه‌رن بۆ خزمه‌تی. تۆ‌و : به گشت نووسه‌ره‌کان بڵێ که گشت په‌روه‌نده‌کانیانم بۆ بهێنن. ئه‌مشه‌و چه‌ند دانه‌یه‌کیان ده‌خوێنمه‌وه( خزمه‌تکار باووشێ په‌روه‌نده دێنێ) چراکه هه‌ڵکه و پاشان بڕۆ راکشێ. زۆر ماندوی. هه‌ر کاتێ ویستم بانگت ده‌که‌م( خزمه‌تکار چراکه هه‌ڵده‌کات و ده‌ڕوات) ئێستا خه‌ریک بم چاکه. ئه‌م یه‌که په‌روه‌نده‌ی تۆونگۆیه که خه‌زوری خۆی ده‌رمان خوارد کردووه، سه‌یره ناوی تاوانبار وه‌ک ناوی من ده‌چێ. کوشتنی خه‌زور تاوانێکی قورس و گرانه نابێ که‌س لێ‌ی خۆش بێ. ئاخۆ بنه‌ماڵه‌ی من که‌سێکی تیا بووه که قه‌تڵ‌که‌ر بێ؟ به‌ر چۆنێ بێ حوکمی خۆی وه‌رگرتووه کارێکم پێ‌ی نه‌داوه. ئه‌م په‌روه‌نده‌یه ده‌نێمه ژێره‌وه و خه‌ریکی په‌روه‌نده‌کانی تر ده‌بم. ئاخ! هه‌ست به ماندوویی ده‌که‌م. پیر بووم. سه‌فه‌ریش ئه‌ونده‌ی‌تر ماندووی کردووم. هه‌ر لێره چاوێکی بۆ گه‌رم ده‌که‌م. ( ده‌نوێ، تاپۆی به‌ژنی تۆونگۆ خۆ ده‌نوێنێ) تۆونگۆ: له دنیای خاکا رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ تێپه‌ڕ ده‌بێ و من هه‌ر ته‌مایه‌ری تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌م. به ئه‌سپایی خۆ ده‌نوێنم و پاشان به تووفانی با ده‌بوژێمه‌وه، به‌په‌له دێم و چارشێوی مژم ئاڵاندووه‌ته خۆ. ( ده‌ڕوانیته ئه‌م لا و لای خۆی) رێگره‌کان رێگام ده‌گرن. من کچی راوێژکار " تۆ‌و" م و زاڵمانه کوژراوم به‌ڵام باوکم به‌م کاره‌ساته نازانێ و هه‌ر بۆ ئه‌مه‌یش هاتوومه‌ته خه‌ونی( ده‌گری) تۆ‌و : ( به گریانه‌وه) توان – یون، رۆڵه‌م ، له کوێ بووی؟ ( تارمایی تۆونگۆ دوور ده‌که‌وێته‌وه و تۆ‌و خه‌وه‌ری ده‌بێته‌وه) سه‌یره! خه‌وم لێ که‌وت و به خه‌ون کچه‌که‌مم دی که به‌ره‌ولام دێ...ئێستا ئه‌و له کوێ‌یه؟ وا باشه خه‌ریکی په‌روه‌نده‌کان بم( تارمایی تۆونگۆ دێت و چراکه ده‌کوژێنێته‌وه) سه‌یره تا ویستم په‌روه‌نده‌یه‌ک بخوێنمه‌وه چراکه کوژایه‌وه. خزمه‌تکار نووستوه. ئه‌بێ فتێڵه‌که‌ی ببڕم ( چراکه دروست ده‌کات. تارمایی تۆونگۆ له‌م کاته‌دا په‌روه‌نده‌که‌ی خۆی ده‌ردێنێ و ده‌یخاته سه‌ر گشتیانۆ) ئێستا چاکه. با بزانم ئه‌مه سه‌باره‌ت به تۆونگۆی قه‌تڵ‌که‌ره که خه‌زوری خۆی ده‌رمان خوارد کردووه. زۆر سه‌یره! من هه‌ر ئێستا چاوم له‌م په‌روه‌نده کرد و نامه ژێر گشت په‌روه‌نده‌کانۆ. چۆن هاته سه‌ر گشتیانۆ؟ ئه‌مه حوکمی خۆی وه‌رگرتووه. که وایه ده‌ینێمه ژێره‌وه و خه‌ریکی په‌روه‌نده‌یه‌کی‌تر ده‌بم ( دیسان تارمایی تۆونگۆ چراکه داده‌کێشێ) سه‌یره! بۆ دیسان گڕی چراکه وای لێهات؟ ئه‌بێ دیسان فتێڵه‌که‌ی بقرتێنم. (خه‌ریکی دروست کردنی چراکه ده‌بێ ، تارمایی تۆونگۆ دیسان په‌روه‌نده‌که ده‌خاته سه‌ره‌وه) ئێستا زۆر چاکه. خه‌ریکی په‌روه‌نده‌یه‌کی‌تر ده‌بم " ئه‌مه په‌روه‌نده‌ی تۆونگۆی قه‌تڵ‌که‌ره که خه‌زوری خۆی ده‌رمان خوارد کردووه" دڵنیام که ئه‌م په‌روه‌نده‌م ناژێر گست په‌روه‌نده‌کانۆ. ئه‌ویش دروست پێش له چاک کردنی چراکه . چۆن هاته سه‌ر گشتیانۆ؟ بڵێ‌ی رۆح و شتی وا له‌م ژووره‌دا نه‌بێ؟ یا هه‌یه یان نییه به‌ڵام پێم وابی له حه‌ق ***** کراوه. ده‌ینێمه ژێر گشتیانۆ و خه‌ریکی یه‌کێکی‌تر ده‌بم ( تارمایی تۆونگۆ دیسان چراکه داده‌کێشێ) زۆر سه‌یره! دیسان چراکه گڕی فه‌وتا! تۆ بڵێ‌ی تارماییه‌ک چراکه ده‌سکاری نه‌کات؟ دیسان دروستی ده‌که‌مه‌وه.( خه‌ریکی چاک کردنی چراکه ده‌بێ ، تارمایی تۆونگۆ دێته‌وه و ئه‌و تارماییه‌که ده‌بینێ و به شمشێره‌که‌ی ده‌دا به سه‌ر مێزه‌که‌دا) ئاگاداری خۆت به تارمایی! من راوێژکاری سه‌ره‌کی عه‌داڵه‌تی ئێمپڕاتورم. ئه‌گه‌ر بیته پێشه‌وه به‌م شمشێره دوو قرتت ده‌که‌م. هۆی! کوڕه چۆن ده‌تووانی وه‌ها کڕ خه‌و بی. زوو بکه هه‌سته. رۆح ... رۆح...ترسناکه! تۆونگۆ: له ترسا عه‌قڵی خۆت له ده‌ست داوه. فرمێسکه‌کانم وه‌ها ئه‌ویان ترساندووه که هه‌رگیز به درێژه‌ی ته‌مه‌نی وه‌ها نه‌ترساوه. تۆوتین – چانگ. باووکی پیرم، ئاخۆ ئیزن ده‌ده‌ی که کچه‌که‌ت تۆونگۆ کڕنۆشت بکات؟ تۆ‌و : تۆ ووتت که کچی منی و ئه‌ته‌وێ وه‌ک کچه‌که‌م کڕنۆشم بۆ بکه‌ی. ئاخۆ به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووی؟ ناوی کچی من " توان – یون" ه له حه‌وت ساڵانا سپاردمه ده‌س خانمی تسای که بڕیار وا بوو ببێ به خه‌سووی کچه‌که‌م. تۆ ناوێکی‌ترت هه‌یه، تۆونگۆ، ئاخۆ به راستی چۆن ده‌تووانی کچی من بی؟ تۆونگۆ: باوکه ، کاتێ منت سپارده ده‌س ئه‌و ، ئه‌و ناوی منی گۆڕا. تۆ‌و : یانی تۆ توان – یونی کچی منی؟ که وایه پرسیارێکت لێده‌که‌م. ئاخۆ تۆ هه‌ر ئه‌و ژنه‌ی که به تاوانی ده‌رمان خوارد کردنی خه‌زوری کوژرایه‌وه؟ تۆونگۆ: من هه‌ر ئه‌و ژنه‌م. تۆ‌و : به‌داخه‌وه رۆڵه‌م، ئه‌وه‌ن بۆت گریاوم که چاوه‌کانم سۆمایان نه‌ماوه، ئه‌وه‌ن خه‌فه‌تباری حاڵی تۆ بووم که موی له‌شم گشت سپی بوو. چۆن مومکینه تاوانت کرد بێ ، ئه‌ویش تاوانێکی وه‌ها قورس و گران؟ من ئێستا کاربه‌ده‌ستی هه‌ره‌پله به‌رزی ده‌وڵه‌تم و به‌رپرسم که ئاگاداری به‌جێ هێنانی دروستی عه‌داڵه‌ت بم. هاتووم بۆ ئه‌م ناوچه تاکو په‌روه‌نده‌کان بخوێنمه‌وه و کاربه‌ده‌سته ناحه‌زه‌کانی ده‌وڵه‌ت بناسم. تۆ جگه‌رگۆشه‌ی منی، به‌ڵام گه‌وره‌ترین تاوانت کردووه. ئه‌گه‌ر نه‌تووانم عادڵانه کرده‌وه‌کانی تۆ هه‌ڵسه‌نگێنم چۆن ده‌تووانم چاودێری خه‌ڵکی‌تر بکه‌م؟ کاتێ تۆم به‌و بێوه‌ژنه سپارد تا شوو به کوڕه‌که‌ی بکه‌ی، هیوادار بووم سێ ئه‌رکی سه‌ر شانت و چوار نیشانه‌ی ره‌وشتی به‌رز به‌جێ بهێنی. سێ ئه‌رکه‌که‌ت بریتی بوون له به‌گوێره‌ی باووک پێس له زه‌ماوه‌ند و له‌سه‌رده‌می کچیه‌تیتا، به‌گوێره کردنی شووه‌که‌ت پاش شووکردنت و به‌گوێره کردنی کوڕه‌که‌ت پاش مردنی مێرده‌که‌ت، هه‌ر وه‌ها ئه‌و چوار نیشانه‌یش بریتی بوون له خزمه‌ت کردنی خه‌سوو و خه‌زوره، قه‌یر گرتن له مێرده‌که‌ت. هه‌ڵس و که‌وتی خوشکانه له‌گه‌ڵ خوشکی مێرده‌که‌ت و رێز دانان بۆ هاوسێ و دراوسێ. ئه‌رکه‌کانی خۆت به‌جێ نه‌هێناوه و گه‌وره‌ترین تاوانیشت کردووه! ووته‌ی باوباپیرانمانه که ده‌ڵێن : پێش له‌وه‌ی باز ده‌ی تماشای به‌رپای خۆت بکه ئه‌گینا پاش‌گه‌ز ده‌بیته‌وه. سێ وه‌چه‌یه هیچ کوڕێک له بنه‌ماڵه‌ی ئێمه دژ به یاسا نه‌جوڵاوه‌ته‌وه. پێنج وه‌چه‌یه هیچ کوڕێک له بنه‌ماڵه‌ی ئێمه دوو شووی نه‌کردووه. تۆ له ده‌ستت ئه‌هات زۆر باش بیت به‌ڵام گه‌وره‌ترین تاوانت کردووه، ئابڕووی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ت بردووه. گشت شتێکم بۆ باس بکه، راسته‌قینه‌م ئه‌وێ، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ووشه‌یه‌کی درۆ له زارت بتکێت هه‌رگیز لێت خۆش نابم باهه‌تا دنیا دنیایه رۆحت نه‌حه‌سێته‌وه. تۆونگۆ: باوه، وه‌ها رقت هه‌ڵنه‌ستێ و به‌م شێوه هه‌ڕه‌شه‌م لێ مه‌که، راوه‌سته با گشت کاره‌ساتێکت بۆ بگێڕمه‌وه. کاتێ له حه‌وت ساڵاندا منت سپارده ده‌س خانمی تسای ، خانمی تسای ناوی نام تۆونگۆ و له حه‌فده ساڵه‌ییدا بوومه بووکی خانمی تسای و شووم به کوڕه‌که‌ی کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه پاش دوو ساڵ مێرده‌که‌م مرد و من بوومه بێوه‌ژن و له‌گه‌ڵ خانمی تسای‌دا پێکه‌وه ده‌ژیاین، له چوچودا دوکتورێک به ناوی لو بیست هوان به خه‌سووم قه‌رزدار بوو و نه‌یده‌داوه. رۆژێک خه‌سووم ده‌چێ پاره‌که وه‌رگرێته‌وه دوکتور لو ده‌یباته شوێنێکی دوور له شار و ئه‌یه‌وێ بیخنێکنێ به‌ڵام سینگ چانگ و باوکه پیره‌که‌ی رزگاری ده‌که‌ن. پاشان که ده‌زانن ته‌نیا بووکێکی بێوه‌ژنی هه‌یه ئه‌یانه‌وێ ئه‌و شوو به باوکه بکات و منی بووکیشی شوو به سینگ بکه‌م. خه‌سووم قه‌بووڵی ناکات و ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌که‌ن که ئه‌گه‌ر شوو به چانگی پیر نه‌کات ده‌یخنکێنن و ئه‌ویش ده‌ترسێ و شوو به چانگ ده‌کات به‌ڵام من ملم نه‌دا و شووم نه‌کرده‌وه رۆژێک خه‌سووم نه‌خۆش بوو داوای ئاو وگۆشتی کرد بۆم لێنا و سینگ کمێکی لێ چه‌شت و ووتی بێ تامه و منی نارد بۆ دوای خوێدا و تا من چووم خوێ بێنم ژه‌هری کرده ناوچێشته‌که به‌و نیازه‌ی که خه‌سووم بمرێ و من ناچار بم شوو به‌و بکه‌م. به‌ڵام خه‌سووم داوای له چانگ کرد که ئه‌وه‌ڵ ئه‌و بیخوات و چانگ خواردی و مرد. ئه‌وسا سینگ ووتی: تۆونگۆ، تۆ بووکمت نه‌رمانخوارد کرد. ئه‌ته‌وێ بت‌به‌مه دادگا و شکاتت لێ بکه‌م یا خۆ شووم پێده‌که‌ی؟ منیش ووتم ئه‌سپێ ناتووانێ دوو زینی بێ و من شوو ناکه‌مه‌وه و شوو کردنه‌وه له بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا نه‌بووه و نییه. من تاوانێکم نه‌کردووه و دێم بۆ دادگا. له دادگا پرسیار له شوێن پرسیار و ئه‌نجام کوته‌ک و ئازار. من رازی به مردن بووم و مردنم لا خۆشتر بوو له‌وه‌ی که درۆ بکه‌م و به درۆ ، تاوانه‌که بگرمه ئه‌ستۆ. قازیی که دیتی وه‌هایه فرمانی دا بده‌ن له خه‌سووم و منیش دیتم که خه‌سووم پیره و له‌جێ‌ی ئه‌وه‌دا نییه که له‌شی ونجر ونجر بکه‌ن به درۆ تاوانه‌که‌م گرته ئه‌ستۆ. پاشان ئاڵایه‌کی بچووکی سپیم ویست و سوێندم خوارد که ئه‌گه‌ر بێ تاوان بم تکێ خوێنم نارژێته سه‌ر عه‌رز و به ئاڵاکه‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و هه‌ر وه‌ها ووتم هه‌رچه‌ند له چله‌ی هاویناین به‌ڵام سێ بنگووس به‌فر له‌شی به گیانم ده‌شارێته‌وه و پاشان رامگه‌یاند که له‌م ناوچه‌دا سێ ساڵ باران نابارێت و ده‌بێته قات و قڕی و هه‌موو ووته‌کانم هاته دی. من بێ تاوان بووم. کچی تۆ قه‌تڵی نه‌کردووه به‌ڵام تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره بووه: چونکا نه‌یهێشتا فریوی بده‌ن مه‌حکومیان کرد. ئێستایس تۆ هه‌موو کارێکت له‌ده‌س دێ. په‌روه‌نده‌که بخوێنه‌رۆ و باش لی ورد به‌ره‌وه و تۆڵه‌ی خوێنی به ناحه‌ق رژاوم بسێنه‌وه. تۆ‌و : ( ده‌گری و به‌گریانه‌وه) ئه‌ی رۆڵه‌ی به ناحه‌ق کوژراوم. دڵم برژا. پرسیارێکت لێده‌که‌م: ووتت له‌به‌ر ئه‌و زوڵمه‌ی که ده‌رحه‌ق بۆ تۆ کراوه ئه‌م ناوچه سێ ساڵه تووشی قات و قڕی هاتوو؟ تۆونگۆ: وایه تۆ‌و : زۆر چاکه، ئه‌مه ئه‌و کاره‌ساته‌م به بیر ئه‌هێنێته‌وه که له چاخی پاشایه‌تی کۆنی " هاندا" رووی دابوو. خه‌سووی بێوه‌ژنێک خۆی له دار ده‌دات و دشی بێوه‌ژنه‌که، بوختان ئه‌کا بۆ بیوه‌ژنه‌که که گوایه ئه‌و خه‌سووه‌که‌ی له دار داوه. ده‌وڵه‌تی " تونگنگۆ" بێوه‌ژنه‌که‌ی مه‌حکوم به مردن کرد به‌ڵام ئاسمان له داخی ئه‌م زوڵمه تاسێ ساڵ نه‌باری و کاتێ سه‌ره‌کی به‌ڕێز " ێوۆو" بۆ لێکۆڵینه‌وه رێ‌ی که‌وته ئه‌وێ تاپۆی بێوه‌ژنی هه‌ژاری دی که به گریان نووسراوه‌یه‌کی دا به سه‌ره‌ک و کاتێ ئه‌و به‌ڕێزه حوکمه‌که‌ی گۆڕی و کایه‌کیان بۆ بێوه‌ژن کرد به قوربانی باران باریی. وه‌ک کاره‌ساتی تۆ ده‌چێ. سبه‌ینێ حوکمه‌که‌ت ده‌گۆڕم و به سه‌ری سپیه‌وه کڕنۆش بۆ بی تاوانێ ده‌به‌م که زاڵمانه کوژراوه. ئێستایش به‌یان نزیکه. چاکتر وه‌هایه بڕۆی. سبه‌ینێ ئه‌م حوکمه زاڵمانه ده‌گۆڕم. تۆونگۆ: ( سه‌ری داده‌نه‌وێنێ) شمشێری عه‌داڵه‌ت و پشتوێنی ئاڵتون شیاوته و له بۆ خزمه‌ت به خه‌ڵک دژ به زاڵم و ده‌غه‌ڵه‌کان راوه‌سته و تیایانا به‌ره( ده‌ڕوات ، ده‌گه‌ڕێته‌وه) باوکه ، خه‌ریک بوو فه‌رامۆش بکه‌م. خه‌سووم زۆر پیره و که‌سی نییه ئاگاداری بێت. تۆ‌و : کچم، تۆ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆت به‌جێ هێناوه. تۆونگۆ: داوام له باوکم کرد که ئاگاداری خه‌سووم بێت ( ده‌ڕوات) تۆ‌و : رۆژۆ بووه. ته‌واوی کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت و گشت ئه‌و که‌سانه‌ی که پێوه‌ندییان به کاره‌ساتی تۆونگۆ وه بووه بێنن بۆ ئێره. خزمه‌تکار: به چاوان گه‌وره‌م.( قازیی و تسای و سینگ و دوکتور لو دێنه ژووره‌وه و له‌به‌رده‌م تۆودا چۆک ده‌نێنه عه‌رز) تۆ‌و : خانمی تسای، ئاخۆ نامناسیته‌وه؟ تسای : نا. گه‌وره‌م. تۆ‌و : من تۆوتین- چانگم. گشتتان گوێ بۆ رام راگرن. سینگ باوکی خۆی کوشتووه و کاری ناپه‌سه‌ندی ئه‌و بووه به هۆی قات و قڕی و سێ ساڵ ئازار و ره‌نجی گشت خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه. له‌به‌ر چاو خه‌ڵکدا ده‌کوژرێته‌وه. بیبه‌ن. قازیی حوکمی زاڵمانه‌ی داوه سه‌د قامچی ده‌خوات و له کاری ده‌وڵه‌ت ده‌رده‌کرێ. دوکتور لو ویستوویه بێوه‌ژنێ بخنکێنێ و پاشانیش ژه‌هره‌که‌ی به سینگ فرۆشتووه ئه‌ویش ده‌بێ بکوژرێ. خانمی تسای ده‌بێته ده‌سه‌ڵات داری ماڵی من. حوکمی تۆونگۆ پوچ ده‌بێته‌وه. ئێستایش گایه‌ک بکه‌ن به قوربانی با هه‌م رۆحی کچه‌که‌م رزگاری بێت و هه‌م قات و قڕی له وڵات نه‌مێنێ.
کۆتایی |